ئێران لە یەكەم 100 رۆژی ئۆبامادا

ئێران لە یەكەم 100 رۆژی ئۆبامادا
لە ماوەی یەكەم 100 رۆژی حوكمڕانیەكەیدا لە كۆشكی سپی، سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما چەندین گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە سەر ئاستی ناوخۆی ئەمریكاو نێودەوڵەتی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئەنجام گەیاند. زەحمەتە هەموو گۆڕانكاری و سیاسەتە تازەكانی ئۆباما لە دەقی وتارێكدا باس بكرێن و هەڵبسەنگێنرێن، بۆیە لەم نووسینەدا، رۆشناییەكی گشتی دەخەینە سەر تەنیا یەك لە گۆڕانكارییە گەورەكانی ئۆباما لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە ئەویش گۆڕینی رووەگەی سیاسەتی وڵاتەكەیەتی لە بەرامبەر ئێران و فایلە ئەتۆمییەكەی.
وەك دەزانرێت، هەر لە دەسپێكی ساڵی 1979 ەوە، بە تایبەتی لە دوای گۆرڕانە گەورەكەی سیستەمی سیاسی لە جیهاندا ساڵی 1990، دەوڵەتی ئێران یەك لە جومگە گرنگەكانی سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆنی پێكهێناوە نەك هەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵكو لە سەرتاسەری جیهانیشدا. زۆر لە سیاسەت و ناكۆكی و هەڵوێستەكانی ئەمریكا لەو سەردەمەدا، بە هەر شێوەیەك بوو بێت، جۆرە پەیوەندییەكیان بە سیاسەتی كۆشكی سپیەوە هەبووە لە بەرامبەر ئێران.
نەك هەر ئەوەندە، بگرە تاران خۆیشی لە باری خۆیەوە، رەنگدانەوەیەكی زۆری هەبووە لە سەر بەشێكی گرنگ لە رووداوە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئەگەر هەندێك بە دیققەت تەماشای ناواخنی پڕۆسە و رووداوە سیاسییەكانی ناوچەكەمان لەو بڕگە زەمەنیەدا بكەین دەبینین، ئەو رووداوو پڕۆسانە، هەمیشە جۆرێك لە رەنگدانەوەی ناكۆكییەكانی ئەمریكاو ئێرانی پێوە دیار بووە. لەم بوارەدا، رەنگە عێراق و ئەفغانستان و لوبنان و كەرتی غەززە بەرچاوترین نموونە بن.
ناكۆكییەكانی واشنتۆن وتاران لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا زنجیرەیەكی درێژ پێك دەهێنن. گرنگترین و مەترسیدارترینی ئەو زنجیرەیە فایلی ئەتۆمی و مەسەلەی تیرۆرو هەڵوێستی تاران بووە لە بەرامبەر پڕۆسەی ئاشتەوایی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان. بۆیە هەر لە دوای ساڵی 1991ەوە بە گشتی و دوای یانزەی سێپتەمبەری واشنتۆن و نیۆیۆرك بە تایبەتی و، ئینجا دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق ساڵی 2003 بە شێوەیەكی تایبەتی تر، ناكۆكیەكان هەمیشە گرژی و ناخۆشی و توندییەكی ئێجگار زۆریان بە خۆیانەوە دیوە. ئەم گرژی و ناخۆشیانەش، بەردەوام، كاریان لە بونیادی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە چ لە سەردەمی سەرۆكی پێشووتر بێل كلینتۆن و چ لە سەردەمی سەرۆكی پێشوو جۆرج دەبلیو بوش.
بەڵام، ئۆباما لە ماوەی 100 رۆژی یەكەمی دەست بەكار بوونی، گۆڕانێكی گەورەی بەسەر ئەو سیاسەتە هێناوە كە ئەویش خۆی لە چەندین گۆڕانی بنەڕەتی دەدۆزێتەوە، كاریگەرترینیان گۆڕینی سیاسەتی وڵاتەكەیەتی لە بەرامبەر ئێران لە سیاسەتی هەڕەشەی سەربازی و سزای نێودەوڵەتی و گەمارۆدان و گۆشەگیركردنی سیاسییەوە بۆ سیاسەتی دیایەلۆگ و چارەسەر كردنی كێشەكان بە شێوازی سیاسی و دیپلۆماسی. بەر لەو داهێنانە، نەك تەنیا ئەمریكا و ئێران، بەڵكو تەواوی دەوڵەتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە هۆی ناكۆكییەكانی ئەو دوو وڵاتە، تووشی قەیران و نائارامی هاتبوون. هەمیشە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ئارادا بوو. ئیسرائیل هاتبووە سەر هێڵی ناكۆكیەكە. دەوڵەتانی ئەوروپا ترسی ئەوەیان هەبوو شەڕێكی دیكە ناوچەی كەنداو بگرێتەوەو چارەنووسی تێپەڕ بوونی نەوت بە تەنگەی هورمز بكەوێتە خەتەرەوە. لەولاوە دەوڵەتانی ناوچەكە، بە تایبەتی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی، ترسێكی زۆریان گەیشتبوێ لەوەی هەر شەڕو یەخانگیرییەك لە نێوان تاران و واشنتۆن رەنگدانەوەی خراپی هەبێت بە سەر باری ناوەخۆی ئەوان. بەڵام، ئۆباما لەم بوارە ناسك و زەحمەت وئاڵۆزەدا هیوایەكی تازەی بەخشییە جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی.
ئەوەی راستی بێت، ئۆباما لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، پەیمانی ئەوەی دا بوو كە ئەگەر بگاتە كۆشكی سپی، ئەوا رووەگەی سیاسەتی وڵاتەكەی بەرامبەر بە ئێران دەگوڕێت و روو لە سیاسەتی دایەلۆگ دەكات بە مەبەستی داماڵینی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران. دواتر، كە لە هەڵبژاردن دەرچوو، زۆری نەخایاند هەمان ئەو بیرۆكە بنەڕەتییەی دووپات كردەوە. لەوەش زۆرتر، دایەلۆگ و سیاسەت و نزیك بوونەوە لە ناحەزانی ئەمریكای كردە بەردەبازێكی سەرەكی لە بواری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیدا.
راستە، ئێران بە ئیجاب پێشوازی لە بانگهێشتی دایەلۆگ كرد، بەڵام تا ئێستا، هیچی ئەوتۆی نیشان نەداوە كە ئامادەیە بە شێوازی سیاسی و دایەلۆگ كێشەكان چارەسەر بكات. بگرە لەوەتەی ئۆباما هاتۆتە كۆشكی سپی چەندین جار دووپاتی ئەوەی كردۆتەوە كە هیچ نیازێكی نییە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیوم رابگرێت. لەگەڵ ئەوەش، بانگهێشتەكەی ئۆباما جێی خۆی گرتووە.
دیارە، ئەمریكییەكان لەو بوارەدا، نەك هەر بانگیان بۆ دایەلۆگ هەڵداوە، بەڵكو چەند هەنگاوێكی پراكتیكیشیان هاویشتوە بۆ دڵنیا كردنەوەی تاران لەوەی كە بانگهێشتەكەیان بۆ تاكتیك نییە، بەڵكو بۆ چارەسەركردنی جیددیانەی ناكۆكییەكانە. لەم بوارەدا، ئەوە بوو ئۆباما هانی دەوڵەتانی ئەوروپاو یەكێتیی ئەوروپای دا تا ئەوانیش لە باری خۆیانەوە بانگی ئێران بكەن بۆ دایەلۆگ و گفتوگۆ. ئینجا، كەوتە قسەی ئەوەی كە گوایە ئامادەیە دەست لە مەرجی راگرتنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت بۆ ئاسان كردنی دایەلۆگ لەگەڵ ئێران.
دیسان تاران لە باری پراكتیكەوە هیچی ئەوتۆی نەكرد. بەڵكو بە پێچەوانەوە لە كۆنگرەی نێودەوڵەتیی (دێربن) كە بەر لە مانگێك بۆ دژایەتی كردنی رەگەزپەرستایەتی بەسترا، سەرۆكی ئێرانی مەحمودی ئەحمەد نەژاد زۆر بە توندی كەوتە وێزەی ئیسرائیل و ئەمریكاو ئەوروپا. ئەوە بوو چەندین دەوڵەت لە كۆنگرەكە كشانەوە. بەڵام ئەمریكییەكان سەر لە نوێ رایانگەیاند كە (دێربن) رێگر نییە لەبەردەم دایەلۆگ و دانوستانی سیاسی لەگەڵ تاران.
دیارە ئێران، هۆی خۆی هەیە بۆ بە دەنگەوە نەچوونی سیاسەتەكەی ئۆباما. رەنگە هەڵبژاردنی داهاتووی ئێران و ئاڵۆزییەكانی باری ناوەخۆی بە تایبەتی لە مەسەلەی ناكۆكی لە نێوان ریفۆرمخوازان و توندڕەوان، بەشێك لەو هۆیانە پێك بهێنن. دیارە ئۆبامایش ئاگاداری ئەو هۆیانەیە، بۆیە، ئەویش لە باری خۆیەوە چاوەڕێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئێران دەكات. لەگەڵ ئەوەش، ئۆباما هێشتا گەرمتر هاتۆتە پێشەوە. یەك لە نیشانەكان نواندنی رێزو حورمەت بوو بۆ ئایینی ئیسلام بە تایبەتی كاتێك سەردانی توركیای كرد. نیشانەیەكی دیكە، هێور كردنەوەی ناكۆكییەكانی واشنتۆن بوو لەگەڵ فەنزەوێللاو كوبا.
لەولاترەوە، سەر لە نوێ تاران كەوتەوە سیاسەتی كێشەنانەوە. تازەترینی ئەو كێشانەی خستیە بەردەم رەورەوەی دایەلۆگ دوو بوون: لە لایەك، پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ میسر خستە باری ئاڵۆزییەوە. لە لایەكی دیكە، رۆژنامەنووسێكی ئەمریكی بە رەچەڵەك ئێرانی (رۆكسانا سابیری) بە تۆمەتی سیخوڕی دایە دادگا. لەو بەرامبەرەدا، ئۆباما هەر دوو مەسەلەكەی نەكردە گرێ لە بەرامبەر ئێران. بگرە، لە رێگەی وەزیری دەرەوەیەوە، هیلاری كلینتن، كەوتە باسی ئەوەی كە پێویستە رێگەیەك بدۆزرێتەوە بۆ بەشداری پێكردنی ئێران لە فایلی دابین كردن و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ئەفغانستان.
بێگومان، ئۆباما هیوایەكی زۆری بەوە هەیە بەڵكو لەگەڵ ئێران بە دایەلۆگ كێشەكان چارەسەر بكات. رەنگە پێی وا بێت كە ئەگەر كێشەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بە دایەلۆگ چارەسەر كرا، ئەوا چەندین فایلی ئاڵۆزی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لە خۆڕا دەكەونە باری چارەسەر بوونەوە: فایلی لوبنان و حزبوڵلا، سوریاو ئیسرائیل و پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ فەلەستینیەكان. هێور بوونەوەی بارە گرژەكەی ئەمن و ئاسایش لە عێراق و ئەفغانستان.
هەندێك لە ناوەندە سیاسییەكان، وای لێك دەدەنەوە كە ئۆباما هیوایەكی دیكەی بە باگهێشتی دایەلۆگ هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر تاران دایەلۆگەكە رەت بكاتەوە، ئەوا رەنگە ئەمریكا بتوانێت بە ئاسانی هاوپەیمانێتیەكی نێودەوڵەتیی پان و پۆڕ لە دژی ئێران دروست بكات. لێرەدا، ئۆباما پێی وایە ئەگەر دایەلۆگ سەری نەگرت، ئەوا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رووسیاو چین و یەكێتی ئەوروپی و دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێ پەروا، پشتی ئەگەری فشارهێنانی ئابووری و سیاسی و ئینجا رەنگە سەربازیش بگرن لە دژی ئێران. جێی وەبیرهێنانەوەیە سەرۆكی پیشوو بوش یەك لە كێشە گەورەكانی لە فایلی ئێران ئەوە بوو كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیلی لێ بترازێت، لەگەڵ فشار بردن و ئەگەری سزاو هاوپەیمانێتیی سەربازی نەبوون لە دژی ئێران. ئێستا، دوای هەوڵوتەقەللاكان بۆ دایەلۆگ و چارەسەری سیاسی، ئەگەر ئێران نەیەتە پێش، ئەوا رەنگە بەشێكی كاریگەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتی ئۆباما بگرن لەم مەیدانەدا.
لە گەڵ ئەوانەش، رووگەی دایەلۆگ لە سیاسەتەكانی ئەمریكا لە بەرامبەر ئێران گۆڕانگاریەكی گەورەیە لە بونیادی سیاسەت لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی دا. بایەخی ئەو رووگەیە هەر لەوەدا نییە كە لە سەر ئاستی جیهانی و ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگیریی لێ دەكرێت، بەڵكو بە پلەی یەكەم لەوەدا یە كە لە سەر ئاستی ناوەخۆی ئەمریكایش پشتگیرییەكی زۆری لێ دەكرێت. یەك لە ناوەندە گرنگەكانی راپرسی لە ئەمریكا، بەم دواییە راپرسیەكی گەورەی رێكخست لە بارەی ئەوەی كە ئاخۆ ئەمریكییەكان چۆن دەڕواننە ئەو 100 رۆژەی ئۆباما لە كۆشكی سپی كاری كردووە. شایەنی گوتنە، راپرسییەكە پتر لە 2500 كەس بەشدارین تێدا كردووەو یەك لە ئەنجامە سەرنجراكێشەكانی ئەوەیە كە لە سەدا 75ی ئەو كەسانەی بەشداریان لە راپرسییەكەدا كردووە پێیان وایە ئۆباما، لە رێگەی سیاسەتی دایەلۆگ، هاوسەنگییەكی سەركەوتووانەو زۆر رێك و باشی لە ناو پێوانە سیاسییەكانی جیهان هێناوەتە كایەوە كە كێرڤەكەی بە قازانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو ئێران و هەموو جیهانە.
ئەمە راستە. بەڵام لەوە راستتر ئەوەیە كە دایەلۆگ یەك لایەنە نابێت، بەڵكو پێویستی بە دوو لا هەیەو پێویستی بە دوو شەریك هەیە. تا ئێستا وا پێ دەچێت، ئۆباما هەتا ئێستاش هەست بە زەحمەتی دەكات لەوەی شەریكێك بۆ خۆی لە ناو ئێران بدۆزێتەوە تا دایەلۆگەكەی لەگەڵ بەڕێوە ببات.
Top