کوردی نەیارو نەیارانی کورد

کوردی نەیارو نەیارانی کورد

کاتێک ئاور لە مێژوی سیاسی خۆمان دەدەینەوە وەک کورد بە شێوەیەکی گشتی، وە لاپەڕەکانی مێژوی سیاسی خۆمان ھەڵدەدەینەوە، دەبینین کوردی نەیارو نەیارانی کورد بە شێوەیەکی ھاوبەش بە خڕابترین شێوە ڕوبەڕووی دوزی نەتەوەییمان بونەتەوە، بە جورەھا شێواز ھەوڵیان داوە کوردو ناسنامە نەتەوەییەکەی لەنێو ببەن و شتێک نەھێڵن بە ناوی کوردو کوردستان.


شایانی باسە دوژمن دوژمنە و لێمان دیارن ھەموو ئەو دەوڵەتانەی کە کورستانیان داگیرکردووە و چەندین سەدەیەش لە بزاڤی بەردەوام دان لە دژی کورد، ھیچ نەماوە لە گەڵ کورد نەکەن.

بەڵام ئەوەی کە مایەی نیگەرانیە بونی کوردی نەیارە لە نێوخۆی کوردستاندا کە زۆر سەرسەختانەتر وشێلگێرانەتر سەنگەریان لە گەل و نیشتیمانەکەیان گرتووە، ئەجندا و نەخشەی سیاسی نەیارانی کورد بە زیادەوە جێبەجێ دەکەن، ئەوەی کە نەیارانی کورد پێیان نەکراوە ئەوان دەیکەن بە وەکالەت وەک ئەڵقە بە دەستەکانیان.

داواکردنی بڕینی بودجەو موچەی
فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٤ لە نوری مالیکی، چەپڵە لێدان و دەھوڵ کوتان و پاڵپشتی کردنی ھندێ حزب و لایەنی سیاسی لە ھەڕەشەو پەلامارەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

دژایەتی کردنی پڕوسەی ڕیفراندۆم کە شۆڕشێکی مەزنی شارستانی میللی و دیموکراسی بوو، بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و سەرفەرازی و ڕزگاری یەکجارەکی لە کوێلایەتی و ژێر دەستی؛ کە ئەنجامەکەی بە ڕادەستکردنی کەرکوک و گشت ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بە حەشدو سوپای نافیدڕاڵی عێراق کۆتایی پێھات.

تاکو حاڵی حازریش نەیارانی کورد لە بەغدا خەریکی لێدان و تێکدانی ڕەوشی ھەرێمی کوردستانن، ڕێگرن لە بەردەم سەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و ھەرێم، بە ئامانجی لاوازکردنی پێگەی سیاسی و ئابوری ھەرێمی کوردستان بە فەرمانی ئاغاکانیان لە سەر ئاستی عێراق و دەوڵەتێکی ھەرێمی.

ئەمانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان مشتێکن لە خەروارێکی خیانەتی نیشتیمانی کە بونەتە بەڵای سەری ئەم گەلە ستەم دیدەیە و خێر لە خۆ نەدیوە.

کەواتە لێرەدا دەگەینە ئەم ڕاستیە خیانەتی نیشتیمانیە کە بووەتە ھۆی خوڵقاندنی ئەم دۆخە ناڵەبارو مەینەتبارەی خەڵکی کوردستان بە گشتی؛ تاکە ڕێگاش بۆ دەربازبون توکمە کردنی نێوماڵی خۆمانە، ئەمەش کارێکی ئاسان نیە و کاتی دەوێت لە پڕوسەیەکی دینامیکی بەردەوام دا دەبێ گوزەر بکات.
Top