گوڵان و چەند پەیڤێكی گوڵانی
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
یەكەم وتارم ساڵی 1972 لەرۆژنامەی (التأخی) بڵاوكرایەوە، ئیتر لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ (بێجگە لە ساڵانی 1986-1990 كە فیراری عەسكەری بووم و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ژوورێكی 3?4 مەتریدا خۆم حەشار دابوو، بێجگە لە خوشك و براكانم كەسی دیكەم نەدەدی، بێ وچان خزمەتی نەتەوەكەم كردووە، هەتا لەماوەی فیراریم و لەو ژوورەی كە خۆم حەشاردابوو، خەریكی دانانی شاكارەكەم بووم و توانیم (ئینسكلۆپیدیای ئابووری) یەكەم تەواو بكەم، كە بەیەكەم ئینسكلۆپیدیای ئابووری دادەنرێ لەمێژووی كورددا و خۆشبەختانە هەر پاش چاپكردنی لەلایەن دەزگای موكریانەوە دانەكانی لەبازاڕ نەمان و ئێستاش ماوە نا ماوە دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە داوای لەچاپدانەوەی دەكەن.
لەماوەی ژیانی سیاسی و رۆژنامەنووسی و نووسینمدا وەكو هەر مرۆیەك بێ هەڵە نەبوویمە، هەندێ جار بارەكە وای لێ دەكردم كە تووشی هەڵەبم، چۆن تووشی هەڵە نەبم كە باوكم عائیدون بوو، مامە گەورەم هەروا، چاودێرییەكی وردمان لەسەر بوو، دامەزراندن پێویستی بە تەزكییە هەبوو، 12 سەر خێزان چاویان لەدەستی من بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا هەر زوو لەو هەڵەیە خۆم رزگار كردو خۆم نەدۆڕاند، رەنگە ئەو نووسینە لەگەڵ یادی دامەزراندنی دەزگایەكی پڕ ئەزموونی وەك گوڵان زۆر نەگونجێ، بەڵام ئەوەی راستی بێ لەمێژ بوو حەزم دەكرد یادەوەری خۆم سەبارەت بە ژیانی رۆژنامەنووسیم بەتایبەت لەگوڵان بنووسم كە بەباوەڕی من گوڵان نەك هەر دەزگا بوو، بەڵكو قوتابخانەیەك بوو بۆ خۆی و توانی لەماوەیەكی كورتدا سەدان كادیر ئامادە بكات كە ئێستا بەسەر كەناڵەكانی راگەیاندندا دابەش بووینەو هەریەكەو بەپێی پێگەی خۆی خزمەت دەكات.
یەكێك لەشانازییەكانی من لەبواری نووسین و رۆژنامەوانیدا گۆڤاری گوڵان و دەزگای گوڵانە، یەكەم بەشداریم لە ژمارە (5)ی ئەو گۆڤارە بوو كە ئەوكات رۆژنامەبوو، ئەو بەشداریەشم تاساڵی 1997 بەردەوام بوو، كاتێ بە ئارەزووی خۆم دەستم لەكاركێشایەوە، كە ئەو كات زۆر ئەستەم بو بۆ كەسێكی وەكو من كە كەسی دووەمی دەزگایەكە بێ و بەڕێوەبەری ئیدارە و نووسینی گوڵانی عەرەبی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی هەفتەنامەكە بێ و دەستیش لەكاربكێشێتەوە.
ئەوكات باوەڕم وابوو كە ئەو دەست لەكاركێشانەوەیەم راست و دروستە، بەڵام رۆژگار فێری كردم كە مرۆ لەهەڵوێستی وادا پێویستە پەلە نەكات و تا دوا هەناسە بەرگری لە پرەنسیپی خۆی بكات، بۆیە ئەو دەست لەكاركێشانەوەیەم بەیەكێك لەو هەڵانەی خۆم دادەنێم.
دەزگای گوڵان ئەو كات وەكو ئێستا نەبوو، دەزگایەكی گەورەو فراوان بوو، خاوەن تەلەفزیۆن و رادیۆو هەفتەنامەی گوڵان و گۆڤاری گوڵانی عەرەبی و گۆڤاری رامان و ئێوارەگوڵان بوو، راستە هەر پاش دامەزراندنی ئەو دەزگایە شەڕی ناوخۆ بەرپابوو، دەزگایەكەش بەوەش تۆمەتبار كرا كە گوایە هەڵگیرسێنەری ئەو شەڕەیە، بەڵام لەراستیدا وانەبوو، خۆ ئێستا نەك دەزگا بەڵكو چەند گۆڤارێك هەمان رێچكەی پێشووی گوڵان دەبینن، كەچی كەس بەوە تۆمەتباریان ناكات، كە گوڵانیان پێ تۆمەتبار دەكرد,
هەموو لایەنە سیاسییەكان بە پارتیشەوە حیسابێكی وردیان بۆ ئەو دەزگایە دەكرد، بەڕاستی لێی دەترسان، ئەمیش بۆ لێهاتوویی و كارامەیی و توانای كادیرە سەرەكییەكانی دەگەڕایەوە، كە قورساییەكیان دابووە دەزگایەكە، بەڵام دواتر بەداخەوە ئەو قورساییەی خۆی لەدەست دا، كە ئەمەیشیان هۆكاری خۆی هەبوو، دەزگایەكە پەرت كرا، رامان بوو بەدەزگایەك و هەروا سەبارەت بە هەفتەنامەی گوڵان و رادیۆ و تەلەفزیۆنەكەشی بوون بە دەزگایەكی تر، پاش دابڕانم لەگوڵان و دانیشتنم بۆ ماوەی یەك ساڵ و دواتر كاركردنم لەدەزگایەكی تر، ئەو پەرەسەندنە رێگر نەبوو لەوەی كە دڵم هەر لەلای گوڵان بێ، بەڵام خۆ بەزلزانینەكەم وایلێكردم كە نووسینەكانم نەنێرمە ئەو دەزگایە تا ئەوكاتەی كە براو دۆستی خۆشەویستم كاك فوئاد سدیق سەرنووسەرایەتی گۆڤارەكەی وەرگرت و ئیتر توانی قەناعەتم پێ بێنێ سەر لەنوێ نووسینەكانم لەو گۆڤارە بڵاوبكەمەوە كە شكور بۆ خوا ئێستا جێی رەزامەندی نووسەرو سیاسەتكارانەو رۆژانە ستایشی ئەو نووسینانەم دەكەن كە دواترینیان و بەر لەچەند رۆژێك ستایشی مامۆستا د. كوردستان موكریانی بوو كە گوتی بەردەوام نووسینەكانت دەخوێنمەوە، بەڕاستی قەڵەمێكی سەردەمیانەت هەیە، كە ئەمیش بۆمن شانازییەكی گەورەیە لەمامۆستایەكی گەورە، هەروا لەو رۆژانەشدا سیاسەتكارێكی گەورەی خۆمان كە نامەوێ ناوی بهێنم و سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و لەبەردەم چەند سیاسەتكارێكی گەورە گوتی: باشترین وتارم لەسەر ئەو هەڵبژاردنە خوێندبێتەوە نووسینەكەی كاك فەیسەڵ بوو، بەڕاستی كاك فوئاد سدیق توانی لەماوەیەكی كورتدا رێچكە لاوازەكەی گوڵان بگۆڕێ و بیگەیەنێتە ئەو ئاستەی كە ئەمڕۆ دەیبینین، بۆ مێژووش دەڵێم: من و كاك فوئاد لەسەنتەری برایەتی یەكترمان ناسی و بەهۆی كاركردنمانەوە لەو گۆڤارە هەستم دەكرد ئەو پیاوە خاوەن توانایەو ئەو توانایەشی زیاتر لە گۆڤاری هەولێر بۆم دەركەوت كە پێكەوە دەرمان دەكرد و شەهید فرەنسۆ هەریریش خاوەن ئیمتیازی بوو، گۆڤاری هەولێر نەك هەر گۆڤار بوو، بەڵكو وەكو ئینسكلۆپیدیایەك بوو بۆ هەولێر، بەشەونخوونی هەردوولامان و بێ بەرامبەر دەرمان دەكرد، خۆشەویستی هەولێر هەردوولامانی كۆكردبۆوە، پاش شەهیدبوونی فرەنسۆ هەریری، ماوەیەك ئەو گۆڤارە لە دەرچوونی وەستا، بەڵام بەهیمەتی شەهید شەوكەت شێخ یەزدین جارێكی دیكە دەرچوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی شەهیدبوونیەوە هەمدیسان ئەو گۆڤارە لەدەرچوون وەستاو ئێستاشی لەگەڵدا بێ كەس خۆی نەكردە ساحێب و گۆڤارەكەش تا ئەو ساتە وەستاوە و دەربارەی وەستانەكەشی چیرۆكێكی تاڵم پێیە، بەڵام نەك ئێستا بەڵكو ئەگەر خوا تەمەن درێژی كردم ئەو چیرۆكەش بۆخوێنەران دەگێڕمەوە.
گۆڤاری هەولێر شانازییەكی دیكەی منی لەكاری نووسین و رۆژنامەنووسیمدا، ئێستاش دڵم بۆی لێدەدا، بەڵام ئاخ كە چارە پارەیە.
كاتێك كاك فوئاد وەك سەرنووسەری گۆڤاری هەرێم دامەزرا، توانی ئەو گۆڤارە مردووە زیندووبكاتەوە، بۆیە كە لەگۆڤاری هەرێم تەنها لەبەر هۆیەكی شەخسی لابرا، من و كاك كاروان ئاكرەیی و سەرۆ قادر پێشنیاری ئەوەمان كرد كە ببێتە سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان، چونكە هەرسێكمان لەلێهاتوویی ئەو پیاوە دڵنیابووین و ئیتر فیعلەن توانی گۆڤارەكە بەرەو پێش بەرێت و بیگەیەنێتە ئەو ئاستە بەرزەی كە ئێستا هەیەتی و لێرەدا هەر ئەوەندەی پێدەڵێم: ئافەرین كاكە فوئاد بۆ خۆت و ستافەكەت كە توانیتان بەشەونخونی توانای خۆتانەوە ئەو سەنگە بۆ گۆڤارەكە پەیدابكەن، پیرۆزبێ ساڵیادی گوڵان لەئێوەو خوێنەرانی كوردو هەموو ئەوانەی كەرۆژێك لە رۆژان لەو گۆڤارە كاریان كردووە، كە من هەمیشە بە گوڵانییەكان ناویان دەبەم و كاتێ دەشیانبینم دڵم پێیان دەكرێتەوە، لەسەرووی هەموویانەوە كاك سەرۆ قادر وەك گوڵانییەك كە ئەو كات بەرپرسی یەكەمی دەزگا كە بوو، لەوانەیە هەندێ برادەر بڵێن، باشە تۆ شانازی بەدوو شت دەكەی، گوڵان و هەولێر، ئەی بۆ ئەو پەشیمانییە لەتەمەنی 37 ساڵەی نووسین و رۆژنامەنووسیت؟
وەڵامەكەی من بۆ ئەو برادەرانە زۆر ئاسانە، كاتێ خۆی كە دوو نووسەر رەخنەیان لەیەكتر دەگرت، ئێوارە پێكەوە لەگەڵ یەكتر لەچایخانەی مەچكۆ دادەنیشتن، رەخنەی ئەو كات وەكو ئێستا نەبوو، رەخنەكە لەچوارچێوەی دەقەكە دەرنەدەچوو، كەسیش عیلاقەی بەباری كەسێتی بەرامبەر نەبوو، بەڵام ئەو رۆژگارە وا گۆڕاوە كە مرۆ خەریكە نەك هەر لەو پیشەیەی خۆی پەشیمان ببێتەوە، بەڵكو تفیشی لێ بكات.
من نموونەیەكتان بۆ دێنم و ئیتر بەخۆتان حوكمی لەسەر بدەن: بەر لەماوەیەك كابرایەك لەسایتێكی كوردیدا نووسینێكی دژ بەمن بڵاوكردبۆوە، لەو نووسینەدا نووسیبووی كەگوایە من لەمانگی ئاداری 1988 دا و لەبەردەم سەد هەزار كەس و لەگۆڕەپانی پارێزگای هەولێر شیعرێكم بۆ سەددام خوێندۆتەوە..!
یەكەم من قەت شاعیر نەبوویمەو بەدرێژایی ژیانی خۆشم شیعرم نەخوێندۆتەوە، دووەم من هەر وەكو گوتم لە ئاداری 1986 تا 3ی ئەیلوولی 1988 فیراری عەسكەری بووم، لە 3ی ئەیلوولی 1988 خۆم تەسلیم كردەوە و دواتر هەمدیسان تا ساڵی 1990 فیرار بووم، ئیتر چۆن یەكێك فیرار بێ و دەوێرێ لەماڵ دەربچێ و شیعریش بۆ سەددام بخوێنێتەوە؟
كابرایەكی تر نووسیبووی : باوكی فەیسڵ دەباغ كە ئەو كاتەی موختاری دۆلارەوە بوو 37 بارزانی بەكوشت داوە..!
یەكەم باوكی من پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، هەر لەساڵی 1963 تا ساڵی 1975و، قەتیش موختاری دۆلارەوە نەبووە، دۆلاراوەش ئەو كات تەنها دوو ماڵە بارزانی تێدابووە، كە یەكەمیان ماڵی مولازم حەسەن و ئەویتریان نەبی ئاغا، ئیتر چۆن ئەو هەموو بارزانییەی بەكوشتداوە، ئایا بارزانییەكان ئەوانەی كە لێرە مابوون و خەریكی كرێكاری و كاری كشتوكاڵی بوون، دەیانتوانی خانوو لە دۆلاراوە بەكرێ بگرن؟ بۆ ئاگاداری باوكم هەتا ئەو كاتەی كە موختاری شۆڕش بووە هەمیشە خەڵكی پاراستووەو دوو خانەوادە بارزانیشی بەخێو كردووەو لەسەر ئەركی خۆشی منداڵەكانیان ناردۆتە مەكتەب كە ئێستا هەندێكان پلەو پایەیان هەیە و وەكو وەفایەك تا ئێستا سەردانی دەكەن و بەناوی( بابە)ش ناوی دەبەن، هەروا كابرایەكی تر جارێكیان شەهیدكردنی مامۆستا كۆچەری خستبووە پاڵ باوكم كە ئەمەشیان وەكو یەكەم هەر بوختانە، چونكە مامۆستا كۆچەر لەرووناكی شەهیدكرا و باوكم تا ئێستا نازانێ ئەو شوێنەی لە گەڕەكەكە كۆچەری پێشمەرگەی لێ شەهید بوو كەوتۆتە چ لایەكی هەولێر، كاكە رزگاری كوڕی شەهید كۆچەریش هەر پاش ئەو نووسینە، وەڵامێكی ئەو نووسینەی دایەوە كە تیایدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئەو خانەوادەكەی دەزانن كێ باوكیانی شەهیدكردووەو داواشی كردبوو كە بەخۆڕایی ناوی كەسی تر نەهێنن و هەر بەپێی نووسینەكەشی گوایە حزبی شیوعی عێراقی باش دەزانێ كە كێ باوكی شەهید كردووە، من لێرەدا سوپاسی كاكە رزگار دەكەم بۆ ئەو روونكردنەوەیەی، من هەموو ئەو كەسانە دەناسم كە ئەو جۆرە وتارانە و لەژێر ناوی وەهمیدا بڵاو دەكەنەوە و دەشزانم كێ لەپشتیانە، بەدەیان بەڵگەم لەبەردەستە كە ئەو كەسانە رابردوویان چی بووە هەر لەمەفرەزەی خاسە، هەتا دەگاتە جاشایەتی و هەروا ناوبانگی خانەوادەیان و لە كوێش پارەیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی ئەو هەموو تۆمەتانە بدەنە پاڵ من و باوكم و مەبەستیشیان لەو كارە تەنها ناو زڕاندنە، بەڵام ئەخلاقیەتی من رێم ناداتێ ئەو شتانە بڵاوبكەمەوە، چونكە ئەگەر بڵاوم كردەوە ئیتر هیچ جیاوازییەك لە نێوان من و ئەوان نامێنێ.
با شتێكی سەیرتان بۆ بگێڕمەوە: دوو نووسەر كە ناویان لێرە ناهێنم لەنووسیندا دژی یەك بوون، یەكێكیان زۆر برادەری من بوو، بەر لەماوەیەك چووە بەر دلۆڤانی خوا، رۆژێكیان برادەرێك لەرۆژنامەی (میدیا) تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی: ئێستا فڵانە كەسم لەلا بوو، نووسینێكی لەسەر برادەرەكەی تۆ هێنابوو بۆ ئەوەی بڵاوی بكەمەوە، لەو نووسینەدا لەجیاتی ئەوەی رەخنە لەو برادەرەی تۆ بگرێ و موناقەشەی بیربۆچوونەكەی بكات، نامەیەكی كچی ئەو برادەرەی تۆی هێناوە كە نامەی خۆشەویستییەو بۆ كەسێكی نووسیوەو، دەڵێ دەبێ بۆم بڵاوبكەنەوە بۆ ئەوەی حەیای فڵانە كەسی پێ ببەم..!!
توخوا پێم ناڵێن ئەمە چ رۆژگارێكە كە ئێمە تێیدا دەژین، ئایا حەقی من نییە لەو 37 ساڵەی خۆم پەشیمان ببمەوە بڵێن تف لەو پیشەیە؟ كەسانێك حكومەت بەگەندەڵ دادەنێن، كەچی هەر خۆیان پارەی لێ وەردەگرن، باشە ئەگەر حكومەت گەندەڵە بۆ پارەی لێ وەردەگرن.
بەر لە چەند رۆژێك كەناڵی KNN كابرایەكی هێنابووە سەر شاشەو بەپێخواسی كەوتبووە سەر گیانی حكومەت و گوایە وایەو وایە، كەچی هەر ئەو كابرایە بە فێڵێكی شەرعی بەر لەماوەیەك پارەی لەو حكومەتە وەرگرتبوو، كەسیش نەبوو پێی بڵێ ئەی ئەو هەموو یارمەتییە چی بوو كە تۆ لەو حكومەتە وەرتگرتووە بۆ ئاگاداری فۆتۆكۆپی ئەو پارە وەرگرتنەم لەلایە.
ئێستا پیشەی نووسین لەلای هەندێك كەس بووەتە كاری كرێگرتەیی، واتە دوو بەرپرس حەز لە یەك ناكەن، ئیتر پەنا دەبەنە بەر ئەو جۆرە نووسەرانە و پارەیان دەدەنێ تا لەسەر بەرامبەر شتی ناڕەوا بڵاو بكەنەوە، واتە لەخەیاڵی خۆیان شت دروست دەكەن و بڵاودەكەنەوە، بەپێی زانیاریم بەرپرسێك بۆ شكاندنی وەزیرێكی خۆی دەمانچەیەك و 6 ملیۆن دیناری دابووە نووسەرێكی خزمی خۆی بۆ ئەوەی لەسایتێكدا ئەو وەزیرە بەگەندەڵی و داوێنپیسی تۆمەتبار بكات و لەچاو خەڵكیدا سووك و ریسوای بكات.
مەبەستم لە هێنانەوەی ئەو هەموو نموونەیە بۆ ئەوەیە كە خوێنەر تێبگات كە نووسین لەو رۆژگارەی ئێمە گەیشتۆتە چ ئاستێكی نزم.
من رێزم بۆ هەموو ئەو گۆڤارو رۆژنامانە هەیە، كە لەژێر چەتری ئەهلی ئازادیدا دەردەچێ، هەرچەند هەندێكیان تێبینیان لەسەرە كە ئازاد و ئەهلی بێ، چونكە كەسەیری گۆڤارەكەیان دەكەیت دەبینی وەرەقەی دەرەجەیەك و مومتازیان بەكارهێناوەو دەشڵێن ئێمە پارە لە كەس وەرناگرین و نرخی فرۆشتنی گۆڤارەكەش نیوەی تێچوونیەتی ئیتر چۆن بۆی دەلوێ، گۆڤاری گوڵان كە حەوت هەزار دانەی لێ چاپ دەكرێ و هەمووشی دەفرۆشرێ و سەر بە مەكتەبی ناوەندی راگەیاندنە و گوایە سەر بەحزبێكی گەورەو گرانە تا ئێستا ناتوانێ لەرووی داراییەوە ئەو جۆرە كاغەزەی بۆ دابین بكات.
كاری رۆژنامەنووسی ئەوە نییە تۆ بێی و بڵێی كوڕی فڵانە سەركردە بەدزی باوكییەوە جگەرە