میدیای ئازاد پێویستی بە پشتگیر®

میدیای ئازاد پێویستی بە پشتگیر®
ئارامگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر رەخنەی ماس میدیا بەگشتی و میدیای ئەهلی بەتایبەتی، جێگەی دەستخۆشیە، بەڵام بەتەنها ئارامگری و فەراهەمكردنی ئازادی، بۆ ئەوەی میدیای ئازاد بتوانێت لەسەر پێی خۆی رابوەستێت بەس نییە، ماس میدیاكانی كوردستان بەگشتی و میدیای ئازاد وسەربەخۆ بەتایبەتی، بەشێكن لە پرۆسەی دیموكراتی كوردستان،پیویستمان بە هەردوو لایانە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لە رۆڵ و بایەخ وگرنگی میدیای ئازاد تێبگەن و متمانەی پێبكەن، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن بۆ بونیادنانەوەی دامەزراوەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت لە خەمدایە و هەوڵدەدات سەرنجی سەرمایەدار و وەبەرهێن وكۆمپانیاكانی بیانی بۆ كوردستان رابكێشێت، بۆئەوەی بێنە كوردستان و توانا وشارەزایی و سەرمایەكانیان لە كوردستان بخەنەگەر، دەبێت بە هەمان شێوەش زەمینەیەك برەخسێنێت، كە هاندان بێت بۆ ئەوەی ماس میدیا و میدیای ئازاد بچێتە قۆناخێكی دیكە، ماس میدیاكانی كوردستان ئەوانەی سەر بەحزبە سیاسیەكانن، هەموویان لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی كوردستانەوە یارمەتی دەدرێن، لەبەر ئەوەی تێكرای حزبە سیاسیەكانی كوردستان هەر یەك بە قەوارەی خۆی بودجەی بۆ دیاریكراوە، بەڵام جێگەی هەڵوەستە كردنە میدیای ئازاد یان ئەوانەی خۆیان بە میدیای ئەهلی ناو زەد دەكەن، بەفەرمی بودجەیەكی تایبەتیان بۆ تەرخانكراوە.
نەبوونی ئەم پشتگیریەی حكومەت بۆ میدیای ئازاد، یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكانی بونیادی دیموكراسی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی لاسەنگ كردووە، بۆیە لە ساڵیادی رۆژنامەگەری كوریدا بەپێویستی دەزانم ئەو پێشنیارە راشكاوانە بخەمە بەردەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە پشتگیری بێ مەرج لە رووی مادی و مەعنەویەوە بۆ میدیای ئازاد پێویستیەكی ئەم قۆناخەیە، ئەو هۆكارانەشی بوونە هاندەر بۆ ئەم پێشنیارە، پێویستی بونیادی دیموكراتی كوردستانە بە میدیای ئازاد كە پێش ئەوەی رۆژنامەنووسان چاودیری بەرپرسانی كوردستان و كەموكورتیەكانی حكومەتی كوردستان بكەن، چاودێری ویژدان و راستگۆیی و ووردبینی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانیەكان بكەن، بۆ ئەوەیە میدیای ئازاد بواری كاركردنی فراوانی خۆی هەموو لایەنەكانی ژیان و حكومرانی كوردستان بگرێتەوە.
لایەنێكی دیكەی گرنگی پشتگیری ماددی بێ مەرجی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ میدیای ئازاد، ئەوەیە پشتگیری بێ مەرجی حكومەت،زۆر لەپشتگیری ریكخراوە بیانیەكان و پشت بەستن بە ریكلامی بازرگانی لەم قۆناخەدا بۆ میدیای ئەهلی وسەربەخۆ باشترە، ئەمە بەو مانایە نییە میدیا پشت بە داهاتی ریكلام نەبەستێت، بەڵكو لەبەر ئەوەی بازاری ریكلام ناتوانێت داهاتی رۆژنامە دابین بكات، واتە هەرەشەی بڵاونەكردنەوەی رێكلام بەردەوامی رۆژنامەكە یان گۆڤارەكە نەخاتە مەترسیەوە، بۆیە ئێمە كە لەدەسپێكی بونیادی پرۆسەی دیموكراتیداین، دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت یەكێك لە توخمە گرنگەكانی ئەم پرۆسە دیموكراتیە میدیای ئازادە و زۆر سەركردەی نیشتمانی وەك جۆرج واشنتۆن لە بایەخی میدیای ئازاد بۆ بونیادی دیموكراتی تێگەیشتبوو، ویرای ئەوەی ئەو هەموو رەخنە توندەی دەكرایە سەری بەڵام بروای بەوەبوو، نابێت بایەخی رۆژنامەی ئازاد بكرێتە قوربانی رەخنەی نارەوای هەندێك میدیای ئازاد،بۆیە جۆرج واشنتۆن وێرای پیشاندانی ئارامگری بەرامبەر رەخنەی میدیاكان، پشتگیریشی دەكردن، لەبەر ئەوەی واشنتۆن دەیزانی میدیای ئازادیش وەك دامەزراروەكانی دیكەی پرۆسە دیموكراتیەكە لە سەرەتادایە و پێویستی بە كامڵبوون و لەسەر پێ وەستانی خۆی هەیە.
بۆ ئێستای باری میدیای ئازادیش لە كوردستان، سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە ئارامگریەكەی بەرامبەر رەخنەی میدیا ئازادەكان، هەنگاوی یەكەمی بۆ پشتگیری وكامڵبوونی میدیای ئازاد لە كوردستان هەڵگرتووە و جێگەی دەستخۆشیە، بۆیە چاوەرێی هەنگاوی دووەمیشی لێدەكەین، بۆ ئەوەی ئێمەش دڵنیابین رۆژنامەنووسە بوێر وئازادەكان لە هەموو شوێنك هەن و پاسەوانی ئازادی و بەرژەوەندی گشتی دەكەن.
Top