(نێچیرڤان بارزانی لەنێوان تۆمەتی عێراقچێتی و ڕاستکردنەوەی فۆرمی حکومڕانیدا)

(نێچیرڤان بارزانی لەنێوان تۆمەتی عێراقچێتی و ڕاستکردنەوەی فۆرمی حکومڕانیدا)

٭ عێراقی دوای ڕژێمی پێشوو لەهەردوو کۆنگرەی( لەندەن و سەڵاحەدین) ڕەنگڕێژی فۆرمی حکومڕانیەکەی لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەوکاتی عێراقەوە دانرا بە کورد و عەرەب و شیعەو سوننەوە بۆئەوەی دوای کەوتنی ڕژێم کەمترین بۆشایی و ناکۆکی دروست ببێت و بتوانرێت بەزووترین کات بوونیادی دەوڵەتەکە بنرێتەوە

٭ لە سەرووبەندی گفتوگۆی دوورو درێژی نوسینەوەی دەستورداو لەگفتوگۆ چڕەکانیدا تیمی کوردستان زۆر بەجدی و کاریگەرانە وجودیان لەبغداد هەبوو سەرەنجام بەشێکی باش لەو ماف و تێڕوانینانەی کە دیدگای کوردستانی بوون تێیدا جێگیرکراو دەنگی لەسەر درا

٭ فۆرمی حکومڕانی لەعێراقی نوێدا لەسەر بنەماکانی ( تەوافوق، تەوازن، شەراکەت)دڕێژرا لەنێوان سەرجەم پێکهاتەو ئاین و مەزهەبەکانداو دیباجەی دەتسورەکەش دەڵێت ئیلتیزامکردن بەم دەستوەرەوە زامنی یەکپارچەیی خاکی عێراقە بەپێچەوانەوە پێشێلکردنی بنەماکان و ماددەکانی دەستور هەنگاوەکانی هەڵوەشاندەوەی ئەم عێراقە نوێیەیە بەو فۆرم و شێوازەی کە سەد ساڵە هەیە

٭ ماوەی هەژدەساڵی ڕابردوو زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر بەم دەستورە کراو ئەوەی لەعێراق کاری پێنەکرا دەستور یاساو بنەماکانی عێرقی نوێ بوو بۆیە بینیمان تیغی تیژی تۆڵەکردنەوە هەموو جەستەی ئەم عێراقەی خوێناوی کردو سەرەنجامیش هیچ پێکهاتەو کەس ولایەک لێی سودمەند نەبوون و خاک وخەڵکی عێراقیش لە سوتماکێکی حەتمیدایە

٭ لەدوای ڕوداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە هەوڵەکانی بونیادنانەوەی عێراقی نوێ لەلایەن کیشوەری ئەوروپیەوە بەسەرکردایەتی فەڕەنسای ماکرۆن دەستپێکردوەو دەیانەوێت بونیادێکی نوێ بۆ فۆرمی حکومڕانی لەعێراق دروستبکەن کە هەم عێراقیەکان لێی سودمەندبن هەمیش عێراق لە پلیکانە ئاگراویەکانی باڵەخانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕزگاربکەن چونکە سەرنجام پشکی ئەم سوتان و ئاگرە زیان بەوانیش دەگەیەنێت

٭ لەدوای سەردانی ماکرۆن بۆ بەغداد و پێشکەشکردنی پاکێجی سەروەری عێراق بەعێراقیەکان و وڵاتانی هاوسێی لەیەکەم هەنگاوی بەکردەنیکردنەکەیدا نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی ئیلیزێ کراو لە وێوە ئەرکێکی نوێ بە هەرێمی کوردستان وسەرۆکەکەی سپێردرا


٭ چی ئەو ئەرکە گرنگەی ماکرۆن و ئەوروپیەکان بەگڵۆپی سەوزی ئەمریکی خستیانە سەرشانی سەرۆکی هەرێم چی تێڕوانینی خودی نێچرڤان بارزانیش بۆ قۆناغی ئێستای عێراق و ڕوداو پێشهاتەکانی ناوچەکە ئەوە دەخوازێت کە شەمەندەفەری حکومڕانی عێراق بخرێتەوە سەر ڕاستەسکەی خۆی و هەموانیش سودیان لەهەڵەکانی ڕابردوو وەرگرتبێت

٭ لەماوەی ئەم هەوڵانەیدا زۆرێک لەنەیارەکانی گوتارو کرداری عێراقچێتیان دەدایە پاڵ نێچیرڤان بارزانی و وەک پاشەکشە لەهەنگاوەکانی ڕابردووی هەرێمی کوردستان وێناکرا ، بۆئەوەی ڕاستی ئەم ڕەخنانە بسەلێمنین دەبێت بەچاوێکی کراوەترو بەبیرێکی تیژترەوە لەو پێشهاتە تازانەی ناوچەکەو هەڵسوکەوتی جیرانەکانمان و تۆپاباران وسنوربەزاندن و دۆخەکە ئابوریەکەش بڕوانین ئەوکات ڕاستی ئەو وتنانە ڕون دەبێتەوە

٭ پرۆژەکەی کیشوەری ئەوروپا بە سەرۆکایەتی فەڕەنسا عێراقێکی یەکگرتوە بە هەبوونی هەرێمی کوردستانی بەهێزەوە و بە نێوەندگیری دەستوری هەمیشەیی عێراقەوە دەی ئەمەش یانی بەهێزکردنەوەی ڕۆڵ پێگەی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئابوری و بونیادنەوە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەشدا ئەوجا ئێستا ئەوە لەسودی کوردستانە یاخود گوتاری عێراقچێتی؟

ڕێبین ڕەحیم.
Top