پێويسته‌ سه‌ربه‌خۆيى دادگا‌كان بپارێزين

پێويسته‌ سه‌ربه‌خۆيى دادگا‌كان بپارێزين


هه‌موو مرۆڤێكى ئازاديخواز و ياسامه‌ند، دژى ده‌ستبه‌سه‌ركردن و زيندانيكردنى كه‌سانى بێ تاوانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى، كارى له‌و جۆره‌ بۆ خۆى تاوانى گه‌وره‌يه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سانى تاونبار و تاوانكه‌ر، ڕاپێچى به‌رده‌م دادگاكان‌ نه‌كرێن، هه‌موو هاوكێشه‌كانى كۆمه‌ڵايه‌تى و به‌هاكانى ئه‌خلاقى و ته‌نانه‌ت ئاسايش و ئارامشى هاووڵاتيان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسييه‌وه‌. تاوانبارى واش هه‌ن، كه‌ ئه‌منييه‌تى نه‌ته‌وه‌يى ده‌كه‌نه‌ نيشانه‌ و پشت له‌ نه‌ته‌وه‌ى خۆيان ده‌كه‌ن و، به‌ كارى دزێوى سيخوڕى و ته‌نانه‌ت به‌ كرده‌ى تيرۆريستى، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ستكه‌وته‌كانى نه‌ته‌وه‌ و سه‌قاگيرى و ئاشته‌وايى و پێكه‌وه‌ ژيان و هه‌رچى جوانيى كۆمه‌ڵگه‌يه‌ بيڕووخێنن. هه‌ر بۆيه‌ داداگاكان پێويسته‌ سه‌ربه‌ست بكرێن و هيچ كه‌س و هيچ هێزێك نه‌توانێت ده‌ستتێوه‌ردان له‌ كار و بڕێاريان بكات.
له‌ پارێزگاى دهۆك و له‌ ماوه‌ى رابردوو چه‌ند كه‌سى خۆفرۆش و نيشتمانفرۆش و سيخۆڕ، دادگايى كران. خۆيان ددانيان به‌ تاوانه‌كانياندا ناوه‌. كه‌چى لێره‌ و له‌وێ موزايداتى وه‌همى ده‌كرێن و داكۆكى له‌ تاوانبار ده‌كه‌ن و دادگاكان ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسياره‌وه‌!! هه‌ر له‌و پێنج كه‌سه‌، هه‌يانه‌ 13 و هه‌شه‌ 25 جار به‌ تۆمه‌تى هاوشێوه‌ سزا دراون، ئه‌وكات كه‌مپينيان بۆ نه‌كرا، به‌ڵام ئێستا له‌ پێناوى ئاراسته‌كردنى شه‌قام بۆ ده‌نگ وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن ، به‌ ديماگوژى (خڵه‌تاندنى خه‌ڵك) و چه‌واشه‌كارى ته‌نانه‌ت هه‌يبه‌تى سه‌روه‌ريى دادگاكان ده‌شكێنن!!!
ڕۆژى شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتى 8/5/2021 ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕوونكردنه‌وه‌يه‌كى بڵاو كرده‌وه‌، تێيدا جه‌ختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی دادگاییكردن و بڕیاردان له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ به‌ "پشتبه‌ستن به‌ زانیاری و به‌ڵگه ‌و دیكۆمێنتی دروست و به‌و په‌ڕی پیشه‌یی و یاساییانه‌ و سه‌ربه‌خۆییانه ‌و بێلایه‌نانه" بووه‌.
‌ بێگومان وه‌ك له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "به‌شێك له‌و كاردانه‌وه‌ و هه‌ڵوێست نواندنانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری دادگاكان و رێزنه‌گرتنه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری... " ئه‌گه‌رچى بڕیاره‌كه‌ى داداگا هێشتا قۆناغی دیكه‌ی تانه‌لێدانی ماوه‌، واته‌ تاوانباران ده‌توانن داواى دواپێداچوونه‌وه‌ى بۆ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ كه‌سانێكى پۆپۆليست، خه‌ريكن دوسێيه‌كه‌ چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن. تۆمه‌تبار له‌ به‌رده‌م دادگا ددانى به‌ تاوانه‌كانيدا ناوه‌ و بووته‌ تاوانبار... كه‌چى كه‌سانى له‌ ياساده‌رچووى نيشتمان فرۆش، له‌ لايه‌ن كه‌سانى هه‌لپه‌رسته‌وه‌ ده‌كرێنه‌ ئازاديخواز و مۆركى خه‌باتگێڕ و هه‌ڵسوور و چالاكيى مه‌ده‌نييان لێ ده‌درێت! به‌ڕاستى ئه‌وه‌ كاره‌ساته‌، خه‌سارى گه‌وره‌مان تووش ده‌كات. بۆيه‌ زۆر زۆر پێويسته‌ به‌ كارى پێكه‌وه‌يى سه‌ربه‌خۆيى دادگا‌كان بپارێزين. پێويسته‌ دادگا و حوكمڕانانى خاوه‌ن بڕياريش هان بده‌ين، كه‌ سزاى ژن كوژه‌كان و نيشتمان فرۆشه‌كان، سووك نه‌كرێت و به‌ هيچ شێويه‌ك به‌ر لێبووردنى گشتى نه‌كه‌ون. ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ساخڵه‌م بونيات ده‌نێت، نه‌ك ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری دادگاكان و رێزنه‌گرتن‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
Top