ترەمپ لەماوەی چوار ساڵ حوکمڕانیی خۆی چیی بۆ کورد کرد؟

ترەمپ لەماوەی چوار ساڵ حوکمڕانیی خۆی چیی بۆ کورد کرد؟

کاتێک لەساڵی 2017 ترەمپ بوو بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموومان هیواخواز بووین کە ئەستێرەیێکی نوێ درەوشاوە لە ئاسمان هەڵبهێت و ببێت بە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ میللەتی کورد، کەچی بە تێپەڕبوونی کات لە ماوەیێکی کەمدا ڕۆژ بەڕۆژ ڕووداوەکان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ئالۆزتر دەبوون و ، ساڵ لەدوای ساڵ قەوارەی هەرێم و ناوچەکانی تری کوردستانی سووریا بەرتەسکتر دەبوونەوە.
ئەوەتا هەروەک هەموومان دیت، لەماوەی چوارساڵی حوکمڕانیدا ترەمپ بوو بە هۆکاری لەدەستدانی چەندین شوێن و پێگە گرنگەکانی میللەتی کورد و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان و لاو و ڕۆلەی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی خاکی کوردستان، بەتایبەت لەهەردوو کوردستانی باشوور و ڕۆژ ئاڤا !!
گەر لە کوردستانی باشوورەوە دەستپێبکەین دەبینین کە
ترەمپ و هێزە ئەمریکییەکان لە سەربازگەی "K1" دەستێکی باڵایان هەبوو لە هێنانی هێزە عێراقییەکانەوە بۆ داگیرکردنی پارێزگای کەرکووکی دلی کوردستان و ڕادەستکردنەوەی ٥۱٪ی خاکی هەرێمی کوردستان بە عەرەبە هاودۆستەکانی!
هەروەها لەڕۆژ ئاواوە پەلکێشکردنی سوپای تورکیا بەقووڵایی زیاتر لە ۳٠کیلۆمەتر بۆ ناو شاری عەفرین و گرێ سپێ، و کوشتن و دەربەدەربوونی هەزاران خێزانی کورد لەو ناوچەیەدا، کە شایەنی باسە ئەو شوێنە لە داهاتوودا بە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان دادەنرا بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری دەریای ناوەڕاست.
لەماوەی داهاتوودا پێویستە کورد چی بکات....؟
بۆئەوەی پەندێک لە ڕابردوو وەربگرین و نەمانەوێت لەداهاتوو تووشی هەمان کێشە ببینەوە، ناکرێت ئێمە دەستەوەستان بەدیار ڕووداوەکانەوە بوەستین، ئاخۆ سبەی تووشی چ کارەسات و پەڵامارێکتری دوژمن و نەیارەکانمان دەبینەوە، بەڵکو لەسەر بڕیاردەر و سیاسەتمەدارە دیپلۆماتکارەکانمان پێویستە هەرچی زووە هەڵسن بە داڕشتن و گرتنەبەری سیاسەتێک و ڕێگاچارەیێک کە لەداهاتوو بتوانن بەشێوەیێک خۆمان لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان بگونجێنین کە هەرکات وڵاتانی دراوسێ ویستیان زەفەرمان پێ ببەن، ڕاستەوخۆ وڵاتە زلهێزەکان بکەونە گیانی بەرگری وڕێگریکردنی نەیارەکانمان، بەتایبەت پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لەئێستادا سەرۆک "جۆ بایدن" سەرکردایەتی دەکات، چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ، ئێستا جیهان بە شێوەیێکی تاک جەمسەری بەڕێووە دەبرێت، کە ئەویش وڵاتی ئەمریکایە و لە ئێستادا سەرکردایەتیی جیهانی لەدەستە، کەواتە هیچ گونجاو نییە ئێمە بە پێچەوانەی شەپۆلەکانی وڵاتە زلهێزەکان لە دەریای سیاسەتدا مەڵە بکەین.
بۆیە پێویستە پێداچوونەوەیێک بەسیاسەتی دەرەوە بکرێ کە جیاواز بێ لە سیاسەتی ساڵانی پێشتر، بێگومان ئەمەش پێویستی بە خۆلقاندنی بارودۆخێکە کە لەبەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکانی جیهاندابێ.
چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ هەر هەنگاوێکی هەڵەمان کە لەگەڵ بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەکان نەگونجێ، بێگومان بە زەرەری خۆماندا دەشکێتەوە و دوور نییە ڕووبەڕووی هێرشی سەربازییش ببینەوە.
لەکۆتاییدا پێویستە بڵێم: چۆن لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ کوردستانی کرد بە چوار پارچەی جیا جیا، ئاواش کە ترەمپ بوو بە سەبەبی لەگۆڕنانی خەونی دەوڵەتێکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ چەند ساڵ و سەدەیێک.
بەڵام ئیتر باڵانسی هێز و سیستەمی نێودەوڵەتی وایە هەر ڕۆژەو تۆپ لە ساحەی وڵاتێکە و هەر ڕۆژەو خۆری میللەتێک هەلدێ، بۆیە ناکرێ ئێمەش لەخەبات و هەوڵ و کۆشش و بەرخۆدان بوەستین، هەروەک چۆن میللەتی کورد خۆڕاگر بووە لەگشت ڕووداوە تراژیدیا و کارەساتە مێژووییەکان، پەنا بەخوا و هێزو ئیرادەکەی هەر واش خۆڕاگرو بەهێزتر و بەهێزتردەبێ لەداهاتوودا.
Top