ئەنفلوەنزای هەڵبژاردن و ئەنفلو

ئەنفلوەنزای هەڵبژاردن و ئەنفلو
لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی كوردستان وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانی دەستنیشانكرد.

كەس نكۆڵی لە بایەخی ئەو هەڵبژاردنە ناكات، بەتایبەتی لە كەشێكی جیاواز و هەستیاردا ئەنجام دەدرێ و هەر لیستێكی بەشداربووی هەڵبژاردنەكەش خەریكی خۆئامادەكردنە بۆ ئەوەی سەنگی جەماوەری خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی كورد نیشان بدات، كەسیش نییە بڵێ من لەگەڵ ئەوەدا كۆك نیم كەبەر لەدەستنیشانكردنی وادەی هەڵبژاردن، چەند رۆژنامە و گۆڤار و سایتێك دەستیان بە پروپاگەندەی هەڵبژاردن كرد، دواتریش كێرڤی ئەو پروپاگەندەیە هاتە خوار و سەیرەكەش لەوەدایە! ئەوانەی ئەو پرۆپاگەندەیان دەكرد ئەو رۆژنامە و گۆڤار و سایتانە بوون كە خۆیان بە ئازاد دەزانن، لەمەشدا رووی راستەقینەی خۆیان بەدەرخست و هەر مرۆییەكی ئاسایی ئەگەر موتابەعەی ئەو نووسینانەی كردبێ دەزانێ كە ئەو نووسینانە لە چ سەرچاوەیەكەوە هەڵدەقوڵان و چۆن هەوڵیان دەدا بەو نووسینانەیان خەڵك بە هەڵە ببەن و چەواشەیان بكەن و نائومێدی لەدڵی هاووڵاتیان بچێنن، وەك بڵاوكردنەوەی زانیاری نادروست و بێ بنەما و دروستكردنی گومان لەلای خەڵكی، كە گوایە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەر وەكو هەڵبژاردنەكانی پێشوو تەزویر و ساختەیان تیا دەكەوێ، یان ئەمەریكا لەسەركردایەتی ئێستای كورد ناڕازییە و گەیشتۆتە رادەی نیگەرانی، بۆیە نیازی وایە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە هەرێمی كوردستان بكات و بۆ ئەنجامدانی ئەو مەبەستەش پشتگیری لە فڵانە لیست دەكات و بە هەموو قورساییەكی خۆیەوە هاریكاری دەكات، ئەمە و چەند زانیارییەكی تر كە هەر هەموویان دەچنە خانەی چەواشەكاری، تاكار گەیشتە ئەو رادەیەی خەڵكانێك بەناوی چەند گرووپەوە نامە ئاراستەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و نوری مالیكی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكەن و داوا لە ئۆباما بكەن كە رێ نەدا تەزویر و ساختەكاری لەو پرۆسەیەدا بكرێ، یانیش نوری مالیكی پۆلیس و سەربازی حكومەتی ناوەندی بنێرێ بۆ ئەوەی ئەمنیەتی هەرێم بپارێزن.

من یەك پرسیار لەو میدیایانە دەكەم و دەڵێم: ئایا نوری مالیكی هی ئەوەیە ئێوە پشتی پێ ببەستن تا ئەو داواكارییەی لێ بكەن؟ هەموومان دەزانین هەڵوێستی مالیكی بەرامبەر بە مافە رەواكانی گەلی كوردستان چۆنە و چۆنیش ئێستا هێزێكی وەكو فیرقەی 12ی هێناوەتە كەركووك بۆ ئەوەی ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێك بگۆڕێ كە لەو پارێزگایەدا ئەنجام دەدرێ.
ئایا لە رووی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان پەنا بردنە بەر كەسانێكی وا هەنگاوێكی دروستە؟ ئەگەر دروستە كەواتە بۆ گلەیی لەو خەڵكانە دەكەن كە كاتی خۆی لەگەڵ سەددام كاریان دەكرد؟بۆ هەر لە ئێستاوە ئەو هەڵبژادرنە بە هەڵبژادنێكی ناشەفاف لەقەڵەم دەدەن و بەمەش خزمەتی ئەو رەوتە دەكەن كە دژایەتی گەلی كوردستان دەكات، وەك ئەوەی كە لە پارێزگای نەینەوا روویدا و تائێستا چارەسەر نەكراوە، سەنگی هەر تاكێكی كورد لەناو میللەتەكەی خۆی قوڕسە، نەك لەلای ئەو كەسانەی كە ئیدیعای عروبایەتی دەكەن، ئەمڕۆ بۆكارێكی وا هەندێ لایەن ئیستغلال دەكرێن و سبەش پشتیان لێ دەكرێ، ئایا ئەو كەسانە حیسابی ئەوەیان كردووە كە سبەی رۆژ بەرامبەر ئەو كارەیان بە چ روویەك سەیری میللەتەكەیان دەكەن؟
میدیا هەیە هەواڵی وای بڵاوكردۆتەوە كە گوایە زۆربەی خەڵكی فڵانە شار دەنگ بە فڵانە لیست دەدەن، یان لەو هەڵبژاردنەدا ئەستێرەی بەختی پارتی و یەكێتی دەكوژێتەوە..! یانیش بارودۆخی ناوەكی و ئیقلیمی و جیهانی وا گۆڕاوە لە قازانجی معارەزە هەیە كە ئەوانیش دەنگ بەو دوو حزبە نادەن و گوایە بەپێی راستییە فەرمییەكانیش كە لەلایەن ئەمەریكییەكانیشەوە كراوە دەردەكەوێ هەر دوو حزب دەیدۆڕێنن و تەنیا شتێك هەبێ پشتی خۆیانی پێ ببەستن تەزویركردن و بەشداری نەكردنی خەڵكە بۆ ئەوەی بۆشاییەكانیان پڕ بكەنەوە. هەتا یەكێك وای بڵاوكردۆتەوە كە گوایە لە هەموو حزبەكان نیگەرانتر لەو هەڵبژاردنە پارتییە و واش شی دەكاتەوە كە ئێستا پارتی لە كوردستان دەسەڵاتی یەكەمی هەیە و ئەمجارەش دۆڕاوی سەرەكی دەبێت.

من پێم سەیرە كە میدیایەك یان نووسەرێك پێشوەخت بڕیار لەسەر ئەنجامی هەڵبژادرنەكە بدات، ئایا ئەمە ناچێتە خانەی چەواشەكردنی خەڵك، باشە ئەو داتایانە چین كە ئەو میدیایانە یان ئەو نووسەرانە پشتی خۆیانی پێ دەبەستن تا بێن و هەواڵی وا بڵاوبكەنەوە؟ جوامێرێك لە نووسینێكیدا دەڵێ: تائێستا خەڵكی وای زانیوە ئەمەریكا و باری نێودەوڵەتی لە پشت ئەو دوو حزبەیە، بەڵام ئێستا دەركەوت وا نییە و معارەزەش نەیتوانیوە تەواوی ئەو هەقیقەتە بگەیەنێتە خەڵكی سادە...!
من نازانم ئەو خەڵكە معاریزانە كێن كە نووسەر ناویان بە معارەزە دەبات؟ ئایا هەر ئەو معارەزانە بەشێك نەبوون لە دەسەڵات ؟ بۆ كاتێ لە دەسەڵات بوون نقەیان نەدەكرد و ئێستا دەستیان بەو نقەیە كردووە، بەڵام پاش چی، پاش ئەوەی لە دەسەڵات دەرچوون؟ بۆ ئاگاداری ئەو نووسەرە و نووسەرانی تر تاكە تێبینیەكی ئەمەریكا یان هەر لایەنێكی دیكەی نێودەوڵەتی ئەگەر لەسەر سەركردایەتی كوردی هەبێ پێداگیریەتی لەسەر كوردستانیەتی كەركووك و دەڤەرەكانی دیكە و جێبەجێكردنی تەواوی ماددەی(140)ە. ئایا هەڵوێستێكی وا دەبێ پشتگیری لێ بكرێ یان دژایەتی بكرێ، ئەگەر تۆ كوردی دەبێ شانازی بەو جۆرە هەڵوێستە بكەیت، نەك بانگەشەی ئەوە بكەیت كە معارەزە نەیتوانیوە ئەوە بۆخۆی ئیستغلال بكات..!
میدیا هەیە كە خۆی بە ئازاد دەزانێ دەڵێ: پێش ئەوەی وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێ پارتی و یەكێتی دەستیان بە شاڵاوی راگەیاندن كردووە.

ئیتر ئەو میدیایە لە خۆی ناپرسێ كەكێ بەفیعلی دەستی بەشاڵاو كردووە؟ ئایا پارتی و یەكێتی یان لایەنێكی دیكە؟ مانشێت و هەواڵەكانی ئەو لایەنە رۆژانە دەخوێندرێن كە هەر هەموویان دەكرێ بیانخەینە چوارچێوەی شكاندنی بەرامبەر و گوایە حكومەت لە ئاست پرسی كەركووكدا هیچی نەكردووە، مەبەستیشی لە حكومەت پارتی و یەكێتییە، یان گەندەڵی تەشەنەی كردووە بەبێ ئەوەی ئاستی ئەو گەندەڵییە بە دیاری بكرێ، یانیش پارتی و یەكێتی یاری بە موقەدەراتی خەڵكی دەكەن لە دیاركردنی رۆژی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن..! حەیف و مخابن كە ئاستی نووسین و ئاستی ئەو میدیانە بگاتە ئەو رادەیە، سەركردایەتی كوردستان قەت رۆژێك لە رۆژان لە هەڵبژاردن نەترساوە و لێشی ناترسێ، ئایا هەر سەرۆك بارزانی نەبوو لە ئاداری1991 و رێك لە كۆیە بانگشەی بۆ هەڵبژاردن كرد؟ ئەوەی لە هەڵبژاردن بترسێ بانگەشەی بۆ ناكات وەك ئەوەی كە ئەمڕۆ دەیبینین.

لە راستیدا من تەنیا گلەیی لەو میدیانە ناكەم، بەڵكو گلەیی لە خاوەن ئەو ئەولایەنانەش دەكەم كە ئێستا سایت و رۆژنامە و تەلەفزیۆنیان هەیە، كە نەدەبوایە بە هیچ شێوەیەك پەنا ببەنە بەر ئەو جۆرە نووسینانە، بۆ ئاگاداری خاوەنی یەكێك لەو لایەنانە دۆستێكی منە و چەند جار بەر لە دامەزراندنی دەزگایەكەی پرسی پێكردووم كە چ باشە بیكات بۆ ئەوەی دەزگایەكەی سەركەوێ، منیش وەك دۆستێكی هەندێ پێشنیارم خستەبەر دەستی و ئەوكات زۆر بەبایەخەوە وەریگرتن، بەڵام بەداخەوە هەندێ میدیا كە خۆیان بە نزیكی ئەو دەزانن خەریكە زیان بە لایەنەكەی بگەیەنن، كە هەقە ئەو دۆستەی من ئەو بوارەیان پێ نەدا و خۆی بپارێزێ.

نەك هەر ئەوە و بەس، بەڵكو من لەگەڵ ئەو نووسینانەشدا نەبووم كە لە دژی نووسرابوون، راستە ئەو نووسینانە وەكو كاردانەوەیەك بوو بۆ ئەو نووسینانەی كە دژ بە پارتی و یەكێتی بڵاو دەكرانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەدەبووایە بەو تۆخییە بێ، ناكرێ تۆ بێی و هەموو كارە چاكەكانی حكومەت لە پێش چاوی میللەت رەش بكەیتەوە و بڵێی ئەو حكومەتە هیچی نەكردووە، من ناڵێم كەموكوڕی نییە، بەڵام كە تۆكارە خراپەكانی حكومەت بڵاو دەكەیتەوە، پێویستە كارە چاكەكانشی بڵاو بكەیتەوە، هەموو كەس دەزانێ
بەر لە راپەڕین دهۆك چۆن بوو، ئێستاش چۆنە، هەموو كەسێكیش دەزانێ هەولێر چۆن بوو، ئێستاش چۆنە، هەر وا سەبارەت بە سلێمانیش كە بەپێی زانیاریم خەریكە حكومەت پلانێكی هەمە لایەنەی بۆ دادەنێ بۆ زیاتر ئاوەدانكردنەوەی و خزمەت گەیاندن بە هاووڵاتیانی هەروەها گەرمیان كە ئێستا دوو سەد ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە .

من بەرگری لەكەس ناكەم و عادەتیشم نەبووە بەرگری لەكەس بكەم، یان ستایشی بكەم، بەڵام ئەمە هەقیقەتە و پێویستە بگوترێ.

لە كاتی شەڕی ناوخۆدا هەر هاوار هاوار بوو كە پارتی و یەكێتی پێك بێن و بە زووترین كات ئاسەواری ئەو شەڕە بسڕنەوە و رووش لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستانی بكەن، كەچی ئەمڕۆ پاش ئەو پێكهاتنە ئێستا هاوار هاواریانە كە ئەم بەیەك لیست دابەزینەی پارتی و یەكێتی تەسكردنەوەی مەوادی دیموكراتییەتە لە كوردستان.

وەرە مرۆ شێت نەبی، باشە بۆ ئەوكات واتان دەگوت و ئەمڕۆ بە پێچەوانەوە، ئەگەر مەبەستتان یەكڕیزی میللەتە، دەفەرموون چۆن دەستخۆشیتان لە هاوپەیمانێتی تر كرد، دەستخۆشی لەو هاوپەیمانییەتەش بكەن كە هەموو ئایندەی گەلی كوردستان پێی گرێدراوە، بە حوكمی ئەوەی دوو سەركردەی ناسراوی گەلەكەمان سەركردایەتی دەكەن و گشت وڵاتانی جیهانیشی مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو سەركردەیە دەكەن، باشە كە تۆ نیازی گۆڕینی ئەو دوو سەركردەیەت هەیە، خۆدەبێ حیسابیش بۆ ئەوە بكەیت كە ئەو وڵاتانە پاش ئەو سەركردەیە مامەڵە لەگەڵ كێدا دەكەن، باوەڕ ناكەم پاش ئەو سەركردەیە، كەسێك هەبێ لەسەر ئاستی جیهان بە قەت ئەو دووانە ناسراوبێ كە ئەسڵەن ئەگەر دەریشچێ ئەو وڵاتانە ئامادە نەبن مامەڵە لەگەڵیدا بكەن، كەواتە لەو بارەدا تەنیا لایەن كە زەرەرمەند دەبێ میللەتە، من حەز دەكەم هەر هاووڵاتییەكی كوردستان بەر لە نواندنی هەر هەڵوێستێك ئەم هەقیقەتە بخاتە پێش چاوی خۆی.

بابەتێكی دیكە كە دەمەوێ لەسەری بدوێم ئەو هەواڵەیە كە هەندێ لە میدیاكان بڵاویان كردبۆوە كە گوایە دوو كەس، یەكێكیان لیستێك بەناوی بارزانیانی دروستكردووە و ئەویتریان كە ئەندام مەكتەبی سیاسی حزبێكە و ئێستا لێی عاجزە، گوایە ئەویش پاش راگەیاندنی لیستەكانی بەشداربووی هەڵبژاردنەكە هەڵوێستی خۆی یەكلا دەكاتەوە.

ئەوەی راستی بێ من بەو دووعایەش ناڵێم ئامین، چونكە هەر كەسێك ئیدیعای ئەوەبكات كە ئەمە لیستی بارزانییەكانە بە هەڵەدا چووە، چونكە بارزانییەكان لەوە زۆر گەورەترن كە ئەو بێ و بەو شێوەیە بیانخاتە بەرباس، ئەرێ ئەو كەسە پێم ناڵێ تا ئێستا لە كوێ بوو؟ كەی ئەو لەگەڵ ئێش و ئازاری بارزانییەكاندا بووە؟ ئەو كە ئامادەنەبێ لە رۆژی تەنگانە لەگەڵیاندا بێ و رووبكاتە هەندەران و لێیان دابڕێ، ئیتر دەبێ بە چ چاوێك سەیری بكەن؟
بەداخەوە ئەو مەسەلەیە لە میدیاكان زۆر گەورەكراوەتەوە و زیاتر لە قەوارەی خۆی (ئەمە ئەگەر ئەو قەوارەیە بوونێكی فیعلی هەبێ) بایەخی پێدراوە، هەتا ئەو لایەنەی كە شتی وای بڵاوكردۆتەوە باش دەزانێ كە ئەو كەسە خاوەنی یەك نەفەریش نییە، بەڵام بۆ شەوشەرە و چەواشەكردنی خەڵك پەنای بۆ دەبات.

سەبارەت بە ئەندام مەكتەبە سیاسییەكەش كە دۆستێكی خۆمەوە پڕ بە دڵ خۆشم دەوێ و هەمیشە رێزێكی تایبەت لە نێوانماندا هەیە و هەردووكیشمان موتابەعەی نووسینی یەكتر دەكەین، ئەوا بەڕاشكاواییەوە دەڵێم:
من ئەگەر ئەو دۆستەی خۆم ناسیبێ قەت لەو خەتەی خۆی لانادات، چونكە سیاسەتكارە و لەو گەمانە ئاگادارە كە لە پشت پەردەكاندا ئەنجام دەدرێن و زۆر بە وردیش شارەزای واقیعی سیاسی كوردستانە و زۆر باشیش دەزانێ كە چۆن هەڵسوكەوتێكی دروست لەگەڵ ئەو واقیعیەدا بكات.

بوونی راوبۆچوونی جیاواز شتێكی ئاساییە، بەڵام نابێ ئەوە كار بكاتە سەر ئەو پڕەنسیپەی كە ساڵانێك خەباتی بۆ كراوە و خەباتی ئەو دۆستەی منیش كەس ناتوانێ نكۆلی لێ بكات و ئێستاش لەو باوەڕەدام كە هەڵوێستی هەر لەگەڵ هەڵوێستی حزبەكەی خۆیدا دەبێ.
Top