ناوزڕاندن

ناوزڕاندن

مافی مرۆڤ له‌ ڕووی ئابڕوو و شكۆ له‌و مافانه‌یه‌ كه‌ لێكێندراوه‌ به‌كه‌سیه‌تی یاسایی وبه‌لقێكی داده‌نرێت،ئه‌گه‌ر پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سه‌كه‌ هه‌رچییه‌ك بێت كه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌تی، چونكه‌ ئابڕوو و شكۆی مرۆڤ و متمانه‌كه‌ی به‌هایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگی هه‌یه‌ و كه‌متر نییه‌ له‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌مافه‌كانی له‌ژیان وسه‌لامه‌تی جه‌سته‌ و سامانه‌كه‌ی ،بۆیه‌ جێگه‌ی بایه‌خ و پاراستنی یاسایه‌ و هه‌ر ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌رێكی به‌تاوان داده‌نرێت و سزای بۆ دانراوه‌.
سزای ناوزڕاندن:
له‌میانه‌ی ووردبونه‌وه‌ له‌ده‌قه‌كانی یاسای سزاكان ژماره‌(١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ هه‌مواركراوه‌ و پاڵپشت به‌ مادده‌كانی (٤٣٠و٤٣٣) ده‌توانیین ناوزڕاندن یان بوختان پێناسه‌ بكه‌ین به‌:(ڕوداوێكی دیاری كراوه‌ بكه‌ده‌خرێته‌ پاڵ كه‌سێك به‌یه‌كێك له‌ڕێگه‌كانی ئاشكرایی له‌باره‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕاست بێت پێویست به‌سزادانی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كات كه‌دراوه‌ته‌ پاڵی یان سه‌ركۆنه‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌كه‌ی وله‌شوێن و نیشتیمانه‌كه‌ی ناحه‌ز ده‌بێت).
ڕێكخستنی یاسایی بۆ ناوزڕاندن:
ده‌ستوری كۆماری عێراقی به‌ركار ساڵی ٢٠٠٥ له‌مادده‌ی (٣٨) هاتووه‌:(ده‌وڵه‌ت ده‌سته‌به‌ری ئه‌مانه‌ ده‌كاته‌ به‌ جۆرێك سیسته‌می گشتی و ئاداب لاسه‌نگ نه‌كات:
یه‌كه‌م: ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌ باره‌ی بۆچوون به‌ هه‌موو ئامرازه‌كان.
دووه‌م: ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و چاپ و ڕیكلام و ڕاگه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌).
به‌ڵام یاسا ڕێگه‌ نادات ده‌ست بۆ ژیانی تایبه‌تی خه‌ڵك ببرێت، ته‌نها به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست نه‌بێت كه‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌هێنێته‌دی،هه‌روه‌ها دیموكراسی به‌واتای ناوزڕاندن نییه‌،بۆیه‌ ده‌بێت ڕه‌خنه‌گرتن بنیاتنه‌ر و ئامانجی باشكردن و بۆ خستنه‌ڕووی ڕاستیه‌كان بێت،و پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ به‌ناوزڕاندن داده‌نرێت و ئه‌مه‌ش تاوانه‌ كه‌یاسا سزای بۆ داناوه‌،چونكه‌ ده‌ستدرێژیه‌ بۆ سه‌ر ئازادی و شكۆ و پیرۆزیه‌كانی مرۆڤ.
یاسادانه‌ری عێراقی چاره‌سه‌ری ئه‌م تاوانه‌ی كردوه‌ له‌یاسای سزاكان له‌ ده‌روازه‌ی دووه‌م له‌به‌شی چواره‌م له‌ ژێر ناونیشانی (بوختان) له‌مادده‌ی (٤٣٣).
كۆڵه‌گه‌كانی تاوانی ناوزڕاندن:
تاوانی ناوزڕاندن دێته‌دی ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م كۆڵه‌گانه‌ی لای خواره‌وه‌ی تێدا فه‌راهه‌م ببێت:
١- ڕووداوێكی دیاریكراو بخرێته‌ پاڵ یه‌كێك،بۆ نموونه‌ بوختان بۆ كه‌سێك بكرێت به‌وه‌ی ده‌ست پاك نیه‌ و تۆمه‌تبار بكرێت به‌بردنی پاره‌ یان به‌رتیل وه‌رگرتن یان ساخته‌كاری.
٢-ده‌بێت ئه‌و كرداره‌ی تاوانه‌كه‌ پێك ده‌هێنێ(بوختان)به‌یه‌كێك له‌ڕێگه‌ ئاشكراكان ئه‌نجام یدرێت،بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر له‌ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندن یان ڕۆژنامه‌ یان بڵاوكراوه‌كان بێت.
٣-ده‌بێت بوختانه‌كه‌ له‌لایه‌ن بوختانكاره‌وه‌ ده‌رچوبێت له‌دژی بوختان پێكراو و به‌مه‌به‌ستی تاوانكاری بێت،به‌واتای ئه‌وه‌ی تۆمه‌تبار زانیاری و ویستی هه‌بێت و بزانێت ئه‌و كرداره‌ی ئه‌نجامی ئه‌دات سزای له‌سه‌ره‌،به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی تاوانكاری تێدا نه‌بیت تاوان بوونی نابێت.
سزای تاوانی ناوزڕاندن :
یاسادانه‌ری عێراقی دادكارییه‌كانی تاوانی ناوزڕاندن یان بوختان ڕێكخستوه‌ و چه‌ند ده‌قێكی بۆ داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حوكمی بكات پاڵپشت به‌ مادده‌كانی (٤٣٠-٤٣٣) له‌یاسای سزاكان،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌تاوانه‌كانی كه‌تنی داناوه‌ و سزای حه‌پسكردن یان پێبژاردنی بۆ داناوه‌.
به‌ڵام یاسادانه‌ر كاتێك سزای حه‌پسكردنی دیاری كردوه‌ به‌ماوه‌ دیاری نه‌كردوه‌، به‌ڵكو سزای حه‌پسكردنی ڕه‌های داناوه‌،مه‌به‌ست له‌حه‌پسكردنی ڕه‌ها بریتیه‌ له‌ حه‌پسكردن له‌(٢٤)كاتژمێر تاكو (٥) ساڵ یان پێبژاردن كه‌متر نه‌بێت له‌ (٢٠١٠٠٠) دوو سه‌د و یه‌ك هه‌زار دینار و زیاتر نه‌بێت له‌ (١٠٠٠٠٠٠) یه‌ك ملیۆن دینار.
وله‌حاڵه‌تی ڕوودانی تاوانه‌كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ڕێگه‌كانی ئاشكرایی به‌هه‌لومه‌رجی توند داده‌نرێت،به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ئاشكرایی نه‌بێت به‌هه‌لومه‌رجی سووك داده‌نرێت پاڵپشت به‌ مادده‌ی (٤٣٥) له‌ یاسای سزاكان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
له‌م باره‌یه‌وه‌ پێویسته‌ پرسێكی گرنگ بخه‌ینه‌ڕوو ئه‌ویش:(ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌وه‌ی بوختانی بۆكراوه‌ فه‌رمانبه‌ر یان ڕاسپێدراوبێت به‌ڕاژه‌ی گشتی،یان تایبه‌ت وخاوه‌نی خه‌سڵه‌تێكی نوێنه‌رایه‌تی بێت،یان كارێك بكات په‌یوه‌ست بێت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك و ئه‌وه‌ی بوختانكار خستۆتیه‌ پاڵی په‌یوه‌ست بێت به‌فه‌رمانبه‌ریه‌تی یان كاری ئه‌و كه‌سه‌ی بوختانی بۆكراوه‌،ئه‌گه‌ر هاتوو به‌ڵگه‌ی خستنه‌ڕوو له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ی داوییه‌تیه‌ پاڵی ،له‌م حاڵه‌ته‌ تاوان بوونی نابێت و كه‌سه‌كه‌ به‌تاوانی ناوزڕاندن تۆمه‌تبار ناكرێت ، چونكه‌ ئه‌وه‌ی وتویه‌تی ڕاسته‌وخۆ به‌ڵگه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌م كاره‌ی ڕێگه‌ پێدراوه‌ بۆ به‌ده‌رخستنی خراپه‌ و خراپه‌كاران تاكو به‌سزای یاسایی بگه‌یه‌ندرێن.
ئاشكرایه‌ ڕه‌خنه‌گرتن ده‌بێت به‌مه‌به‌ستی چاكسازی و چاكه‌كاری بێت بۆ ده‌رخستنی ڕاستیه‌كان ، نه‌ك تێكدان و گۆڕینی بۆ به‌ده‌ست هێنانی سوود و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی یان ناوزڕاندن به‌هۆی بوونی ناكۆكی ئه‌گه‌ر جۆره‌كه‌ی هه‌رچیه‌ك بێت له‌نێوان كه‌سه‌كان یان كێشه‌یه‌كی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی.
بۆیه‌ پێویسته‌ یاسادانه‌ر جارێكی تر چاوبخشێنێته‌وه‌ به‌سزای ئه‌م تاوانه‌ و توندی بكات به‌پێی ئه‌وه‌ی تاوانێكی ترسناكه‌ وهه‌ڕه‌شه‌یه‌ وشكۆی مرۆڤ له‌كه‌دار ده‌كات و كۆمه‌ڵگه‌ توشی نائارامی ده‌كات به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌ی له‌م پرسه‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌،به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرێت به‌ڕێگه‌ی ئاشكرایی وخه‌ڵك ئاگاداری بێت به‌تایبه‌تی له‌كاتی ئێستادا زیاتر ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌ك ئامرازێك بۆ ئه‌م بابه‌تانه‌ به‌كارده‌هێنرێن،له‌لایه‌كی تر پێویسته‌ ئه‌م ده‌زگایانه‌ ڕۆڵی خۆیان ببینن وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م وته‌نها ئه‌و بابه‌ت و پرس و هه‌واڵانه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ كه‌به‌ڵگه‌ی دروستیان هه‌یه‌ و به‌ده‌ستوه‌ردان ئه‌ژمارناكرێن بۆ كاروباری خه‌ڵك و دامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌كان و ڕۆشنبیری یاسایی بڵاوبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ئاشنای ئه‌م پرسه‌ بێت و دووربكه‌نه‌وه‌ له‌هه‌موو ئه‌وه‌ی ناكۆكیاكان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌ و ناحه‌زی و ڕق وكینه‌ له‌نێوانیان زیاتر ده‌كات،هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كانی تری په‌یوه‌ندیدار چالاكی گه‌لێكی فراوان ئه‌نجام بده‌ن بۆ دانانی سنورێك بۆ تاوانی ناوزڕاندن و بوختان كردن به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسیه‌ زۆره‌ی هه‌یه‌تی له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی.

Top