با ئارامی میدییایش تاقی بکەینەوە

با ئارامی میدییایش تاقی بکەینەوە
لەدوای شەڕی نەگریسی خۆکوژی ناوخۆ بەتایبەت لەزەمەنی کاراتربوونی سۆشیاڵ میدییاو ئامرازەکانی گەیاندن و ڕاگەیاندنی گیرفانی تەوژمێکی خراپ لەنوسین و وتن لەوڵاتی ئێمە سەریهڵداوەو تائێستاش بەردەوامی هەیە.

ئەم جیهانی شاشەو پاڵەوانبازیەیی شەڕەجنێوو بەجۆرێک بازاڕی گەرمە ئەوەتا پێڕێک مرۆی خاون پێداویستی عەقڵی بوون بە پاڵەوان و دەیان نوسەرو بیرمەندو وەرگێڕو شرۆڤەکاری جدی و خەمخۆر هەرکەس نایانناسێت.

ئەم تەوژمە خراپەی شەڕەجنێو و تەشهیرو درۆ و بوهتانە لەبری ئەوەی سەرکۆنەبکرێت و هەوڵبدرێت بەیاسا ڕێکارو فلتەری بۆدابنرێت کەچی بەپێچەوانەوە هەموو هێزە سیاسیەکان و بگرە کۆمپانیاکانیش بڕێکی زۆر پارەی تێدا سەرف دەکەن هەربۆیە ڕۆژ بۆ ڕۆژ ئەم بازاڕی تەشهیربازییە تەشەنەدەسێنێت و گەرمتردەبێت سەرەنجامیش نائارامیەکی بەردەوام لەگۆمەڵگەدا دروست بووە بەجۆرێک کە هەموان هەمیشە چاوەڕوانی تەقینەوەی دۆخێکی نەخوازراون.

نائارامی شاشەکان گوزراوەتەوە بۆ نێو ماڵەکان و کارگەشتوەتە ئەوەی زۆرجار کێشەی کۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیداهێناوە یانی شەڕە جنێوو شەپۆلی درۆ و لێزمەبارانی بوهتان هەموو کایەکانی ژیانی گرتوەتەوەو هەموو هاوڵاتیەکیش لەجێگەی خۆیەوە لەم دۆخە زیانمەندەو کەچیش هێشتا هەر بەردەوامە پاشەکشەی لێناکرێت!

ئێمە لەماوەی ڕابردوو زۆرشتمان دژی یەک تاقیکردوەتەوە شەڕی سڕینەوەی یەکمان کرد درۆ و بوهتان وسوکایەتیمان بە پیرۆزیەکانی یەکتری کرد جگەلە زیان و دروستکردنی کەشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نائارام هچیمان لێ دەستنەکەوت کەوابوو وەرن باپێکەوە ئارامی و میدییاو سۆشیاڵ میدیا(میدیای گیرفان) تاقیبکەینەوە ئەگەر زەرەمان کرد هەرکەس بچێتەوە سەر ئیشەکەی پێشووی خۆیی.
Top