ڕیخ و ڕێخ!!!

ڕیخ و ڕێخ!!!

دەرێی، قەندی لەندەنی
وەنەوشەی دەم چیمەنی
ئەگەر تۆ بڵێی حۆریم
ئەمن قەت نارێم؛ وەنی!!!!

مانی کوردەواری وەتێ وەتێ بە ھۆی مانەوەی زمانەکەی بووە و دەوڵەمەندی زمان نەبووایە؛ ئەوا: لە ئێستادا قەت گوێبیست نەدەبووی و نەتدەدیت کەسێک بڵێت؛ کوردم!؟ مەگەر تاک و لۆق دەنا نەدەیترا.
بچینەوە؛ سەر ئەو وەسفەی ئەم شایەرە لۆ یار و نازدارەکەی کردووە و تەنانەت کراوە بە گۆڕانی و گۆترایتەوە. (دەرێی؛ قەندی لەندەنی) لێرەدا شایەر وەسفی یارەکەی دەکات و تەمەنەکەشی دیاری دەکات؛ کوو؟ لەبەر ئەوەی (قەندی لەندەن)ی سپی و سفتە! ئەوا وێچوواندنی یارەکەی بەو قەندە مانای وایە کچەکە لە تەمەنی کۆتایی یان ناوەندی ھەرزەکارییە و ھێشتا تەواو ڕەسیدە نەبووە و بەو مانایە تەمەنی لە نۆزدە و خوارتر دەدات! چونکە کچ ئەگەر تەواو ڕەسیدە بێت؛ ئەوا: بڕۆکەک گۆشتن دەبێت و بەو شێوەی باسکراوە چووست نابێت.. وەبیروشو بێت؛ کە: قەند یان شەکر ناوەخنی شیرینە و مرۆڤ بە کلۆیی و بە ووردی حەز بە خواردنی دەکات و دەگەل خوێ بە دوو ماددەی زۆر حەز لێکراو دادەنرێت..ئەوجا ببینە کچەکە ھەرزەکارە، چووست و چالاکە، سپی و سفت و جوانە، ڕێک پۆشە، ھەموو کات دەست ناکەوێت، ویستراوە...
وەنەوشەی دەم چیمەنی = چیمەن ئاودانی زۆر دەوێت!!! کاتێک ھەر گیایەک یان گوڵێک یان ڕووەکێک لە دەم چیمەن دەڕوێت؛ ئەوا: ئاوی زۆری دەچێتەوە بنێ و تێر ئاو دەبێت؛ وە کوو بڵێی (لە ناوەندێ بخوات و لە ڕۆخێ پاڵ بداتەوە؛ وایە!!). لێرەدا؛ ئەگەر کەسێک خواردن و خۆراکی تەندروست بێت؛ ئەوا: ڕەنگ و ڕوو و ئاکار و ڕەفتاری تەندروست دەبێت و لە دوور ڕا لێی وەدیار دەکەوێت. لێرەدا؛ وەسف کردنەکە لۆ حال و بارودۆخ و جوانی و تەنانەت چاویشی کراوە. کەسێک خواردن و خۆراکی تەندروست بێت؛ ئەوا: چاویشی جوان دەبێت و کاردانەوەی جوانی لەسەر وەدیار دەکەوێت لە ڕووی بیرکردنەوە و ڕەفتار و ڕاکێشانەوە گەنجان جلەوکێش دەکات.
ئەگەر تۆ بڵێی حۆریم، ئەمن قەت نارێم، وەنی!!!! لێرەشدا؛ چەند مەبەستێک دەبەخشێتەوە!!! پاک و بێگەردی کچەکە؛ ناز و مەکریش وێنا دەکات، ئەو جگە لەوەی دیسان جوانی کچەکەش دێنێتەوە بەر باس بەڵام بە شێوەیەکی پەنھانی و شاراوە.... (ئەمن قەت نارێم، وەنی!!!) سەیری پلەی خۆشەویستی و متمانە بوونی کوڕەکە لۆ یار و نازدارەکەی بکە و لە خۆشەویستیدا گەیشتۆتە چ پلەیەک!؟ کە؛ ئەگەر کچەکە خۆی بە فریشتە و حۆری بچووێنێت، ئەوا: ھێشتا کوڕە بڕوا دێنێت. ئەوە بێشکە؛ کە: لەم دونیایەدا کەس (حۆری) نەبینیووە و ھەر کاتێک کەسێک خۆی وا بچووێنێت، ئەوا: مانای پیرۆزی، جوانی، تێڕوانین، ناخ، ژیانی پەنھانی،... ھتد و ڕای کوڕە دەربارەی کچەکە دەگەیەنێت.
ھونەر بە ھەموو جۆرەکانی، وانە و دەرسانێکە بە خەڵک دەگۆترێتەوە و مەبەستیش لێی وەئاگا ھێنانەوەی کۆمەڵگا و تاک و خەڵک و میللەتە و ھەروەک چۆن (مامۆستا) لە پۆلدا دەرس و وانە بە ژمارەیەکی دیاریکراو لە قوتابی دەڵێتەوە؛ وە شانۆ دەرس و وانە بە ژمارەیەکی زیادتر و تەلەفزیۆن بە ژمارەیەکی بەرفراونتر..... کاتێک گۆرانی یان گۆرانی بێژێک لە تەلەفزیۆن دەستکاری ووشە یان دەستەواژە یان پیتێکی ووشەیەک دەکات، ئەوا: مانا و مەبەست تێکدەچێت. تۆ، کە: نەزانیت (لیکاو) و (لکاو) لە یەکتری جودا بکەیتەوە؛ ئەوا: بێگومان ھەق و ماف بە خۆت مەدە لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن گۆرانی بڵێیت. کاتێک نەزانیت، کە: کانییەک ئەگەر (زیخ)ی تێدا بێت، ئەوا: ئاوەکەی لۆ خواردنەوە دەشێت و ھەموو کەسێک دەچێتە سەر ئەو کانییە! بەڵام کاتێک کانی (ڕێخ = بەردی گەورەتر لە زیخ)ی تێدا بێت و نەک (ڕیخ!!!!)، ئەوا؛ ئەگەر ئەو کانییەی (ڕێخ)ی تێدا بێت مەرج نییە خەڵک بچنە سەر ئەو کانییە و تەنانەت مەگەر کەسێک زۆر پێویست بێت، دەنا ھەر ئاوی لێ ناخۆنەوە و کەس ناچێت لەسەر ئەو کانییە دابنیشێت!!! ئەوجا تۆ بێیت باس لەو کانییە بکەیت و بڵێیت، کە: لەبەر ماڵ.... واتە لە گوند و ماڵی یارەکە دوور نییە!؟ ئەمەش نیشانەی بێ سەلیقەیی و ناشیرینی گوزەران و ژیانی ماڵی یار و یاوەرەکەت دەگەیەنێت. قەت عاشق و خۆشەویستان یار و نازدارییان بەو چاوە سەیر ناکەن، ھەتا ھەموو ناشیرینەکی یارەکەیان بە جوان دەبینن... لەگەل ھەموو ئەمانە (ڕێخ دانە دانە) مانای بێ سەلیقەیی دەدات و خۆشەویستی نەگەیشتۆتە پلەی عیشق.
لە کۆتاییدا تێکدانی شیعر و ھۆنراوەی گۆرانی بەمشێوەیە مانای تێکدانی سەلیقە و ئاواز و ھەوای میللەت دەدات، وە زیاتر سەرگەردانی کردن و بەلا ڕێدا بردنی تاک و خەڵک، وە دوژمنایەتی گەلێکی چەوساوە دەدات و ھیچ مرۆڤێکی پاک و ئازادی ویست ئەمەی گەرەک نییە.... ھەر لۆیە؛ ئاماژە پێدان و ڕاستکردنەوەی و دەنگ ھەڵبڕین و ناڕازیی بوون دەربارەی ھەتک کردن و لێدان لە ھونەری کوردی ئەرکێکی مرۆیی و نیشتیمانیی و نەتەوەییە....
Top