پەیامی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەلماندی ئیرادە و هێزی سیاسی
January 28, 2021
وتار و بیروڕا
لە چەند رۆژی رابردودا، لە لایەن میدیایەکی فەرمی ئێران، دوو کورتە فیلم بڵاوکرانەوە کە باس لە هەرێمی کوردستان و قۆناغی شەری داعش دەکات.
لەم دوو کورتە فیلمەدا هەرچی راستی هەبووە شێوێندراوە، هەوڵ دراوە سوکایەتی بە هێزی پێشمەرکە و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بکرێت، جگە لە بریندار کردنی هەستی شەقامی کوردی.
بە پێچەوانەشەوە، قاسم سولەیمانی و هێزی پاسداران بە خەیاڵێکی فراوانەوە گەورە کراون وەکو فریاد رەس نیشان دراون، کە ئەگەر ئەوان نەبوانە ئەوە هەرێمی کوردستان دەکەوتە بەر مەترسی و لەوانەیە داعش توانیبوایە ئامانجەکانی بپێکێت.
بێ گومان ئێران مەرام و ئامانجی سیاسی تایبەتی خۆی لە پشت ئەم کارەدا هەبووە، کە شێوازی چەواشەکاری و شاردنەوەی راستیەکان و منەت کردن و فوبیای خەیالی مەزهەبی کاری سەرەکی دارودەستەی دەستهەلات بووە لە ئێران، بەردەوامیش بەو شێوەیە هەوڵیان داوە دیدی خۆیان هەناردەی دەرەوەی سنورەکانی ئێران بکەن.
ئەوەی ئێستا مایەی سەرنج و لەسەر راوەستانە، راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئەم بابەتە، کە چەند پەیامێک لە خۆ دەگریت.
پەیامێکی لۆژیکی و دیبلوماسیانەی نەرم، بەڵام لە هەمان کاتدا سنوری تێدا دیار کراوە.
گللەیێکی برایانە، بەڵام ئاگادار کردنەوە لەوەی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە هێلی سوورە.
بەرز راگرتنی پەیوەندی دۆستانە نێوان هەردوو لا، بەڵام هەر کارێکی دور لە راستی و لە واقع زیان بەو پەیوەندیادە دەگەیێنێ.
ستایشی ڕۆل و هاوکارییەکانی ئێران لە کاتی شەری داعش، بەڵام لەسەر حسابی قەوارەی هەرێم و ئیرادەی گەلی کورد نابێت.
ئەم وەڵامە لۆژیکیانە، سۆفت پاوەر، هێز و ئیرادە و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە بریاردان دەسەلمێنیت.
ئاماژەیەکە لەوەی کە پێگەی هەرێمی گوردستان لەو ئاستە بەهێزە دایە کە دەتوانێت وەڵامی وڵاتانی دەوروبەر بداتەوە، کە لەوانەیە پێش ماوەیەک بەر لە ئێستا ئەو هەڵوێستە بە زەحمەت بووە، بەڵکو زیاتر هەوڵی رازی کردن و موجامەلە دراوە.
ئەم شێوازە نوێیەی پەیامی سیاسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدانەوە، ئاماژەیە بۆ پرسێکی تر، کە ئەویش گۆڕینی باڵانسی هێزە لە ناوچەکەدا.
بە پێی رووداوەکانی ناوچەکەش پێشبینی ئەوە دەکرێت ئەو باڵانسە لە بەرژەوەندی کورد دا بێت.
زۆر گرنگیشە بۆ داهاتوو لەسەر هەمان شێواز و رێچکە وەڵامدانەوەی گونجاو بۆ رووداوەکان هەبێت.
هەرێمی کوردستان پاش ئەوو هەموو فشار و دژایەتی و پیلانەکانی دووچاری هات، بووە هۆی پەیدا بوونی جۆرێک لە بێ ئومێدیش لەسەر ئاستی سیاسی و شەقامی کوردی.
ئێستا هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر سەلماندنی ئیرادەی سیاسی هەیە، بونیاد نانی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەر لەسەر بنەمای رێز گرتن و بەرژەوەندی هاوبەش، دور لە دەست هێنان بۆ کاروباری ناوخۆیی و هەوڵی ناشرین کردنی بەرامبەر، یان فشار کردن.
پێویستی بە بونیادنانەوە و گەراندنەوەی متمانەیە بۆ شەقامی کوردی و ئاسودە کردنی ناخی تاکی کورد هەیە.