پاراستنی ئێزدییەكان لە ئەستۆی
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
بەدرێژایی مێژوو تا ئێستا زیاتر لە (72)جار رووبەرووی هەڕەشەی لەناوچوون بوونەتەوە، كە دەتوانرێ سەختترینیان بە هی سەردەمی عوسمانییەكان دابنێین كە لە عێراق حوكمڕانییان دەكرد، بەتایبەت سلێمان پاشا كە لە چیای سنجار فەرمانی لێدانی بۆ گەورەكانیان دەركرد و تەنانەت زۆریشی لێ ئیعدام كردن . بەدرێژایی مێژووش ئێزدییەكان تۆمەتی قەبەو زەبەللاحی بێ بنەمایان دراوەتە پاڵ، كە بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە هەمیشە تووشی ژیانێكی ئەستەم هاتوون.
ئێزدییەكان لە داب و نەریت و كولتووریاندا تا ئێستاش زۆر پەیڕەوی بابلییەكان دەكەن و وەك جەژنی سەری ساڵ و پیرۆزی دەریاوكانی و پشووی چوارشەموانیان و ?هتد بەڵام هەمیشە خۆیان بە كوردی رەسەن زانیوەو رۆژێك لە رۆژانیش هەڵپەی دەسەڵات گرتنەدەستیان نەكردووە و بە پێچەوانەوە ویستوویانە ئارام بژین و كەوتوونەتە پەراوێزیشەوە، ئەمەش رەنگە پەراوێز بوونەكەیان لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، كە خەریكی كاری كشتوكاڵ و زەوی و زار بوونەو لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا زۆر پێشكەوتوو نەبوونە، بە تەئكید لەمەشیان دەسەڵات و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق لێی بەرپرسن.
ئێزدییەكان خودان ئاینێكن تارادەیەك داخراوەو نە حەزدەكەن خەڵكی خۆیان پۆل پۆل لە ئاینی خۆیان لابدەن و بچنە سەر ئایینێكی تر، نە حەزیش دەكەن خەڵكی تر پۆل پۆل بێتە سەر ئاییینەكەیان، بە درێژایی حكومەتەكانی عێراقیش ئێزدییەكان پۆستی گەورەیان وەرنەگرتووە، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو حكومەتەكان لە ئاست چەوساندنەوەی ئێزدییەكان بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەمە ئەگەر جاران ژیانیان وا بردۆتە سەرو ژیانی پەراوێزییان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە، ناكرێت ئیمڕۆ ئەوانە زیتر رووبەڕووی مەرگ ببنەوە، بەتایبەت ناوچەكەی ئەوان لە بنەڕەتدا كوردستانەو ئەوە داگیركەرانن لەیەكتریان دابڕیون و ئیمڕۆ ئەگەر دەسەڵاتی حكومەتی بەغداش فریای ئەو شوێنانە ناكەوێت، ناكرێت حكومەتی كوردستانیش وەك تەماشاكار بمێنێت، چونكە ئێزدییەكانیش بەشێكن لە ئێمە، لەوەتەی بەناو (دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی لە موسڵ)یش راگەیەنراوە، ئێزدییەكان زیاتر لە جاران كەوتوونەتە بەر هەڕەشەی تیرۆریستانەوە، كە بێگومان ئەم كارە دەستی وڵاتانی هەرێمیشی تێدایە، كە بەم كارانە كورد زۆرترین زیانی لەو ناوچانە پێدەگات كە خاڵی تەماسی نێوان كورد و نەتەوەكانی ترن، كە ئەمە بۆ كورد (مانەوەی ئێزدییەكان لە شوێنەكانی خۆیان )زۆر گرنگە، بۆیە دەبێت ئیتر حكومەتی كوردستان خۆی بەرنامەی هەبێت كە چۆن بتوانێت لەم رەشەباو گەردەلوولە بیانپارێزێت.