لەوانەیە ئەو چارەسەرییەی كە تو
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
ئەنقەرە هەفتەی رابردوو دەهەزار سەربازی بەرەو قوڵایی كوردستانی عێراقی نارد بە هەمان هەنجەتی پێشوو كەگوایە چیا سەختەكانی بوونەتە شوێنی حەوانەوەی پەكەكە و سەركردەكانیان.
ئەو هێرشەی توركیا لە كەشوهەوایەكی زۆر نەگونجاودا، بەڵام- كە ئەمەیان زۆر گرنگە- لەبارێك و كەشێكی سیاسی و دیپلۆماسی گونجاودا بەڕێوەچوو، بە لایەنی كەمی لەدیدی ئەمەریكا و توركیاوە، كە ئەمەیش وای لە چاودێرە سیاسییەكان كرد لە دەروازەی تیۆری پیلانگێڕییەوە سەیری ئەم هەڵوێستەیان بكەن، بەتایبەتی لەسایەی:
1- پرۆسەی بەخۆداچوونەوەی ئیدارەی بوش لەو چەند مانگەی كە بۆی هەیە لە كۆشكی سپی، بمێنێتەوە.
2- پرۆسەی شاڵاوی سیاسی و دیپلۆماسی و تا رادەیەكیش سەربازیی كە ئەو ئیدارەیە ماوەیەكە ئامادەی دەكات بۆ رێكخستنەوەی كارتە ئەقلیمییەكان و دانانی نەخشەیەكی نوێ، بە مەرجێ راستییە مەیدانییەكان هاریكاری بن، دەكرێ پرۆسەی بەخۆداچوونەوە، یان رێكخستنەوەی كارتە ئەقلیمییەكان لەسێ وێستگەی سەرەكییدا دیار بكەین، كە لە بنەڕەتدا گۆڕەپانی رووبەڕووبونەوەن بۆ ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێ لەسەر ئەو گۆڕەپانەدا یاری بكەن، مەبەستیشمان عێراقە كە سەرۆك بوش و وەزیری دەرەوە رایس لە هەوڵی ئەوەدان كە لە كارنامەی شەڕی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكادا دووری بخەنەوە و سەركەوتنێك لە هەردوو بەرەی لوبنان و فەلەستیندا وەدەست بێنن.
فەلەستین پاڵێوراوە بۆ كردەیەكی سەربازیی بەرفراوان، كە تیایدا رێ بە ئیسرائیل بدرێ كەرتی غەزە داگیر بكاتەوە و تا هاتنی هێزێكی نێودەوڵەتی هەر لەو كەرتەدا بمێنێتەوە و گرفتیشی نییە ئەگەر زۆربەی هێزە نێودەوڵەتییەكە لە وڵاتانی ئیسلامی یان عەرەبی بن، ئەو هەقیقەتەش رۆژی هەینی رابردوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە دیدارێكیدا لەگەڵ میدیاكاندا بەڕای گشتی ئیسرائیلی راگەیاند.
ئەركی ئەو هێزە جیاكردنەوەی سنووری ئەو كەرتەیە لە ئیسرائیل و لەوانەشە لە ژێر فەسڵی حەوتەم لە پەیمانی نەتەوە یەكگرتووەكان بێتە جێبەجێكردن كە رێ بە بێریە شینەكان دەدات هێز دژ بەو كەس ولایەنانە بە كار بێنێت كە تەقە لە ئیسرائیل دەكەن، ئەم كارە ئەگەر سەربگرێ دەبێتە پێشەكییەك بۆ سەپاندنی چارەسەرییەكی نێودەوڵەتی بەسەر فەلەستینییەكاندا لە كەناری رۆژئاوا و كەرتی غەزەدا، ئەویش بە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بەپێی ویستی ئەمەریكا و ئیسرائیل، لە هەرێمی كوردستان زۆر دوور نەكەوتینەوە، چونكە ئەو هەوڵەمان بۆ ئەوەیە كە هەر سێ كێشەكە بە یەك گرێ بدەین، ئەویش لە چوارچێوەی سیناریۆیەك كە بۆ تێگەیشتنی پەیوەندییەكەی نێوانیان پێویست بەوە ناكات مرۆ زۆر خۆی ماندوو بكات.
ئەو هێرشەی كە توركیا هەفتەی رابردوو كردی، بەتایبەتی لەو شاخ وداخەی كە بە بەفر داپۆشراوە و هیچ سوپایەك پێشتر ئەمەی نەكردووە، تەنیا لەو شەڕانەی جەنگی دووەمی جیهانی نەبێ كە سروشتی ئامانج و ركابەری شەڕكەرەكان و بێ سوودی لە راگرتنی شەڕەكە لە نێوان هاوپەیمانان و وڵاتان میحوەر سەپاندی، تا دوژمن سوود لە كات وەرنەگرێ و رێزەكانی خۆی پێ رێك بخاتەوە، هەر لایەنێك پێ وابوو سەركەوتنی بەسەر لایەنەكەی تردا وەدەست هێناوە.
بەڵام ئەمجارە مایسترۆكە یەكە، كە ئەویش ئەمەریكایە كە یەكەم و دوا بڕیاری لەدەستە.
ئیدارەی بوش پێشتر بە دەسپێكردنەوەی كردە زەمینییەكان ئاگادار بوو، بەخۆشی دوا رەزامەندی لەسەردا و گلۆپی سەوزی بۆ توركیا پێكرد، كە ئەمەیش لەلایەن وتەبێژكانیەوە تەئكیدی لەسەر كرایەوە، چونكە:
أ- دەسەڵاتی فیعلی لە عێراق لەدەست ئەو وڵاتە دایە.
ب- پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ ئەنقەرە پەیداكردووە، چ لەگەڵ حكومەت یان دامەزراوە سەربازییەكە.
بەر لە چوار رۆژ لە دەستپێكردنەوەی هێرشە زەمینییەكە ژەنەراڵ كارترایت سەردانی ئەنقەرەی كرد و لەگەڵ سەركردە سەربازییەكانی توركیا كۆبووە و، لەو كۆبوونەوەیەدا، دوا بڕیار لەسەر كردە زەمینییەكە درا، پێشتریش دووشاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەردانی ئەنقەرەیان كرد، یەكەم بە سەرۆكایەتی ساتر فیلد و دووەمیشیان بەسەرۆكایەتی فرانك ئۆربانیك.
ئەو چرا سەوزەی ئەمەریكا پاش ئەو كۆبوونەوەیە بوو كە تیایدا توركیا رازی بوو لەسەر بڵاوكردنەوەی هێزێكی توركیا لە باشووری ئەفغانستان و هەروا بە بڵاوكردنەوەی درعێكی مووشەك بەرامبەر بە ئێران و گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی عێراق بۆ بازاڕەكانی جیهان لە رێی توركیاوە، مەبەستی ئەمەریكاش لەوە گۆڕینی هاوسەنگی بوو لە عێراق و هەروا بڕیاردان لەسەر یاسای نەوت بەبێ هیچ گیروگرفتێك، مەرجی ئەمەریكاش لە پێكردنی چرا سەوزەكە ئەوە بوو كە ئەو هێرشە درێژخایەن نەبێت و زیانیش بە خەڵكی هەرێمی كوردستان نەگەیەنێ و توركەكانیش ئەو بەڵێنەیان بە ئەمەریكادا.
بەڵام پاش ئەوەی هێرشەكان زیادیان كرد و ئامانجی توركیاش بوو بە تێكدانی ژێرخانی هەرێمی كوردستان ئیتر نیگەرانییەكی زۆر لەلایەن كوردەوە بەرامبەر ئەو چرا سەوزەی ئەمەریكا پەیدا بوو.
رۆژنامەی فاینانشڵی تایمزی بەریتانی بابەتێكی دەربارەی ئەو هێرشە سەربازییەی توركیا و پشتگیرییەكەی ئەمەریكا بڵاو كردەوە، لەو بابەتەدا ئاماژە بەوە دەكرێ كە كورد بەرامبەر ئەو كردەسەربازییەی توركیا، بەتایبەتی "پشتگیرییە ئەمەریكیەكە" نیگەرانە و پێیان واییە كاریگەرییەكی خراپی دەبێت لەسەر سەقامگیری ناوچەكەداو ئەگەر كاریش وا بڕوات سوپای توركیا و پێشمەرگەی كورد نزیكی رووبەڕووبوونەوە دەبنەوە.
رۆژنامەی كریستیان ساینی مۆنیتۆری ئەمەریكیش بڵاویكردەوە كە هاوكاریكردنی ئەمەریكا بۆ كردە سەربازییەكەی توركیا گرژی لە نێوان پەیوەندییەكانی كورد و واشنتۆن دروستكردووە.
هێرشەكانی توركیا لە هەفتەی رابردووەوە لە قوڕ چەقیوە و توركیا تا گەیشتنی رۆبەرت گێتس وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ ئەنقەرە نەیدەزانی چۆن لێی دەربچێ، گێتس هەر بەگەیشتنی بۆ ئەنقەرە داوای لە بەرپرسانی توركیا كرد كە بە خێرایی كۆتایی بەو هێرشەیان بێنن و لە هەرێمی كوردستان بكشێنەوە، نووسەرێكی تورك ئەم پێشاتە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە سەرەڕای شكستی سوپای توركیا و بێ توانایی لە هێنانە دی پێشكەوتنێك لەبەرەی شەڕدا، ئەمەریكا پاش لێدانی چەند پردێكی هەرێمی كوردستان و هەڕەشەی بارزانی بە بەرگری كردن ئەگەر بێتو ئەو هێرشانە زیانان بە هاووڵاتیان و گوند و ئاواییەكانی كوردستان بگەیەنێ ترسا نەوەكو ئەو رووبەڕووبوونەوەیە بگاتە رادەی شەڕ و پێكدادانی پێشمەرگە و سوپای توركیا كە ئەمەیشی هێلی سوور بوو كە ئەمەریكا لە كۆبوونەوەكانی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی توركیادا تەئكیدی لێ دەكردەوە.
ئەوەی زۆر بە وردی گوێ لە لێدوانەكەی رۆژی پێنج شەممەی رابردووی سەرۆك بوش بگرێ ئەو راستییەی بۆ بەدیاردەكەوێت.
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە هێرشی زەمینی توركیا بۆ باكوری عێراق پێی لە هەفتەیەك نا كۆتاییەكەشی لە ئاسۆدا دیار نییە، ئایا پێتان وایە توركیا هێرشە كانی بە كۆتا بێنێ؟ ئایا ئێوە لەوە نیگەران نین كە ئەو هێرشانە ناوچەكە زیاتر ناسەقامگیر دەكات؟
سەرۆك بوش گوتی: لەوەدا دووخاڵی هەیە:
1- تورك و ئەمەریكا و عێراق بە كوردی عێراقەوەش پەكەكە بە دوژمنێكی هاوبەش دادەنێن.
2- لە بەرژەوەندی هیچ كەسێكدا نییە كە نەوایەكی ئارام بۆ خەڵكێك هەبێت و تۆ بێی تێكی بدەیت.
سەرۆك بوش ئەوەشی گوت: من زۆر بە توندی لاگیری لە وەزیر گێتس دەكەم كە گوتی: هێرشەكان دەبێ سنووردار بن، بە واتایەكی دیكە نابێ درێژخایەن بن، توركیا پێویستە بە خێرایی بجوڵێتەوە، ئامانجەكانیان بە دی بێنن و لە ناوچەكە دەربچێ.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كە مەبەست لە خێراییەكە چییە؟ سەرۆك بوش گوتی: بەخێراییەكی زوو.
ژمارەی كوژراوانی سوپای توركیا لە پەكەكە زیاترە، كەوتنی هەلیكۆپتەرێك و رەقبوونەوەی چەند سەربازێكی تورك بەهۆی سەرماو بەرەو دواوە راكردن، هێزەكانی توركیای تووشی ترس و پەشۆكاویەكی گەورە كرد، كە ئەمەیش وای لە ئەركانی سوپا كرد هەندێك لە زەرەر و زیانەكانی خۆی ئاشكرا بكات، بەڵام زۆر شتیشیان لە رای گشتی شاردۆتەوە، وەك بەجێ هێشتنی چەك و تەقەمەنییەكی زۆر بەتایبەتی لەسەری سێڤێ كە هەر هەموویان كەتوونەتە دەست پەكەكە، كە ئەمەیش بۆ توركیا بە دیاركەوت كە ئەو چەكەی پەكەكە، بەكاری دێنێت سەرچاوەكەی سوپای توركیایە نەك هەرێمی كوردستان.
من كە دەڵێم زەرەرو زیانی سوپای توركیا لە پەكەكە زیاترە فەرموون سەیری ئەو هەواڵە بكەن كە فورات نیوز رۆژی 26/2 بڵاوی كردۆتەوە: لە فرۆكەخانەی سەربازی شاری دیاربەكر لە ناو ئەو كەرەستە سەربازیانەی كە بۆ چقورجا دەنێردرێن و لەوێشەوە بۆ بەرەكانی شەڕ، سەد دانەكیسەی تەرم هەبوون كە پێشتر لەلایەن هێزێكی توركییەوە داوا كرابوون.
ئەم بارە خراپەی كە توركیا تێی كەوتووە و داواكاری ئەمەریكا بە كشانەوەیەكی خێرا، نەوەكو توركیا پێ درێژی زیاتر بكات و ببێتە هۆی ئاڵۆزی ناوچەكە كە بە تەنیا ناوچەی ئارامی عێراق سەبارەت بە ئەمەریكا دادەنرێ، توركیا ئێستا بە بەرنامەیەكی دارێژراو دەستی بەكشانەوەی هێزەكانی كردۆتەوە.
د. كەمال بەیاتلی كەخاوەن پەیمانگایەكی ستراتیژییە بۆ لێكۆڵینەوە لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئەلجەزیرە دا ئەوەی دەرخست كە زیانەكانی توركیا لەو ئۆپەراسیۆنەی ئێستا یەك بە سێیە، واتە ئەگەر یەك چەكداری توركیا كوژرابێ لە بەرامبەر سێ چەكداری پەكەكە كوژراوە.
پێشكەشكاری بەرنامەكە پێی گوت:
ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە توركیا لەو شەڕەدا دۆڕاندوویەتی؟
د. كەمال بەیاتلی گوتی: من پێت دەڵێم یەك بەسێیە ئیتر چۆن دەڵێی توركیا دۆڕاندوویەتی؟ پێشكەشكارەكە پێی گوت: دەوڵەتی توركیا بەو هەموو هێزە زەخامەكە فرۆكە و زڕیپۆش پاڵپشتی دەكات عەیب نییە زیانەكە یەك بە سێ بێ.
وا دیارە ئەنجامی ئەو كردە سەربازییەی كە لە هەفتەی رابردووەوە دەستی پێكردووە وخەریكە كۆتایی پێ بێت هەروەكو 24 كردە پێشووەكەیە، بۆیە نووسەری ناوداری تورك مەحمەد ئاڵتان لە نووسینێكیدا لە رۆژنامەی(ستار) دەڵێ: لەسەر باكووری عێراق كردەیەكی سەربازی ئەنجام درا، دیارە پێشتر 24 كردەی دیكەش لەسەری ئەنجام دراون، بەڵام لەم كردەیەدا هەتا ئێستا چەندین سەربازمان لێ كوژراوە، ئەگەر لە جیاتی ئەو كردانە حكومەت لە رووی ماف و ئازادییەكان و سەروەری یاسا ودیموكراسی هەنگاوی نوێی هەڵبگرتایە كێشەكان چارەسەر نەدەبوون؟ تكایە پێم مەڵێن بەفرێكی زۆر باریوە، ئایا كە دەستمان بە لەشكركێشییەكە كرد بەفر نەباریبوو؟ كەواتە كاتی ئەوە هاتووە كە دەنگی خۆمان بەرز بكەینەوە بۆ چاسەرییەكی یەكجارەیی، دیارە هەتا ئێستا چەندین ساڵە كردەی سەربازیمان ئەنجام داوە، ئیتر بۆ كردەی ئاشتی ئەنجام نەدەین، لەوانەیە ئەو چارەسەرییەی كە لە كوشتندا بۆی دەگەڕێین لە ژیاندا هەبێت.
توخوا ئەمە هەڵوێستی نووسەرێكی تورك بێت و هەڵوێستی حكوومەتە فیدرالییەتەكەی خۆشمان بەو شێوەیەبێت كە دیتمان، ئایا ئەمە شەرمەزاری نییە بۆ حكومەتی بەغدا، نێردراوە تایبەتییەكەی توركیا ئەحمەد دەوڵەت ئۆغلۆ لە ناو جەرگەی پایتەختدا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بڵێ: ئەنقەرە هیچ خشتەیەكی بۆ كشانەوەی سوپا لە هەرێمی كوردستان دیاری ناكات تاكو چەكدارانی پەكەكە لە ناو نەبات..!!
كوا ئەو سەروەرییەی كە بەغدا باسی لێوە دەكات، ئایا هەقی ئەردۆگان نییە سوپاسی ئەو شەرمەزارییەی بەغدا بكات و لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ گروپەكەی خۆی لەناو پەرلەمانی توركیا، وەك ئەوەی رۆژنامەی(زەمان) بڵاوی كردۆتەوە بڵێ: هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە كردە سەربازییەكەی توركیا لەسەر باكووری عێراق جێگەی رێزو پێزانین بوو..!!