گوتاری شیکارانەی سیاسی و شڕۆڤەکاری کورد لەنێوان توڕەکردن و بڕواپێهنان !!

گوتاری شیکارانەی سیاسی و شڕۆڤەکاری کورد لەنێوان توڕەکردن و بڕواپێهنان !!


بێگومان ئێمە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، پێشەنگ و جێگەی متمانەی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بێت، بەڵام هەرچەندی سەیری دەکەم لەم گوتارە شیکاریانە ناگەم، کە هەرێمی کوردستان وەکو دەوڵەتێکی بەهێزی کاریگەر لەسیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدەین، یان بەپێچەوانە هەرێمی کوردستان دەکەنە نوقتەی پشت فاریزە و هیچی بۆ ناهێلنەوە. "ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندیدارە بە ئاسایش و سەقامگیری لە ئەوروپا". ئەمە یەکێکە لەو بۆچوونانەی گومان لە برواپێهێنانیان تێدا پتر و زۆرترە.
چەند جارێک ئەم شیکارەم لەگەڵ خۆمدا لێکدایەوە، لەدیماهیدا بۆم دەرکەوت بەپێچەوانە خوێندەوەی بۆ کراوە، ئەم ڕستەیە نێو ئەم دوو کەوانەیە پێمان دەڵێت ئەوروپا ئارام و سەقامگیر نییە، ئەگەر ئەوە ڕوویدا، کاریگەریی لەسەر هەرێم بە ئەرێنی دەبێت. ئەگەر پێچەوانەش بێت بێگومان هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامی ئەوروپا، یان بەپێچەوانەوە.
هەندێک دەڵێن: "ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندیدارە بە ئاسایش و سەقامگیری لە ئەوروپا". بێگومان ئەوە کاتێک ڕوودەدات، ئەگەر کۆچی بەکۆمەڵ لەئەوروپا بێتە هەرێم، یان تیرۆریستە ئەوروپییەکان و ئاینی مەسیحی لە ئەوروپاوە هەڕەشە لەئارامی و ئاسایشی هەرێم بکەن. لەکردەوەشدا عێراق لەجۆرێک قەیران دەژیت هەمان قەیران و کێشەی هەرێم نییە. واتە بەستنەوەی هەرێم و عێراق لەم ڕووەوە تەنیا وەکو جۆرێک لەموجامەلە و نیەت نیشاندانە. بەواتایەکی دیکە دەکرێت بڵێم ئەمە گوتارێکی پشت بەپاساو دەبەستێت، عێراق وەکو پاساوێک بۆ خۆپاراستن لەگلەیی و ناڕازیی بوونی ئەوانی دیکە بەکاردێت. وابزانم ئەم جۆرە گوتارە تەنیا لەزۆنی زەرد گوێی لێ دەگیرێت، لەراستیدا نەک عەرەب و فەرەنسییەکان کاتی خۆیانی پێ ناکوژن، تەنیا لە زۆنی سەوز ئەم شیکاریانە بەجۆرێک لەبۆچوونی حزبی و تەنیا وەکو پلار بەماستاوکردنەوەشی دادەنێن. دیارە من هەموو قسەکردن و نووسین و هێما و جووڵە و ورتەیەکیش بە گوتار دەزانم، دەق باش و خراپی تێدا نییە، گونجاون و نەگونجانە، بۆیە نابێت لەڕوانگەی دوژمنکارانە مامەڵە لەگەڵ هیچ گوتارێک بکەین، ئەگەر گوتاری دوژمنیش بوو. دەبێت وەکو دەق شیکاری بۆ بکرێت و لێکبدرێتەوە و پەیام و ڕەهەند و مەبەستەکانی لێكبدرێنەوە.
من لەوە دەگەم، کە ڕۆژهەڵات سەرچاوەی ئاژاوە و تیرۆر و توندوتیژییە، بەڵام ئەگەر ئێمە خۆمان بەسەرچاوەی ئارامی و ئاسایشی ئەوروپا بزانین، وەکو ئەوە وایە بەشێک بین لەئاژاوە و توندوتیژی، ئەمە وەکو ئەوە وایە بڵێین ئێمە لە هەرێم لەم جۆرە توندوتیژیانە دوورین. ئایا بەڕاستی ئەمە ڕوویداوە؟ تاکو بەم جۆرە توندە لەگوتارەکانماندا بچینە سەنگەری بەرگری و شیکردنەوەی هەڵوێستی خۆمان، کە ڕۆژانە ئەم گوتار و ڕستە و گوتن و دەستەواژانە دووبارە دەکرێنەوە. من دەزانم گوتاری دەسەڵات، گوتاریش بۆ دەسەڵات جیاوازە لە گوتاری شیکاریی، یان ڕەخنەگرانە لەدەسەڵات، بۆیە پێویستە بڵێین ئێمە قوربانی توندوتیژی ڕۆژهەڵاتین، نەک ئێمە دەبینە هۆکاری ئارامی. ئەوروپاییەکان گوتیان "پێشمەرگە پاریزەری ئازادییە". ئەوان بەهیزتر و ستراتیژتر لەئێمە پێناسەی پێشمەرگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستانیان کرد. تورکیا دەرگا بۆسەدان هەزار کؤچبەری نایاسایی وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە ئەوروپا دەکاتەوە، تورکیا کە هێزێکی کاری ئابووری گەورەی لە ئەوروپا هەیە، هەڕەسە دەکات، تورکیا کار بۆ ئیخوانبوونی تورک و موسلمانان لەزۆر شوێن لە جیهان و ئەوروپا دەکات و دەبێتە هەڕەشە، ئێران و تورکیا کورد لە فەرەنسا و ئەوروپا تیرۆر دەکەن، ئەوان سەرچاوەی هەڕەشەن، بەڵام هیچ یەکێک لەم شتانە لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوروپا ڕووی نەداوە، بۆیە نابێت ئێمە گوتاری داکۆکی لەخۆمان و شێکردنەوە و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکان ڕاپەڕێنین. هەست دەکەم گوتاری سیاسی و شیکاری ئێمە گوتارێکی ناوەخۆیی بەرتەسکی ئابلوقەدراوە بە ژمارەیەک ڕستەی سنوورداری دووبارە و هەندێک دەستەواژەی باوی سواوە، فکر تێیدا نامۆیە.
جوانیان گوتووە، کە دەڵێن: ڕەگی ئەو کێشەیەی ئێستای توندڕەوی لەڕەهەندە ئایینییەکەوە لەناو فەرەنسادایە، دەگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵێ شیکردنەوەیەکی واقیعی شیاوە، بەڵام نەشیاوە ئەگەر هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لەم سەرچاوانەی توندوتیژی لەڕۆژهەڵات دابنێین. سعودییە بەسەدان ملیۆن دۆلار ساڵانە بۆ پەرەپێدانی فکری ئاینی، مزگەوت لەسەرتاپای دونیا تەرخان دەکات. بزاڤە ئیسلامییە توندڕەوەکانی جیهانی عەرەبی لە میسرەوە دەستیان پێکردووە، وەهابییەکان لە سعودییە و ئیخوانەکان لەمیسر خوێنیان تێ دەکرێت. قەتەر هاندەر و پشتیگری ئیخوانەکانە، سعودییەکان هانی ئەوانی دیکە دەدەن. ئێران سەرچاوە و پاڵپشتی گروپە مەزهەبییە توندڕەوە شیعییەکانە. لە ئەفریقیا بزاڤی ئیسلامی بەرەو هەڵکشان دەچێت، بەشێکی توندڕەوە ئیسلامییەکانی فەرەنسا لە ئەفریقای کۆلۆنیالی پێشووی فەرەنساوە سەرچاوەیان گرتووە. باشە هەرێمی کوردستان لەم نێوەدا چ ئەگەر و هێز و پێگە و کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە. بۆ دەبێت گوتاری کوردی توانا و وزەی خۆی بۆ خۆدەربازکردن لە توندوتیژی و ئیرهابی ڕۆژهەڵاتیانە تەرخان بکات.
لایەنێکی دیکەی شیکاری پەیوەندیی و سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەستراوەتەوە بە "جوگرافیای وزە، هەرێمی کوردستان ئێستا لەڕووی وزەوە خاوەن سەرچاوەی هێزی تایبەت بە خۆیەتی، لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە لە بەرەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دایە". ئایا بەڕاست گوتاری وزە، لەم دۆخە هەستیارە قورس و سەختە سیاسییەی هەرێم پێیدا تێ دەپەڕێت گوتارێکی موژدەبەخشە، یان دەبێت بەشێوازێکی دیکە چارەسەری ئەو ڕەوشە بکرێت.
هێزی هەر گوتارێک لە ڕەوانبێژیی و دەستەواژە و شێوازی گوتنەکەی دایە.
لەم جۆرە گوتارەدا پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بخرێتە بەردەم بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و سیاسی، لەوەی کارانین لە فشارەکانیان دژی بەغدا، چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان و چارەسەری قەیرانی دارایی کە پەیوەندیی بەژیانی هاووڵاتیانی سڤیلەوە هەیە. ئێمە لەوزەدا چەندە بەهێزیش بین، نابێت قەیرانی موچە و ئازاری هاووڵاتیان لەبیر بکەین کە بریتییە لەجینۆسایدی هاووڵاتی لەلایەن حکومەتی بەغداوە. مەبەستم وایە بڵێم لەم گوتارەدا کە هەرێمی کوردستان لەبواری وزە بە هێز نیشان دەدەین تووشی جەند هەڵەیەک دەبین : یەکەم پێویستیمان بەهاوکاری هێج وڵاتێک نییە بۆ جارەسەری کێشەی بوجە و دارایی لەگەڵ بەغدا، جونکە بەهێزین. دووەم: کاتێک بە‌هێز بین، دوور نییە ئێمە خۆمان سەرچاوەی کێسەکان بین. سێیەم هیچ بەهێزێک کاری بەبێ هێزێک نییە. لەکاتێکدا دەبێت گوتاری کوردی، گوتاری غەدرلێکراوێکی سیاسی بێت.
با هەندێک قووڵتر شیکاری ڕووداوەکان بکەین، ئایا فەرەنسا تاکو ئەم چرکەیە هیچ سوودێکی لەوزەی (بەهێزی تایبەت !!!)ی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. کوردستان لەئەنجامی نەبوونی یاسای فیدرالی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لەعێراق، لەقەیران و کێشەیەکی قووڵ دایە. ڕەنگە فەرەنسا لەسی ساڵی ڕابردوودا لەڕووی (سیاسی و دیبلۆماسییەوە) پاڵپشتییەکی بەهێز و کاریگەر و ڕاستگۆی کوردی بووبێت، بەڵام لەڕووی وزەوە چالاک و کاریگەر نییە. واتە باهەندێک شیاوتر، تایبەتمەندتر و بەپێی دەوروبەر و هۆکار و سەرچاوە و ئاکامی هەقیقی رووداوەکان شیکاری دۆخەکان و چاوەڕوانییەکانمان بکەین.
کورد، بەتایبەتی لەهەرێمی کوردستاندا هێزێکی شەڕکەر و کاریگەر بوو، لەتێکشکاندنی تیرۆریستان، ئەمەش بەرەی کوردی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەهێز کرد. سەرۆک بارزانی پێش ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی داعش زۆر بەڕوونی و ئاشکرا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە پێویستە ئەو هاوپەیمانییە دوای نەمانی داعش کاریگەر و بەهێز بێت. فەرەنسا لەڕووی سیاسییەوە هاوکاری کوردە. لە ڕووداوە دراماتیکییەکانی دوای ڕیفراندۆم، فەرەنسا تاکە دەوڵەت بوو، هەرێمی کوردستانی لەلێواری کارەساتێکی ترسناکی مەزن ڕزگار کرد، بەڵام دیسان دەڵێم پێویستە لەشیکاری گوتاری سیاسیدا بەهیچ شێوەیەک ڕەها و نەگۆڕ سەیری ڕووداوەکان نەکەین.
ئێمە لەشیکردنەوەدا تاکڕایانە، لەسەنگەری بەرزنرخاندنی هەڵوێست و پێگەی خۆمان (هەرێمی کوردستان) قسە دەکەین، یان دوژمنکارانە لەنێوەخۆ بۆ تێکشاندنی ئیرادەی خودی خۆمان قسە دەکەین، بێگومان ئەگەر گوتمان (بۆ رووبەڕووبوونەوەی تووندڕەوی و تیرۆر، هەروەها لەگەڵ ئاشتەوایی و دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین و بایەخدان بە مافەکانی مرۆڤە، کە ئەمە لە جوگرافیا و جیۆپۆلەتیکێکی وەکو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلای دەوڵەت نەتەوەکانی دیکە دەست ناکەوێت)، دەچێنە نێو دۆخێکەوە، پێویستە لەگەڵ هەر دەرگایەک چەند پەنجەرەیەک بکەینەوە، نەک لەگەڵ هەر پەنجەرەیەک چەند دەرگایەک دابخەین. ئەم بۆچوونە، چەندە هەقیقەتیشی تێدا بێت، لای ئەوروپاییەک بەجۆرێک لەخەیاڵ و وەسفێکی خودئامێزگەرا سەیر دەکرێت، ئەم گوتارە لەهەندێک کاتدا گومان پتر دەکات لەوەی متمانە بەهێز بکات، چونکە کوردی بێ دەوڵەت لەبەرچاوانە و نوێنەری وڵاتەکان دەتوانن لەدەرگا و دوکانی هەموو کەسێک بدەن و زانیاریی کۆ بکەنەوە، ئەمەش وایکردووە نوێنەری حکوومەتی هەرێم هەموو مانگێک بەڕاپۆرتێکی دوور و درێژ وەڵامی ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بداتەوە و داکۆکی لەو بوارانە بکات، کە لای ئەوان ڕەخنەی لێگیراوە. ئێمە کە قسە دەکەین، پێویستە تەنیا بۆ خۆمان، بۆ خودی خۆمان قسە نەکەین. شێوازی ئێمە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە مەبەستەکان بە وەرگری ناوەخۆیی هەرێم دەگەیەنێت، بەڵام ئەوانی دیکە گرنگن، پێویستە بۆ ئەوانیش قسە بکەین و بەزمان و شێواز و عەقڵیەتی ئەوانیش بدوێین، کە دەیانەوێت ئێمە لەوە باشتر بین، یان لەکردەوەدا تێبینی جیاوازیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە.
(مۆدێلی هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی سیاسی و دیموکراسی، نەخێر مۆدیلێکی جیاوازە). دەپرسم، سیستەمی ئابووری کوردستان چییە؟ کوردستان چ جۆرە حکوومەتێکی هەیە؟ کوا دەستووری هەرێم؟ گەندەڵی کە دەرفەتی بۆ دەیان بواری دیکەی پێچەوانەی دیموکراسی و یاسا و دژی نێوبانگی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، چ پێناسەیەکی بۆ دەکرێت. ئەگەر هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی جیاوازە، بۆ نەخۆشەکانمان ڕوودەکەنەوە دەوڵەتە نەخۆش و دیکتاتۆر و مەزهەبییەکانی (ئێران و تورکیا و ئوردن و هیند)، ئەگەر هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی جیاوازی باشترە، بۆ چەندین هەزار دکتۆرا و ماستەری ساختەی ئاسانکڕ و بەئاراستەیەکی ڕێکخراو لە قوبرس وەردەگرین و بایەخ بە ئاستی خوێندنی باڵای ناوەخۆ نادرێت و جێگەی متمانە نییە، لە لوبنان و میسر و ئێران و تورکیا و سودان بڕوانامە بە فکری جیاواز وەردەگرین.
مۆدێلی باشتر بەئاستی خوێندن و زانکۆکان و خوێندنی باڵا و سیستەمێکی تەندروستی پێشکەوتووی خزمەتگوزار و دەرمانی ستانداردی بێ سەختە و سیستەمی پەروەردەیەکی پێشکەوتووی دیموکرات و نەبوونی قەیرانی سیاسی و ئابووریەکی باش و یەکگرتووی گوتاری سیاسی و کاری دەوڵەتداری دەنرخێنرێت. کامە مۆدێل، ئایا ئێمە لەئەنجامی سی ساڵ حوکمڕانی لەدەرەوەی دامەزاراوەیی تووشی چ کارەساتێک هاتووین، مۆدێلی کارەبا، مۆدێلی باجی زۆر لەسەر هاووڵاتیان و سیستەمی پەرلەمانی فاشل و دابەشکردنی زەویی بەسەر سەرمایەداران و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و پاشەکشەی کەرتی دەوڵەت و گشتی بەجۆرێک قورسایی سر سانی هاووڵاتی دوور لەدادپەروەریی کۆمەڵایەتی و زیاد دەکات، مۆدێلی بە موچەخۆرکردنی دانیشتوانی گوندەکان و لاوازکردنی کشتوکال، ملیۆنێک و نیو موچەخۆر و سەدان هەزار بندیوار و خانەنەشینی نایاسایی.
کامە مۆدێل، ئەگەر تەنیا باسی مۆدێلی زانست و بواری زانستی بکەین، ئەو مۆدێلەی مامۆستای زانکۆ نیشانی دەدەن، پارەیەکی باش لەبوجەی گشتی حکوومەت وەردەگرن و دەوامیش بەشێوەیەکی کەم دەکەن و بەموچەی دیکەش لەزانکۆ ئەهلییەکان وانە دەڵێنەوە، بەو مۆدێلەی مامۆستا دوو توێژینەوەی ئەکادیمی بەرهەمداری نەبێت و پسپۆر و پرۆفیسۆر بێت، بەو مۆدێلەی کەسێک دکتۆرا و ماستەر بخوێنێت، زمانی خوێندنەکەی نەزانێت، یان مۆدێلی حزب حزبانێ لەنێو زانستدا پیادەبکرێت. فەرزکردنی کادری حزب بەسەر کەسانی دیکەی خاوەن توانا.
کامە مۆدێل، مۆدێلی پەکەکە و زۆنە ڕەنگراوەکانی نێو هەرێم، باسی کامە مۆدێلت بۆ بکەم، هەموو کەسێک دەتوانێت خیانەت بکات، بێ ئەوەی هیچ یاسا و دەستورێک هەبێت لێپێچێنەوەی لەبەرانبەر بکات. گوتار زۆر گرنگە، مەبەستی نیو گوتاریش ئەگەر گونجاو نەبێت بەشێوەیەکی خەیاڵی، یان نەگونجاو دەربکەوێت، مەرج نییە هەموو هەقیقەتێک توانای کارتێکردنی هەبێت، یان مەرج نییە هەموو هەقیقەتێک بتوانێت هێزێکی واقیعی کاریگەر لەسەر وەرگرەکان دروست بکات.
پێشمەرگە و ئاسایش دوو هێزی کاریگەر و کارا لەبواری جەنگ و ئاسایشدا. من گومانم لەوە نییە ئەم دوو هێزە هەرێمیان لەزۆر کارەسات پاراستووە، بەڵام چەندین ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەفەرەنساشەوە داوای یەکخستنی پێشمەرگە دەکات، کەچی وەکو کیسەڵ هەنگاو دەنرێت. ئایا ئەو وڵاتانە نازانن لە کوردستاندا ئاسایشی سلێمانی وەکو هێزێکی تایبەت و دوور لەڕێنوێنییەکانی هەرێم هەڵسوکەوت دەکات، دێگەڵە وەکو هێمایەکی قێزەوەن ڕۆژانە ئاماژەی گەڕانەوەی بۆ دەکرێت.
گوتاری سیاسی، کاتێک وەکو شیکار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، پێویستە بزانین گوتارەکە ئاراستەی کێیە. ئایا بۆ هاوڵاتیانی نێوەخۆی هەرێمە، یان لایەنێکی دەرەکی. ئەو زانیاریانەی پشتیان پێ دەبەسترێت چەند متمانەدارن و هێزی کارتێکردنیان تێدایە.
هیچ مەرج نییە هەقیقەت خزمەتی خاوەن گوتارەکە بکات، بەقەد ئەوەی هێزی بڕواپێهێنەر و مەبەستەکان ڕۆڵیان دەبێت. گوتاری واقیعیانە، هەمیشە گوتارێکی نەرم و هێمن و دوور لەتوندوتیژی، لەهەمان کاتێکدا لە دونیای ئێستادا ئەم چەشنە گوتارە لەپلەی دووەم دێت. شیکاری دەقی گوتار، یان گوتاری سیاسی هێزی راپەراندن و پێویستییەکانی گوتن باڵادەستن، گەلێک کردە قسە لەنێو گوتار وەکو (داوا و زانیاریی و کردەی پەیوەندیکردن و بڕیار و ڕیکلام و ڕێنوێنی... )تاد دەردەکەون، ئەمانە بنەمای گوتارن. بۆیە بەکارهێنانی هەر وشەیەک دەبێتە هێز بۆ دروستکردنی واتایەک و پتر لە واتایەک، ئایا پێش ئەوەی قسە بکەیت بیرت لەم بنەمایە کردۆتەوە.
هەندێک جار گوێم لێ دەبێت وەرگرەکان دەڵێن لەجیاتی برواپێهانمان، شێواز و مەبەستی گوتارەکان توڕەمان دەکەن، ئەم توڕەییە، لەدژی واقیع نییە، بەڵکو توڕە بوونە لە کردەکانی نێو خودی گوتارەکە. بۆیە ئاساییە لەم جۆرە دۆخەدا لەگەڵ لاوابوونی متمانە و پێگەی گوتاریش لاواز بێت، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ زۆربوونی توڕەیی.


Top