چەواشەکارییەکانی ئێران پێگەی نەتەوەیی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەیە بەهێزتر دەکەن
January 25, 2021
وتار و بیروڕا
ئێران لەم ڕۆژانە فلیمێکی ساختەکاری درۆزنانەی دژی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و شێواندنی پێگە و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دروستکردووە و بڵاوی کردۆتەوە. هەندێک کەناڵی کوردی و هەندێک گروپی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وەکو بەشێک لەو چەواشەکاریی و بوختان و هێرشە دەروونیییەی دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە، بەشداری لەبەرهەمهێنانی گوتارێکی دوژمنکارانە دەکەن.
ئێمە دەزانین ئێران لەڕێگەی (هاوپەیمان)ەکانی، لەڕاستیدا من بڕوام وایە (هاوپەیمانی) لەفەرهەنگی ئێران نییە، چونکە ئێران بڕوای بە هاوپەیمانی نییە، بەڵکو کار بۆ دروستکردنی کلایەتی و پاشکۆبوون و جێبەجێکار دەکاتەوە، بەهەموو جۆرێک کاری کردووە هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و حکوومەت و تەنیا سیستەمی فیدرالیش نەمێنێت. ئەو هێزانەی پێیان وایە ئێران دەتوانێت لەقەیرانەکانیان هاوکاریان بێت و هێزیان بۆ دەگێڕێتەوە، وەکو ئەوە وایە لەنێو بەستەلەکێکی سەختدا خەون بەئاگرێکی مەزنی گڕدار ببینێت. حزبە شیعییەکان بەرەو ئاراستەیەکدا دەڕۆن، وایان لێکراوە کورد بەتایبەتی حکوومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێگر لەخۆسەپاندن و کۆتایی هێنان بەهەموو پێکهاتە و ئاراستە و ئاین و مەزهەب و نەتەوەیەک ببینین.
لەساتەکانی ڕیفراندۆم، دوای ئەوە دەرکەوت سۆز و پاڵپشتییەکی کوردستانی لەزۆربەی پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ خودی سەرۆک بارزانی دروستبوو، لە کوردستانی ئێراندا گەلی کورد بەئاشکرا، ئەم سۆز و پاڵپشتییە نەتەوەییە ڕاشکاوانەیان دەربڕی و پێگەی نەتەوەیی بارزانی و پارتی بەرەو وێنەیەکی ئەرێنی و بەهێز دەچێت، هێزی پێشمەرگە لەلایەن هێزی هاوپەیمانان وەکو هێزێکی بەهێزی فەرمی و پارێزەری ئازادی هاوکاری دەکرێت ئەمەش لەکردەوەدا نە لەقازانجی ئێران و تورکیا و عێراقە، نە هەندێک هێزی کورد ئەمە بەکردەوەیەکی دڵخۆشکەر بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن، بۆیە ئاساییە ئێران لەم دۆخەدا بیر لەسوکترین و خراپترین شێوازی سوکایەتی بە گەلی کوردستان بکاتەوە.
ئێران لەماوەی ڕابردوودا ویستی لەڕێگەی کردنەوەی حوسێنییە لە سلێمانی و داگیرکردنی مەزهەبیانەی کەرکووک و بڵاوکردنوەی میلیشیای حەشدی شەعبی لەناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاکو دەگاتە شەنگال کۆنترۆل بکات، ئەمە لەکردەوەدا بە هاوکاری پەکەکە و هەندێک هێزی دیکەی کوردستانی باشور بەڕێوەچووە. لەکردەوەدا ئێران چەند ئامانجێکی هەیە، لەوانە:
یەکەم: گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچە ناکۆکی لەسەرانەی پێویستە بەپێی دەستوور یەکلایی بکرێنەوە.
دووەم: بەهاندانی پەکەکە و پاڵپشتی هەندێک هێزی دیکە دەیانەوێت دەسەڵات و پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن.
سێیەم: دەیانەوێت کورد و سنونە لەڕووی جوگرافییەوە لێکدابڕن و بۆ ئەم مەبەستەش سنووری نێوان کورد و سونە بەلوغمی مەزهەبگەرایی سیاسی مینڕێژ بکەن.
چوارەم: دەست بەسەر کەرکووک و داهاتە نەوتییەکەی دابگرن، وەکو چۆن لەخوارووی عێراقدا حاکم و هەڵسوڕێنەری نەوت و داهاتی عێراقن و عیراق وەکو سەرچاوەیەکی داهات و دارایی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی خۆیان بەکاردەهێنن.
پێنجەم: لاوازکردنی پێگە و دەسەڵاتی ئەمەریکا لەعێراقدا، ئەوان زۆر لەوە نیگەرانن لە پارتی دیموکراتسی کوردستان پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و تورکیا و ڕووسیا هەیە.
شەشەم: ئێران لەهێز و پێگە و جەماوەریی بوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەهەڵسانەوەی گەلی کوردستان لەنسکۆ و قەیرانەکان و سەرکردایەتی سیاسەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە، بۆیە بەهەموو هێزیانەوە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، خۆیان بن، یان لەڕێگەی کلک و گوێ ڕاکێشراوەکانیان لە هەرێمی کوردستاندا کار بۆ تێکشکاندن، نەک تەنیا لاوازکردنی واقیعی هەرێم دەکەن.
حەوتەم: ئێران ڕوو لەهەر ناوچەیەک بکات نایبوژێنێتەوە، بەڵکو کاولی دەکات و داهات و سامان و هێزی ئابووری و مرۆییەکەی لەپێناو سیاسەتی فراوانخوازیی مەزهەبی خۆی بەکاردێنێت. بۆیە ئەو گوتارە چەواشەکارییەی ئێران لەڕێگەی ڤیدۆ و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنی گرێدراو بەخۆیان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فشاری دیبلۆماسی و هاندانی لایەنە سیاسییە شیعییە عەرەبییەکان و هەندێک حزبی کوردی، بەهیچ جۆرێک بیر لەخزمەتگوزاری و ئاوەدانی ناکاتەوە، بەڵكو دەیەوێت ئەو شوێنانە بکاتە بەرەی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا و ئەو وڵاتانەی لەگەڵیان ناکۆکە.
هەشتەم: ئێران دەمێکە دەیەوێت هێزێکی سیاسی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دروست بکات، بۆ ئەوەی وەکو پەکەکە بەگژ هەرێمی کوردستانیدا بنێت، بەڵام نیشتیمانپەروەریی هەموو لایەک، ئێرانی لەم بارەوە بێ ئومێد و دڵتەنگ کردووە.
نۆیەم: ئێران چەندە دژی دەوڵەتی کوردستانە، دە هێندەش دژی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و بوونی هێزێکی مۆدیرنی ڕاهێنراو بە پاڵپشتی هاوپەیمانانە لەهەرێمی کوردستان، بۆیە دەیانەوێت سوکایەتی بە قوربانی و هێز و کاریگەریی پێشمەرگە وەکو رەمزی پاراستنی گەلی کوردستان بکەن.
خوێنەری وریا، بینەری شارەزا، باش دەزانن گوتاری ئێران چەواشکارانەیە، ئێران لەپێگە و هێز و خۆڕاگری گەلی کوردستان لەباشور و هێز و پێگەی سەرۆک بارزانی و ڕۆڵی پێشمەرگە نەک هەر نیگەرانە، بەڵکو بەردەوامی و ئاسودەیی و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بەمەترسی بۆ سیاسەت و ستراتیژی مەزهەبی خۆی دادەنێت.
گرنگ؛ گوتاری هەڵبەستراوی ئێران دژی هەرێم و ڕێبەرە کاریگەرەکانی نیشانە و ڕەمزن بۆ ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی و کاریگەریی هەرێم نەک پێچەوانە. من دڵنیام ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتی هەرێم و خاکەکەی بگوازرێتەوە بەسرەش، ئێران و هاوشێوەکانی لەدژایەتی گەلی کوردستان و ڕەمزە باڵاکانی ناوەستن. هەرچەندە ئێران دژایەتی سەرکردە و سیاسەتی هەرێمی کوردستان بکات، باشتر بۆم ڕوون دەبێتەوە، کە هەرێمی کوردستان بەئاراستەیەکی گونجاوی ڕاستبێژی کارتێکەردا دەڕوات، ئەگەر ئێران فەرشی سووری بۆ ڕاخستن، واتە ئەوان لاربوونەوە و چەمانەوە و کلک لێکگرێدانێکیان بە سیاسەتی ئەواندا هەیە. شەرمەزاریی و شکانی شکۆ نییە ئەگەر ئێران سوکایەتی بە کورد و سەرکردە و هێزەکانی بکات، بەڵکو دەبنە جێگەی گومان و هەزار گریمانە ئەگەر ئێران ستایش و مەدحیان بکات.
تەنیا شتێک، ئەگەر ئێران هێندە بەهێزە، بۆ ناتوانێت لەقووڵایی خاکەکەی خۆیدا پارێزگاری لە فەخری زادە و هاوشێوەکانی بکات، بۆ فڕۆکەی ئۆکرانی دەخاتە خوارەوە و بۆ ناتوانێت ژیانی خودی قاسمی سلێمانی و داردەستەکانی بپارێزێت، بۆ نەیتوانی بەرگری لەو سەدان هەزار کەسەی خۆیان بکات، کە لە سوریا کوژراون، بۆ ناتوانێت بەرگری لەتەقینەوە بەهێز و هێرشە ئاسمانییەکان دژی بنکە گومانلێکراوەکانی چەکی ئەتۆمی خۆی بکات. ئێران ئەگەر خێری هەبووایە، دەبووایە برینەکانی خۆی چارەسەر بکات، نەک بانگەشەیەکی سیاسی گەمژانە بکات و بڵێت ئێمە هەولێرمان لە داعش پاراست. ئێران و نوری مالکی خۆیان بەشێکن لەگەمەی بڵاوبوونەوەی داعش و گۆڕینی ئاراستەی داعش، ئەو کاتەی نزیک بەغدا بۆوە، موسلیان تەسلیم کرد و هێرشان بکردە سەر هەرێمی کوردستان. ئێران گریانە دروستکراوەکە بۆ هەولێر، وەکو ڕووداوە دروستکراوەکانی دیکە، ئەوان کارەکتەر و هەواڵ و سیناریۆییەکانی نێو ڤیدۆکەشیان دروستکراوە و کەس بەم گریانەی ئێران بۆ هەرێم سۆزی ناجووڵێت. من ئێستا پێگەی نەتەوەیی بارزانیم لا بەهێزترە، مانەوە و بەردەوامی هەرێمم لا مەبەسترە.