لەنێوان دادگا و کوشتندا

لەنێوان دادگا و کوشتندا

پێش ئەوەی قسەکەی من بەلای بیرکردنەوەی تایبەتی خۆتدا ببیەت، ڕاشکاوانە دەڵێم من دژی دادگایی و سزادانی هەر کەسێکم، کە لەبەر بیروڕای سیاسی، یان فکری (نەک شتی دیکە) سزا بدرێت. لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە لەبواری مافی مرۆڤ کارم کردووە، دەیان بەڵگە و ناومان لەقۆناغە جیاوازەکانی سی ساڵی ڕابردوو بڵاوکردۆتەوە، کە بوونەتە قوربانی توندوتیژی، یان ململانێی سیاسی. تەنیا ناوی پێشمەرگە و لایەنگرانی حزبە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتم لە (ئاڵای ئازادی) بڵاوکردەوە، ئەو کاتە ئێران لەناو خاکی هەرێم بەڕێنوێنی و هاوکاری لایەنێک و گروپی کوردی ئەنجامی دابوون. ئێران بەفەرمی گلەیی لەم ڕاپۆرت و زانیارییە ورد و دروستانە کردبوو. بەپێی زانیارییەکانی ئەو کات حزب و بەرپرسەکان خۆیان پەڕاندبۆوە و بەرپرسیاریەتەییەکەیان ڕاستەوخۆ خستبووە سەر ملی ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی.
من زیندانی سیاسیم و پێش ڕاپەڕین هەتا نزیک پەتەکە چووم و بەڕێککەوت لەڕاپەڕینی ١٩٩١ دەربازم بوو. بەقەد هەموو دونیا ڕقم لەزیندان و زیندانی سیاسییە، بەڵام هەمیشە ناکۆکم لەگەڵ گوتاری ڕق و تۆڵە و ناشیرنکردن و چەواشەکاریی لەبارەی زیندان و دادگاوە. گوتاری ئەم ڕۆژانە لەبارەی زیندانەوە گوتاری ئازاربەخشن، چونکە هیچ کامێکیان نابینم داکۆکی لەگومانلێکراون بکات. ئەگەر گوتاری داکۆکی لەقوربانیان بێت، دەبووایە ڕێگە نەدرێت بکوژانی هەندێک ڕۆژنامەنووسی سلێمانی، قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکان، هەڕەشە و تۆقاندنی فکری بێدەنگی لێبکرێت. لەسلێمانی کوژران ڕەواو بێت و لەهەولێریش دادگایی کردن ناڕەوا بێت. ئەمە چ هەڵگەڕانەوەیەکە!! ئەمە گوتارێکە دەسەڵات و شەرعیەت بە کوشتن و تەسفیە دەدات، کەچی دادگایی کردن دەبێتە شەرم و شورەیی. ئەمە چ گوتارێکی ماڵوێرانکەرە، کە هەقیقەت لەپێناو شێواندنی هەقیەت بەکاردەهێنرێت.
دادگا ئەگەر کەموکورتیشی تێدا بێت، باشترە لەتیرۆری جەستەیی و تیرۆری فکری. ئازاری لەنێوبردن و تەسفییەی جەستەیی بەرهەمی ئەو چەواشەکارییە، کە هەندێک بەناوی داکۆکی لەمافی هاووڵاتیان و ئازادی بیرکردنەوە و ئازادی خۆپیشاندان بەڕێوەی دەبەن. ئەم جۆرە گوتارە وەکو ماستی سپی بەلێوی ڕەشهەڵگەڕاوی خاوەنەکانیانەوە دیارە. تەنیا شتێک لەبیری نەکەین هەڵبژاردنی کات بۆ هەر کارێک گرنگە.
هەندێک پەرلەمانتار وێنە لەگەڵ منداڵی سزادراوەکان دەگرن، بۆ ئەوەی دەنگیان پێ کۆبکەنەوە، ئەمە لەکردەوەدا کوشتنی ئەخلاقە، کۆکردنەوەی دەنگ لەڕێگەی بەکارهێنانی وێنەی منداڵێک وەکو قوربانی، زۆر لەکوشتنی عەقڵ و ویژدان قورستر و کاریگەرترە. تیرۆری ڕۆژنامەنووسێک، کوشتنی منداڵی ڕۆژنامەنووسێک، بۆچی ویژدانی هیچ لەویژدان سزدارەوە خەسێنراوەکانی نەجووڵاند. ئەو کەسانەی بەناوی ئازادی دەخەسێنرێن، ئازار و کاردانەوەکانیان زۆر لەئازاری هەقیقی ئازار بەخشترە، چونکە ئەمانە هەمیشە شایانی بەزەین.
گوتاری دادگا و زیندان، یان گوتاری گۆڕستان و تیرۆر؟ کامە گوتار دەبێتە مایەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا؟ بۆنی لەدەستدانی عەقڵ، بۆنی مردنی ویژدان، بۆنی فریودان، بۆنی هەموو شتێک لەم گوتارە دەکەم، تەنیا گوتاری یاسا و مرۆڤ نەبێت. تەنای بۆنی ڕق و ڕقلێبوونەوە و ناشێنکردنی هەموو شتێک دەکەم. قوربانییەکان قوربانی دۆخێکن، قوربانییەکان قوربانی گوتارێکی چەواشەکاریی سیاسی و حیزبین. گوتارێک دەڵێت (تەسفییە) لەدادگا کاریگەرترە و تەنیا بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕەوایی بە کوشتن دەدات و دادگا پاشکەشکە پێ دەکات. کوشتن لەدادگا شیاوترە، کوشتنی زۆنی سەوز دادپەروەرانەیە و دادگایی زۆنی زەرد کوفر و هەڵگەڕانەوەیە لەمرۆڤایەتی.
دژی زیندان و سزام، کە پەیوەندیی بە بیروڕا هەبێت!!. لەهەمان کاتدا دژی گوتارێکم کە سوڕ دەزانم، چەواشەکاریی چەواشەکارانە. کە مافور بۆ هۆکار و گومانلێکراونی بکوژی کەسانێک ڕادەخەن و لەهەمان کاتدا شکۆی دادگا دەشکێنن! کاریتە لەچاوی خۆیدا نابینێت، بەڵام پوشکە لەچاوی خەڵکی دیکەدا دەبینێت!.
ڕقم لەزیندانە، بەڵام ڕقم لە دادگا نییە، ڕقم ل پەرلەمانتاری چەواشەکارە، بەڵام ڕقم لە پەرلەمان نییە، ڕقم لە بکوژ و هاندەری بکوژەکان و هۆکاری تاوانەکانە، بەڵام ڕقم لەقوربانییەکان نابێتەوە. ڕقم لەچەواشەکاریی و گوتاری درۆئامێزە، بەڵام ڕقم لەخودی گوتار نییە. سی ساڵە دەڵێین یاسا، بەڵام دەرکەوت تەسفیە و کوشتنی خەڵک لەداگایی ئاساناتر و بێ ئاژاوەترە.!! ڕقم لەزیندانە، بەڵام دژی دادگا و یاسا نیم. ڕقم لەئازاردانی مرۆڤە، بەڵام نابێت هەموو شتێک بکرێتە قوربانی گوتاری حزباندن و بەسیاسیی کردن و ڕەتکردنەوەی هەر شتێک کە بەدڵی ئەز نەبێت.
گوتارەکان ئەوەمان پێ دەڵێن هەر شتێک لەزۆنی پارتی بکرێت ژەهرە مارە، هەر کارێک تا ئاستی تاوان و خیانەت و تەسفیەی جەستەیی و ئیرهابی فکریش لەزۆنی یەکێتی و ئەوانی دیکە بکرێت هەنگوینە! ئەمە گوتارە، یان ڕەفتارە؟. بەداخەوە گوتاری سیاسی بۆتە قوربانی ڕەفتاری سیاسی، کە ڕەفتارێکی نەخۆشە.
Top