پێڵاو و مێینە... ئەزیشی تێدا شەرمەزار دەبێت !

پێڵاو و مێینە... ئەزیشی تێدا شەرمەزار دەبێت !


پەرلەمان تەنیا لە ژینگە دواکەوتووە، کارتۆنییەکان نەبێت، دەزگایەکی باڵای وشیار و یاسادانانە. هاووڵاتی لەپێناو دواڕۆژێکی باش و سەقامگیر و بەدەستهێنانی مافە بنەرەتییەکانی و دروستکردنی گوتاری دامەزراوەیی دەنگ بەنوێنەرەکانی خۆی دەدات، دەنا ئەگەر دەنگەکەی تەنیا بۆ شەڕە پێڵاو و کەلتوری دەبەهاوشتن و سوکایەتی بێت، ئەوە دەنگ بەمنداڵی نیو گەرەکەکانی خۆیان دەدەن. لەپەرلەمانی کوردستاندا چەند ساڵێکە بۆ ئەوەی بڵێین ئێمەش بووینەتە ئەوروپایی، مۆدێلی (دەبەی ئاو و مێزکوتان و ئەم جارەش پێڵاوگرتنە سەرۆکی پەرلەمان و سوکایەتی بە ئافرەت)یان داهێناوە.
ئەم جۆرە هەڵسوکەتە نەشیاوە نیشانە و هێمای فەشەلی گوتاری هەندێکە، لەهەمان کاتدا بێ دەسەڵاتی هەندێک لایەنی سیاسیش لە چارەسەری قەیرانەکان دەسەلمێنێت.
پێڵاو گرتنە یەکتر، بەڵگەی پێشکەوتنی گوتاری سیاسی و یاسایی وبەهێزی کەسایەتی نوێنەرانی نێو پەرلەمان نییە، لەهەمان کاتدا سوکایەتی بە (ئافرەت) بەڵگەیەکی دیکەی دواکەوتن و جەلادبوونی فکری دژ بەمێ دەگرێتەوە. ئەمە نیشانی دەدات پەرلەمان لەژیر هەژموونی گوتاری جێندەری نێردەسەڵاتی دایە، ئافرەت لەڕوانگەی هەندێکەوە باشترین کەرەستەیە بۆ نیشاندانی شتی کەم بایەخ و در٢ستکردنی واتای زمانەوانی سوک و هەرزان و نادروست.
گوتار لەهەواڵ گرنگترە، ئەو پێڵاوێک بۆ دروستکردنی گوتارێک بەکاردەهێنێت، ئەوی دیکەش سوکایەتی بەئافرت بۆ چنینیەوەی مەبەستێکی نزم بەکاردەهێنێت.
(پێڵاو و مێینە) هەواڵ و مانشێت و قسەی گشتە، لەکاتێکدا هیچ کامێک لەوانەی لەچەمکی گوتار ناگەن، وزە و واتای خۆیان بۆ پاراستنی ژیانی ئافرەت و دایکایەتی و منداڵان لە پەرلەمان بەکارناهێنن. ئەوانەی پێڵاو بۆ دروستکردنی هەواڵ بەکاردەهێنن، وزەی خۆیان بۆ داکۆکی لەمنداڵی بێ پێڵاو و برسی بەکارناهێنن.
گوتاری هەواڵی (پێڵاو و مێینە)، وەکو سوکایەتی بە پەرلەمان و دەنگەکانی خەڵک دەردەکەوێت. کێ لەم هەڵسوکەوت و ئەخلاق و مۆدێلە دەپێچێتەوە؟. خودی پەرلەمان، یان ئەو لایەنە سیاسیانەی نوێنەرەکانیان نمایشەکانیان لەسنوور دەردەچێت و ئەزیشی تێدا شەرمەزار دەبێت.؟!
هیچ ڕووداوێک بێ هۆکار و پاشخان و مەبەستی هەنووکەیی و بیرکردنەوە لەئایندە نییە. هیچ گوتارێک بێ ژمارەیەک کردەی قسە، یان هێما و نمایشی بەکردەوە نابێت. پێڵاو هێمایە بۆ سوکایەتی، پێڵاو زمانە بۆ داتەپێنی بەها ئەخلاقییە باوەکان، نمایشێکە بۆ گەیاندنی پەیامێک کە ڕەزیلکردن و بێ بەهاکردنی تێدایە.
گوتاری مێینەش هەر وایە و خراپتریش. پێڵاو ئاراستەی گروپێکی دیاریکراوی نێو پەرلەمانە، کە سوێندیان خواردووە لەبڕی ئەو موچە نازدارەی وەری دەگرن، خزمەتی یاسایی دەنگدەرانی خۆیان بکەن، جونکە ئەوانە نوێنەری حزبن، لەنیو حزبیشدا نوێنەری گروپ و لەنیو گروپیشدا نوێنەری کەسێکن و لەنیو ئەو کەسەشدا نوێنەری لایەنە نەساخ و نەخۆش و شەڕاوییەکە دەکەن، ئەمە دیاردەیەکی کۆمیدیی و تراژیدیشە لەهەمان کاتدا، بەڵام گوتاری سوکایەتی بە مێ، گوتارێکە سوکایەتیی بەهەموو کۆمەڵگا دەکات.
وەکو مەسەلە کوردیآیەکە دەڵێت ئەزی تێدا شەرمەزارم، چونکە کردەی پێڵاو وەشاندن و سوکایەتی بە مێ بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ گوتاری (نوێبوونەوە، سۆشیال دیموکرات) ناگونجێت. دیسان دیار نییە کۆنترۆڵی (کردەی وەشاندنی پێڵاو لە پەرلەمان و دەمکردنەوەی پڕ لەسوکایەتی) بەدەست کێ بووە؟ ئایا ئەمانە بەڕیمۆت جووڵێنراون، یان خۆیان کەسانێکن گوێ بەچوارچێوە باوەکان نادەن و جۆرێک لەنەخۆشی دەرکەوتن و بوونە هەواڵیان هەیە!.
باشە ئەگەر ئێمە نوێنەرەکانمان لەپەرلەمان وەها نمایشکارێکی گرگن بن، دەبێت کورد گوتەنی ئۆمەر مەندان کە شێت بوو، ڕوو لەکوێ بکات؟!.
Top