بەهێزتر لە جاران بە خوێن و گیان و ماڵمان خاكی كوردستان دەپارێزین ..

بەهێزتر لە جاران بە خوێن و گیان و ماڵمان خاكی كوردستان دەپارێزین ..

كورد لەناوچەیەك دەژیێت، تەواوی وڵاتانی سەردەست دیكتاتۆرن، سڵ لەهیچ رەفتارێكی كۆمەڵكوژی، چەوساندنەوە، جینۆساید و ....تاد ناكەنەوە، بۆ ئەمەش هەموو دژەكانیان دەكەنە ئامانج. ولاتانی وەك توركیا، سوریا، ئیران و ئێراق بۆ چۆنیەتی چەوساندنەوە و كوشتنی كورد كۆبوونەوەی بەردەوام دەكەن. لەسێكتەرە جیاوازەكاندا پلانی جۆراوجۆر دادەرێژن. كوردیش دەبێت وەكو ئەوان بەستراتیژ ودیپلۆماسی سیاسەت بكات. بۆ بەهێزبوونی كیانەكەی پێویستە یەكریز یێت، چەكەكانی بەباشی بەكاربهێنێت، لەهەمانكاتدا چەكی دوژمن لەناوبدات.
بە گەڕانەوە بۆ مێژوو بەئاسانی دەبینرێت، كە ئەو كیانە لەلایەن هەموو چین و توێژ و پێكهاتێكی كوردستانەوە خەباتی بۆ كراوە، خوێنی بۆ دراوە، پارێزراوە و گەشەی پێدراوە. هەر چەندە لە ئێستادا بێكەموكوری و كێشە نییە، بەلام بێسوودی ماددی و مەعنەویش نییە. لەلایەنی ئەخلاقییەوە ئەو قەوارەیە چەندە پێوەست بێت بەوانەی لە ژیاندان، ئەوەندەش پێوەستە بە خوێنی رژاوی پێشمەرگە قارەمانەكان و بنەماڵەكانیان، پێوەستە بە گوندی وێرانكراو و شاری كیمیابارانكراو، پێوەستە بەمێژووی ئەو نەتەوە و پێكهاتانەی لەسەری دەژین.
كیانی كوردستان بریتییە لە ناوبانگی كورد، بوونی كوردی پێوە پێوەستە. قسەكردن لەسەر مان و نەمانی ئەو كیانە، قسەكردنە لەسەر مان و نەمانی كورد خۆی. تۆ لەشێوەدا هەر مرۆڤبە، كاتێك پانتاییەكی جوگرافی تایبەت بە خۆت نەبێت، كە تیایدا براكسیسی ژیان، سرووت، نۆرم و ترادیسیۆنەكانت بكەی، ئیدی لەبەردەم كێشەیەكی گەورەی مرۆڤبووندای، ئەوە كوردانی پارچەكانیتر دەبینین لە چ رەوشێك و لە ژێر چ ستەمێكدا ژیان دەكەن. كوردبوونیان بەسە بۆ ئەوەی بەهەموو شێوەیەك بێرێزیان لەبەرانبەرادا بكرێت، دەستبەسەر بكرێن، لەسێدار بدرێن. ئەوان لە كەمترین ماف كە خوێندنە بەزمانی دایك بێبەشن، لە دامەزراوەكان، لە بۆنەكان تەنانەت ناتوانن بەزمانی دایكیان گوزارشت لە بۆچوونەكانیان بكەن.
هەرێمی كوردستان كیانێكی بە دەستوور دانپیانراوە، له‌ سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی وجیهاتی یاساییه‌ و خاوه‌ن متمانه‌یه‌ و هیچ لایەنێك ناتوانێت ئەو هەرێمە هەڵبوەشێنێتەوە، تەنها ئەوكاتە نەبێت كە دەستور بگۆرێت، ئەگەر ئەمە لەسەر كاغەزیش بكرێت، دیسان وەكو دیفاكتۆر هەرێمی كوردستان هەر دەمێنێت، تا ئەو كاتەی داگیر دەكرێت، بەرجەستەكردنی ئەمەش لە ئامادەیی بەرژەوەندی ولاتانی زلهێز و ئەو گرێبەستە ئابوورییە گەورانەی كراوە، هەروەها بەرگریكردنی قارەمانانەی پێشمەرگە و نیشتیمانپەروەران، پێدەچێت خەون بێت.
هەڵوەشاندنەوەی كیانی سیاسی و ئیداری هەرێمی كوردستان، تەنها ژاوەژاوێكی بەرنامە بۆدارێژراوی بێبەهایە، لەلایەن گرووپێكەوە كە پاڵپشتی لە ناحه‌زان گه‌له‌مان ووڵاتانی ئیقلیمی وەردەگرن، ئامانج لێی بێبەهاكردنی كوردستان و دزێوكردنی كیانەكەیەتی. لەوانەشە ئامانجی دیكەی هەبێت.ئەمرۆ كوردستان خاوەن نەوەیەكی هوشیار و گەلی كوردیش زۆر بەباشی لە هەموو پیلانگێری و نەخشە شوومانەی كە دەرحەق بە میللەتەكەمان ئەنجامدراون تێگەیشتوون و هیچ چەواشەكاری و مەرامێكی پووچ ناتوانێت ئیرادەمان لاواز و دەستكەوتەكانمان ژێر دەست بكاتەوە ..
Top