ئێزیدییەكان دووجار كوردن
February 21, 2021
وتار و بیروڕا
من كوردی ئێزیدی نیم بەڵام ئەوە دەزانم كە ئێزیدییەكان لە كوردە هەرە ڕەسەنەكانن. ئەویش بە دوو هۆكاری زۆر سادە. ئەو زمانەی ئێزیدییەكان هەزاران ساڵە قسەی پێ دەكەن كوردییە و لەوەش گرنگتر ئەو تێرم و وشە و دەربڕینانەی لە مەراسیمە ئایینییەكانیان و عیبادەتكردنیان بەكاری دەهێنن كوردییە. لەناو كورددا ئێزیدییەكان پەرستین و ئایینیان هەر بە زمانی دایكیانە. كوردی سووننە و كوردی شیعە و كوردی جوولەكە و ڕەنگە كوردی مەسیحیش هەبن بەڵام هیچكامێك لەو كوردانە زمانی ئایینەكەیان زمانی كوردی نییە.
لە ڕووداو چەكدارێكی ئێزیدیی پەكەكەم بینی كە جلی حەشدی لەبەر بوو و دەمارگیرانە حاشای لە كوردبوونی خۆی دەكرد. "ئێزیدی کورد نییە" گوتارێكە لە ڕێی بەعسییەكانەوە هێنرایە ناو كۆمەڵگەی ئێزییدییەكان بە تایبەتی لە دەڤەری شنگال. ئامانجی بەعسییەكان كامڵكردنی پڕۆسەی تەعریب و گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچە ستراتیژییە بوو كە لە سەرەتای دروستبوونی عێراق و حوكمی پاشایەتی دەستی پێ كرد و لە دوای قۆناغی كۆماری لە كۆتایی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو و درێژەی هەبوو و دواتریش بەعسییەكان بۆ گۆڕینی دیموگرافی و تەعریبی كوردستان دەستیان بۆ زەبروزەنگ و جینۆساید برد.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 لە شەو و ڕۆژێكدا داعش یەك لەسەر سێی عێراقی گرت و سوپای عێراق كە پێشكەوتووترین چەكەكەكانی ئەمەریكا و ناتۆ و ڕووسیای لەدەست بوو بەرگەی داعشی نەگرت. لە سێی ئابی هەمان ساڵ داعش پەلاماری شنگالیدا. دووریی شنگال لە كوردستان و ناپاكیی هۆزە عەرەبەكان (كە ڕێگە و بانەكانیان گرتن و شنگالیان ئابڵۆقە دا) و هەروەها نەبوونی چەكی پێویست وای كرد كە سەرباری دەیان شەهید پێشمەرگە نەتوانێ پەلاماری داعش بوەستێنێ. بەڵام پێشمەرگە توانی هەموو خەڵكی شنگال بباتە سەر چیای شنگال و لەوێ بیانپارێزێ. حەفتەیەك دوای ئەوە سەرۆك هۆزە عەرەبەكان پەیوەندییان بە ژمارەیەك ئێزیدیی نیشتەجێی كۆمەڵگەكانی باشووری چیای شنگال كرد و گەرەنتیی ئەوەیان پێدان كە داعش هیچیان لێ ناكات. ڕێكخستنەكانی پەكەكە و كۆنە بەعسییەكان لەوێ هانی ئێزیدییەكانیان دا كە بگەڕێنەوە ناو داعش. بەشێكی ئێزییدییەكان متمامەیان بە هۆزە عەرەبەكان كرد و لە چیا هاتنە خوار و گەڕانەوە ناو دەمی ئەژدیهای داعش و كارەساتەكە ئەو كات دەستی پێ كرد.
دوای چوار مانگ پێشمەرگە چیای شنگال و دەڤەری شنگالی ئازاد كرد و داعشەكان سزای خۆیان وەرگرت. ساڵێك دواتریش پێشمەرگە داعشی لە شنگال وەدەرنا. بۆ ئازادكردنی ئەو دەڤەرە پێشمەرگە 500 شەهیدی بەخشی. لەناو شەهیدەكاندا پێشمەرگەی بادینی و بارزانی و سۆرانی و خۆبەخشەكان لە هەموو بەشەكانی كوردستان هەبوون. بۆچی هێزی پێشمەرگە ئەو شەڕەی كرد و ئەو هەموو شەهیدەی بۆ شنگال دا؟ چونكە ئێزیدییەكان كورد بوون و شنگال كوردستان بوو.
نەیارانی كورد مەزلوومیەتی ئێزیدییەكان و ئەو كارەساتەیان وەك بیانوویەك بەكار هێناوە بۆ ئەوەی ئێزیدییەكان لە كوردبوونی خۆیان بشۆرنەوە. پەكەكە و حەشد و هەموو ئەوانەی لەسەر میحوەرەی ئێران حیساب دەكرێن لە پشتەوەی ئەو حەملەیەن.
لێرەدا ئەركەكە لەسەر شانی خودی ئێزیدییەكانە كە بەرگری لە ئایین و شوناسیان بكەن. ئەو عەقڵەی كوردی ئەنفال كرد، هەمان عەقڵیش ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزیدییەكاندا هێنا و ڕێك هەمان عەقڵیشە كە ئێستا دەیەوێ شنگال و كەركووك لە كوردستان داببڕێنێ. ئەگەر ئێزییدییەكان وریا نەبن نەك تەنیا شوناسی نەتەوەیی بەڵكو جیۆگرافیا و شوناسی دینیشیان لێ دەستێنن. هەموو ئەو هێزانەی كە تا ئێستا لە بەعسی و داعشەوە بگرە هەتا پەكەكە و حەشد هەوڵی ئەوەیان داوە شوناسی ئێزیدییەكان بشێوێنن لە یەك شتدا هاوبەشن، ئەویش ئایدیۆلۆژییاییە. ئایدیۆلۆژییا دوژمنی شوناسە، شوناسی نەتەوەیی و شوناسی ئایینی. ئەگەر سەیری ئەزموونە سیاسییەكانی سەددەی ڕابردووی جیهان بكەن دەبینن ئایدیۆلۆژیا چیی بەسەر گەلاندا هێناوە.