نەخۆشییەکان و چارەسەریان لە کوردستان
January 23, 2021
وتار و بیروڕا
زۆر نەخۆشی ھەن کە لە سەرەتا نیشانەی ئەوتۆ دروست ناکەن و نەخۆشی ماتن؟ وردە وردە کاری خۆی دەکاتن؛ ھەتا ھەلی بۆ دەڕەخسێت و بۆی دەلوێت و نەخۆشییەکە سیرایەت دەکێشێت یان زیاتر دەتەنێتەوە یان بڵاوەی لێدەکات؛ ئەو کات: دەزانرێت یان مەزەندە بۆ بوونی نەخۆشییەکە دەچێت؛ وە لەو قۆناغەش کە نەخۆشییەکە دۆزرایەوە وەکو ئەوە نییە؛ کە: لە سەرەتا پەی بۆ بردرێت؛ لەوانەیە: چارەسەر و چاکبوونەوە و تێچوون و کاتی کەمتر بووێت؟ وە ھەروەھا ژیان و تەندروستی کەسەکە نەکەوێتە مەترسییەوە؛ وە ماک و ئاڵۆزی دروست نەکات و ھەتا ئەگەری سەرھەڵەدانەوە و ھاتنەوەی نەخۆشییەکە زۆر کەم دەبێتەوە ئەگەر ھاتوو زوو دەست نیشان بکرێت و بدۆزرێتەوە. گرفت و ئاریشەی ھەرە گەورەی کۆمەڵگای کوردەواری؛ ئەوەیە کە: کەسەکان ھەتا نەخۆش نەکەون و باری تەندروستییان نەکەوێتە مەترسییەوە؛ ئەوا: سەردانی پزیشک ناکەن؟ وە تەنانەت گرنگی بەباری تەندروستی خۆیان نادەن؟ ئەوە سەرەڕای ئەوەی؛ کە: تاکی کوردی لە ڕووی ڕۆشنبیری گشتی و ھۆشیاری دروستی ئاستی ڕۆشنبیری کەمە؛ وە خوێندنەوەش کەم بووە؛ لەگەل ئەو واقیعەی کە لە کوردستان ھەیە و نەبوونی دەوروبەری تەندروست؛ ھەر بۆیە: ئەگەر ھاتوو نەخۆش کەوت و باری تەندروستی کەوتە مەترسییەوە؛ ئەوا: سەرەتا لە خۆیەوە دەرمان بەکار دێنێت؛ وە ئەوە زیاتر ھۆکار دەبێت بۆ ئەوەی نەخۆشییەکەی سیرایەت بکشێت و ئەگەری دەرکەوتنی ماک و ئاڵۆزییەکانی نەخۆشییەکە زیاتر بێت. ئەمە ئەوە دەردەخات؛ کە: لە بواری گرنگیدان بە تەندروستی تاک کەمە، ھۆشیاری دروستی کەمە و بارودۆخی ژیان و ژینگە تەندروست نییە؛،بیمەی تەندروستی نییە و خزمەتگوزاری تەندروستی بەگوێرەی پێویست نییە، ئەوە ھەموو ھۆکار دەبێت لەوەی کە تاکی کوردی ھەوڵی ئەوە بدات؛ کە: زۆر نیشانەی نەخۆشی ھەن زوو بیانناسێتەوە و ئەگەر ھاتوو ئەو نیشانانەی لە سەر وەدیار کەوت؛ ئەوا: سەردانی پزیشک بکات بۆ ئەوەی ھۆکاری تەواوی دەرکەوتنی ئەو نیشانانەی بۆ دیاری بکات. بەو مانایەی دەبێت نەخۆش بێتە ناو مەیدانی چارەسەر کردن و ھەروەک کوو ژیان گۆڕانکاری بەسەر داھاتووە؛ ئاوەھاش دەبێت پڕۆسەی بینینی نەخۆش و چارەسەر کردنی نەخۆشی بگۆڕدرێت. ئەمەش چونکە نیشانە ھەیە بە ھۆی ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشی دەردەکەون و چارەسەریشی بە دیتنەوە و دیاریکردنی ھۆکارەکە دەبێت؛ کە: لەو کەسە ئەو نیشانەی دروست کردووە. پێش ھەموو قسە و باسێک دەبێت ھەندێک ڕەفتار و ئاکار دەناو فەرھەنگی میللەتی ئێمە ھەیە؛ ئەوا: ھەوڵ بدرێت چاک بکرێت یان بەرەو باشتر بچێت. ھەروەک:
ڕ. دیاری کردنی نەخۆشی: سەرەتا ئەگەر ھەر نەخۆشییەکت ھەبوو؛ ئەوا: ھەتا نەخۆشییەکەت دیاری نەکرێت نەکەی ھیچ دەرمانێک بخۆیت؟ دیاری کردنی نەخۆشی؛ کە: ئیش و کاری پزیشکە و مافی نەخۆشە؛ وە ھەموو کات یەکەم ھەنگاوی چارەسەر کردنی ھەر جۆرە نەخۆشییەک لە دیاری کردن و دیتنەوەی نەخۆشییەکە دەست پێدەکات و بەگوێرەی ئەو دیاری کردنە چارەسەرییەکان دەدرێت. قەت نەکەیت لە خۆڕا و بەبێ ڕاوێژی پزیشک دەرمان یان ھەر جۆرە چارەسەرییەک بە بیانووی چارەسەری نەخۆشییەکی دیاری کراو بخۆیت؛ دەبێت نەخۆشییەکە بدۆزرێتەوە ئەو کات چارەسەری زۆر ئاسان دەکەوێت.
ب. لەخۆوە پشکنین کردن: کردنی پشکنین لە تاقیگەکان بە بیانووی گرنگیدان بە باری تەندروستی یان بەبێ ڕاوێژی پزیشک؛ ئەوا: ھەم زیادە سەرف کردنە و ھەم بەفیڕۆدانی کات و ماڵ و داراییە؟ قەت لەخۆڕا یان بەبێ پزیشک پشکنینی تاقیگەیی مەکە؛ وە ھەموو دەم بڕۆ بۆ لای پزیشک ئەو پشکنینت بۆ دەنووسێت؛ ئەوجا ھەموو ئەو پشکنینانە بکە. یەک پشکنین؛ لەوانەیە: ڕێژە ئاساییەکەی لە یەکێکەوە بۆ یەکێکیتر بگۆڕێت و جیاواز بێت؛ وە ھەتا لێکدانەوەی دەرئەنجامەکانی لە یەکێک بۆ یەکێکیدی بە گوێرەی تەمەن و ڕەگەز و باری شارستانی و بوونی نەخۆشی بگۆڕێت؛ ھەر بۆیە: مرۆڤ نابێت لە خۆیەوە یان بە قسەی ئەم و ئەو یان بە ھۆی خوێندنەوەی بابەتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یان لە تۆڕی ئینتەرنێت بچێت پشکنین بۆ خۆی بکات؟ ئەمەش چونکە پڕۆسەی دیاری کردن و چارەسەری نەخۆشی لە بواری پزیشکی سەرەتا لە وەرگرتنی چیڕۆکی چۆنیەتی دەرکەوتنی نیشانەی نەخۆشییەکە و چۆنیەتی سەرھەڵدانی نەخۆشییەکە لە نەخۆشەکەوە دەست پێدەکات؛ وە زیاتر لە ھەشتا و پێنج لە سەتی دیاری کردن بەوەوە بەندە نەک بە کردنی پشکنینەکان؛ وە پزیشک ئەو چیڕۆکە لە زمانی نەخۆشەکەوە وەردەگرێت. دواتر؛ ئەو پازدە لە سەتەی دەمێنێتەوە بە ھۆی کردنی پشکنینی دیاری کراوەوە دەبێت نەک بە کردنی ھەموو جۆرە پشکنینەکانی تاقیگە. دەرئەنجامی یەک پشکنین؛ لەوانەیە چەند جۆرە لێکدانەوەیەکی ھەبێت؟ وە تەنانەت جاری واھەیە؛ کە: دەرچوونی ڕێژەی ئاسایی پشکنینێک؛ لەوانەیە: مانایتری بدات بۆ پزیشکەکە؛ ھەر بۆیە: نەکەیت بەبێ ڕاوێژی پزیشکی چارەسەرکەر پشکنین بکەیت.
ت. ئینتەر نێت و تۆڕی کۆمەڵایەتی: ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان دەنووسرێت؛ ئەوا: مەبەست لێی تەنیا زیاد کردنی ڕۆشنبیری تەندروستی و ھۆشیاری دروستی و مەرج نییە ھەرچی لە ئینتەر نێت یان ڕاگەیاندنەکان نووسرا؛ ئەوا: سەت لە سەت تەواو و زانستی بێت؟ ڕاگەیاندن بە ھەمووی جۆرەکانی {نووسراو؛ بینراو؛ ئەلیکتڕۆنی؛ بیستراو}، بۆ ئەوەیە: کە تەنیا زانیاری بدات؛ وە بۆ دیاری کردن و تەشخیسی نەخۆشی نییە؟ دیاری کردن و دیتنەوە و تەشخیسی نەخۆشی کاری پزیشکی پسپۆڕە. ئەوەش لە بیر نەکەین؛ کە: لە ڕووی تەندروستییەوە ھەتا ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنی فەرمی نییە؛ وە کەناڵێکی دیاری کراوی نییە؛ کە: بە زمان حاڵی حکومەت دابنرێت. ھەر بۆیە: ئەگەر نیشانەی نەخۆشییەکت ھەبوو؛ وە لە ڕاگەیاندن خیندتەوە؛ ئەوا: مانای ئەوە نادات؛ کە: ئەلف و بێی چارەسەر کردن پشتگۆی بخەیت و نەچیت بۆ لای پزیشک؟ ئەمەش چونکە تەنیا پزیشک بەشێوەی فەرمی ڕێگادراوە؛ کە: لێکۆڵینەوە و بەدوا داچوون بۆ نەخۆشی بکات؛ وە ھەر ئەویش چارەسەر دەدات و نەکەیت لە خۆتەوە چارەسەر بخۆیت.
پ. خواردنی دەرمان: ئاگادار بە؛ کە: دەرمان ژەھرە تا پێویستمان پێی نەبێت؛ ئەوا: پەنای بۆ نابردرێت. ھەر بۆیە: بە ھەموو جۆرێک لە لەخۆوە بەکارھێنانی دەرمان یان دەرمان بەکارھێنان بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕ یان دەرمان وەرگرتن لە کەسانێک؛ کە: پسپۆڕی ئەو بوارە نیین یان خواردنی دەرمان بە ھۆی خزم و کەسی ناسیاوەوە؛ کە: بارێکی نەخۆشی دیاری کراوی ھەبووە و پێشتر ئەو دەرمانەی خواردووە و تۆ ئەو نیشانانەت لە سەر وەدیار کەوتووە؛ ئەوەش مانای ئەوەیە؛ کە: تۆش ئەو نەخۆشییەت ھەیە و ئەو دەرمانە بخۆیت یان پێشتر ھەر خۆت ئەو نیشانانەت ھەبووە؛ وە ئەو دەرمانەت خواردووە و نیشانەکانت نەماوە؛ ھەر بۆیە: ئەوە مانای ئەوە دەدات کە ھەمان نەخۆشیت ھەیە؛ ئەوانە: ھەمووی ھەڵەن و نازانستیین؟ زۆر نەخۆشی ھەن؛ کە: یەک نیشانە دروست دەکەن یان کۆنیشانە ھەیە؛ کە: ھۆکاری دەرکەوتنی نیشانەکانی جیاوازە یان لەوانەیە دەرمانێک بە ھۆی بوونی حالەتێک لە کەسە ناسیاوەکەت باش بێت بەڵام ھەر ھەمان دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشی بەڕێزت مەترسیدار بێت؛ وە کاردانەوەی لاوەکی و زەرەر و زیانی بۆ تۆ ھەبێت یان نەخۆشییەکەت تیر بکات یان یارمەتی زووتر و زیاتر دەرکەوتنی نیشانەکان بدات.
ج. دەرمانی گیایی: دەرمانی گیایی بە ھیچ شێوەیەک بۆ چارەسەری نەخۆشی نییە؟ وە قەت نەکەیت دەرمانی گیایی بەکار بھێنیت؛ وە نووسینی ئەوەی کە تەواو سروشتییە بە ھەڵەت دانەبات؟ لە کوردستان پزیشکی پسپۆڕی بواری گیا دەرمانمان نییە؛ وە کەسیش ڕێگا پێدراو نییە کە دەرمانی گیایی بە خەڵک بفرۆشێت و چارەسەری نەخۆشی بە گیا دەرمان بکات. ھەتا لەو گیا دەرمانانەی؛ کە: ڕێکلامی بۆ دەکرێت یان لە ڕێگای تۆڕی ئەلیکتڕۆنیش کە وا دەنووسرێت بۆ نەخۆشی یەکا و یەکە؛ ئەوانە: ھەمووی ناڕاست و نازانستی و ناتەواون و ھیچ پەیوەندیشیان بە بواری پزیشکییەوە نییە.
ح. خۆپاراستن: تەندروستی و دروستی جەستە و دەروون بەخشینێکی خواییە و مرۆڤ دەبێت سوپاس گوزاری یەزدان بێت؛ ئەویش: بە پارێزگاری کردن لە تەندروستی و گرنگیدان بە لەش و جەستە و دەروونی و دەوروبەری و فەراھەم کردنی دەوروبەری تەندروست بۆ خۆت و کۆمەڵگا و دەوروبەر بە ئەرک بزانە؛ کە: ئەرکێکی ئایینی و نیشتیمانی و مرۆیی و نەتەوەییە.