فەلسەفەی رۆژوو!

فەلسەفەی رۆژوو!


یەكێ لە جوانییەكانی ئیسلام دیوی دووەمی ئەنجامدانی ئەو ئەرك و فەرزانەیە، كە ئامانج لێی گەیشتنە بە لوتكەی بەرزی بەهای رەفتار و گوفتار و درووندروستی و مرۆڤبوون، لە چوارچێوەی ئەو رەهەندەوە خوای گەورە هیچ خواپەرستییەكی لەسەر بەندەكانی خۆی دانەناوە، مەگەر حیكمەت و ئامانج و مەبەستێكی دیارو نادیاری لەپشتەوە نەبێت، كە راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ دەرەنجام و كاریگەرییان لەسەر تاك و كۆمەڵگە هەیە.
یەك لەو خواپەرستییانە رۆژووگرتنی مانگی رەمەزانە، كە وەك فەریزەیەك لەسەر موسڵمانان پێویست كراوە، وەك خوای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ).
ئەگەر لەو ئایەتەی سەرەوە ورد ببینەوە، دەبینن مەبەستی سەرەكی لە فەرزبوونی رۆژووی مانگی رەمەزان گەیشتنە بە پلەی خۆپارێزی، بەو پێیەی رۆژوو وێستگەی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە تەقوا، كەسێ بیەوێ بگاتە هەقیقەتی ماناكانی رۆژوو، پێویستە سەیری پەرێز و كرداری خۆی بكات لە مانگی رەمەزان، ئەگەر ئەو رۆژووە گەیاندیە ئەو ئاستەی كە خۆپارێزی لە شتە ناڕێك و نادروستەكان لە لایەكەوە بكات و ، هەوڵی نزیكبوونەوە لە شتە بەهادار و شەرعییەكان بدات لە لایەكی ترەوە، ئەوە ئامانجی رۆژووەكەی پێكاوە، بەپێچەوانەوە تەنیا خۆی قەدەغە كردووە لە خواردن و خواردنەوە و بەس.
بۆیە گرینگە رۆژووەوان كە لە بانگی بەیانییەوە تا بانگی ئێوارە خۆی دەگرێتەوە، بیر لەوە بكاتەوە بە هەمان شێوە ئەندام و هەست و دەروونیشی بگرێت لە خراپە و بەرەو رەوشتە بەرز و باڵاكان نزیكیان بكاتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی بگاتە رەزامەندیی خوای گەورە، كە بۆ ئەو ئامانجە و تاقیكردنەوەی بەندەكان رۆژووی فەرز كردووە.
رەنگە زۆرمان بیر لەوە نەكەینەوە، كە ئەو شێوازە تەكلیفەی رۆژوو، بە خۆگرتن لە خواردن و خواردنەوە، بۆ ئەوەیە كە مرۆڤ لەسەر خۆگرتن لە ئاكارە خراپەكان و خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆست و دراوسێ و دەوروبەردا، ئامانجی ئەو رۆژووەیە، بۆ ئەوەی تاكی موسڵمان رابهێنێ لەسەر هەستە پاكەكان و گیانی لێبوردەیی و خۆپاككردنەوە و نەرمی نواندن لەگەڵ بەرامبەر و كەسانی دەوروبەر و بەرجەستەكردنی ئاشتیی كۆمەلایەتی و سەقامگیری كۆمەڵگە.
بەڕۆژووبوون قوتابخانەیە و هەرچی رەوشت و رەفتار و لایەنی پەروەردەیی دەرەونی و جەستەیی و دین و دونیا هەیە لەخۆی گرتووە و ، وەك خواپەرستی و دروشمێكی ئیسلام ساڵانە مرۆڤەكان دەخاتەوە خانەی پاكبوونەوە و گەیشتن بە چێژی ئەو هێز و شەپۆلە ئیمانییانەی كە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێن، بۆ هەمیشە ئەنجامدانی كاری چاكە و خێر لە لایەك و ، وازهێنان لە هەڵسوكەوتە ناشایستە و نادروستەكان لە لایەكی دیكەوە.
خوای گەورە رێگەی نەداوە هەر كەس بە كەیفی خۆی لە هەر مانگێ بیەوێ بەڕۆژوو بێت، بەڵكو تەنیا ئەو مانگەی دیاری كردووە، بەو مەرجانەی لە شەریعەتی ئیسلامی باس كراون، لە یەك كات و بۆ هەموو تاك و گەل و وڵاتێك وەك یەك وایە، ئەمەش وانەیەكی گەورەی تێدایە، بەوەی پێویستە وەك چۆن لە مانگی رەمەزان لێبوردەیی و پێكەوەبوون و گیانی هاوكاری و بەزەیی هاتنەوە دەكەینە سیمبولی بەرنامەی رۆژانەمان، پێویستە بەشێوە گشتییەكەی دەركی هەقیقەتی ئەو وانە گەورەش بكەین، كە مانگی رەمەزان فێرمان دەكات، لە هەمیشە پاك و راست راگرتنی ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییانەی لە ئەنجامی رۆژووگرتنەوە فێریان دەبین، هەوڵی ئەوە بدەین كە بەردەوام بەزەییمان بە هەژاراندا بێتەوە و گیانی هاوكاری بكەینە یەكێك لە دروشم و ئامانجەكانی رۆژانە، كە هەڵسوكەوتی پێ دەكەین. ئەو دەرفەتە با وامان لێ بكات، ئەو هەستە كۆمەڵایەتی و ویژدانی و مرۆڤدۆستانەی ناو مانگی رەمەزان بگوازینەوە ناو كایەی ژیان و لە پیشە و هەڵسوكەوت و شێوازی مامەڵە و بیركردنەوەی تەواوی ژیانمان رەنگ بداتەوە، بۆ ئەوەی وەك مرۆڤ ویژدانەكانمان لەبەرامبەر یەكتر هەست بە ئاسوودەیی بكەن.
هەركەس لە رۆژوو ورد ببێتەوە، بۆی دەرەكەوێت، كە ئەو فەڕزە لە سەرەتاوە تا كۆتایی هەمووی كار لەسەر دەروونی مرۆڤ دەكات، بۆ ئەوەی تەواو لە هێڵە خواپەرستییەكانی نزیك بكاتەوە، ئەمەش وا دەكات كە رۆژووگر بەو پەڕی هەستكردن بە پێویستێتی خواپەرستی لە هەموو كاتەكان بە شتێكی دانەبڕاو دابنێت، دەرەنجام ئەو رۆژووە وا دەكات، كە هەستی خواپەرستی لەلای بەندەكان قووڵ ببێتەوە.
ئەو پابەندبوونە تەواوەی كات و رێنماییە تایبەتەكانی مانگی رەمەزان ئاماژەن بۆ پێدانی وێنەیەك لە پێویستی هەبوونی بەرنامە و پلانێكی تۆكمەی كەسی بڕوادار لە تەواوی ژیاندا، هەم بۆ خواپەرستی، هەمیش بۆ جوان مامەڵەكردن لەگەڵ مرۆڤەكانی دیكەدا.
ئەگەر بەڕۆژووبوون بە دیوە شاراوەكەی و پەیام و فەلسەفە راستەقینەكەی لێك بدەینەوە، دەبینین بەهۆی ئەو تینوویەتی و برسیەتییەی یەك مانگی رەمەزان، برسیەتی رۆژی دوای دێتەوە بیر، كە چەندە ناخۆش و مەترسیدارە مرۆڤ لەو رۆژە برسیی كردەوەی چاك و خواپەرستیەكانی بێت!
بەو برسیەتییەی مانگێگ هەست بە هەژاری و برسیەتی ساڵانەی هەموو ئەو كەسانە دەكەین، كە دەستكورت و نەدارن و ، هەمیشە لە ژیانی كولەمەرگیدان، ئەمەش وا دەكات ئێمە هەستی بەزەییمان بەواندا بێتەوە و ، هەست بە گەورەیی ئەو نیعمەتانەش بكەین، كە خوا لەگەڵی كردووین.
لەلایەكی دیكەوە هەر كەس كە ددان بەخۆدا دەگرێت لەسەر برسیەتی و مومارەسەی دینداری، ئەوە گیانی هێزو ئیرادە لەناو خۆیدا دروست دەكات، وانەیەكە بۆ راهاتن لەسەر خۆڕاگری و ئارامی و رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو ئاستەنگانەی تووشی مرۆڤ دێن لە ژیاندا.
بەڕۆژووبوون وەك زانایان باسیان لێوە كردووە، سێ پلەو ئاستە، یەكەم: بەڕۆژوونی گشتی، واتە خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە. دووەم: بەڕۆژووبوونی تایبەت، واتە وێڕای خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە، ئەندامەكانی جەستەش دەگرێتەوە لە خراپەكاری. سێیەم: بەڕۆژووبوونی هەرە تایبەت، كە بریتییە لە تەزكیەی نەفس و راهێنانی رۆح و سەر لەنوێ داڕشتنەوەی هەست و ویژدان لە چوارچێوەی ئینسانییەت و گەیشتن بە پلەی كەمالاتی بەها و رەوشتبەرزی، بە شێوەیەك لە ئەنجامی یەك مانگ بەڕۆژووبوون مرۆڤ فۆڕمات دەبێتەوە و دێتەوە ئاستی كەسێكی پاك بەرامبەر خوا و خەڵك و خاك و دەبێتە فاكتەری لێبوردەیی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و تاكێكی بەرهەمدارو سوودبەخش بۆ كۆمەڵگە.

Top