كوردستانێكی بههێزی پرسەروەری لە ئایندەی عێراقێكی دیكتاتۆری مهزههبی و میلیشایی ..
January 18, 2021
وتار و بیروڕا
ئێمەی گەلی كورد وەك نەتەویەەكی بێ دەوڵەت دوور لە ویستی خۆمان و لە سەر خاك و زێدی باب و باپیرانمان ، بەهۆی هەڵەی گەورە و زەقی زڵهێزان بە سەر چەند وڵاتێكی ناوچەكەدا دابەشكراین ، یەك لەو وڵاتانە عێراق بوو كە لە ماوەی سەدەی رابردوودا، دەسەڵاتەكانی بە هەموو جۆرە بیركردنەوەكانی تەنها لە چوار چێوەی دروشم بەڵام لە ئەسایدا دیكتاتۆری وتاكڕەوی یان بە سەر گەل و پێكهاتەكانی ناویدا سەپاندووە و ئەوەش وایكردووە كە هیچ كات ئارامی بە خۆیەوە نەبینێت . ئەگەرچی پێش 17 ساڵ هیوایەك بۆ بونیاتنانی عێراقێكی فیدراڵی و دیموكراسی كە تێیدا گەل و پێكهاتەكانی دەنگیان لە سەری دا و بووە خاوەن دەستوورێك تا پەردەی رٍەشی دیكتاتۆری بسرٍێتەوە و سیستەمی دیموكراسی تێیدا جێگر بێت ، بەڵام بینیمان كە دوای چەند ساڵێك هەموو بۆچوونەكان پێچەوانە بوونەوە و ئێستا عێراق لە ژێر گوشاری چەكداری و میلیشایی مامەڵە و حكومڕانی دەكات و مەحاڵە كێشە سیاسی ،ئابوورییەكانی چارەسەر بكرێت و ئاسۆیەكی روونی تێیدا بەدی بكرێت .
بارودۆخی نەتەوەیی كوردیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی دەستێوەردان و كاریگەری داگیركەران و وڵاتانی دونیا ئەوانەی كە چاویان بە مافەكانی گەلی كورد لە لایەك هەڵنایەت و لەلایەكی تریش بەردەوام كۆسپ و تەگەرەی بۆ دروست دەكەن و ئینجا هەندێك لایەن و حزبیش كە تەنها لە چوار چێوەی بەرژوەندییە تایبەتییەكان نەك حزبی دەخۆڵێنەوە و ئینجا بێ دەوڵەتی كورد ، وایان كردووە كە لە نێو عێراقێك كە بە شێوەیەك لاوازە و توانایی رزگاری خۆی نییە ، گەلی كوردیش گیرۆدە بێت و بەردەوام گوشار لە هەرێمی كوردستان بكات ، لەكاتێكدا دەبوایە، پێچەوانە بوایە و چونكە ئێستا باشترین دەرفەتە تا گەلی كورد بتوانێت بە یەكهەڵوێستی مافەكانی مسۆگەر بكات .
چونكە عێراق، وڵاتێكی خاوەن سەروەری وپارێزراو نییە ، هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەكاندا زۆر سەركەوتوو و پێشكەوتووە و بە پێچەوانەوە عێراق لەرووی ئەمنی وئابووری وسیاسییەوە لە قۆناغێكی زۆر خراپ و ناڵەباردایە.راستە ئێمەی كورد كێشەی نێوخۆی و سیاسیشمان هەی، بەڵام ئارامی و پێكەوە ژیان و سەقامگیری بە بەراوەرد لگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكەش بەرەو پێشەوەیە ، هۆكاری هەموو ئەو هەڕەشە و گوشارانەش بۆ بێ دەوڵەتبوونی گەلی كورد دەگەرێتەوە ، چونكە ئێمە جارێ هەر لە قۆناغی شۆرش داین بە ڵام شۆرشێكی دیموكراسی و شارستانی لە نێو شار بۆ بەدەسهێنانی مافەرەواكانمان .
ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە ئەوەیە، عێراق لە جیاتی قەرەبووكردنەوەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەنفال و جینۆساید و كیمیاباران تا ئێستا زێهنیەتی داگیركاری و سڕینەوەی بەرامبەر كە مەبەستم گەلی كوردە بە رێگەی بەكارهێنانی چەكی برسیكردن و بڕینی بەشە مووچە و بودجەی كوردستان بە سەریان دا زاڵە و ئەگەر دەرفەتاتیان بۆ فەراهەم بێت بەردەوام پەڵاماری كورد وكوردستان دەدەن و پاساویشی بۆ دێنێەوە .
بۆیە، عێراق ئەگەر چی جارێكی تر بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دهۆڵی چاكسازی دەكوتێت ، بەدڵنییاییەوە، ئەگەر دەیان هەڵبژاردنی تریش بەرێوە بچێت ، هیچ ئاماژە ئومێدێك نییە تا پێكەوە ژیانی پێكهاتەكان و ئینجا دەستوور جێبەجێ بكرێت و دیموكراسی شوێنی حوكمی چەكداری و میلیشایی و دەستێوەردانی وڵاتان بگرێتەوە ، ئەگەر بێت و گەلی كوردیش بەشداری لە هەڵبژارنەكانی داهاتووی عێراق بكات هەرچەندە هیوایەك نەماوە بەڵام پێوستە، پێشھاتە خراپەكان لەبەرچاوبگرێت و یەكگرتووبێت، گەربڕیارە لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنینەوە، ئەوكات دەبێ كاربۆ ئەوەبكرێت كورد كارەكتەرێكی كاریگەرو بەھێزوو كارابێت لە دەسەڵاتی سیاسی عێراقدا نەك تەنها لەڕوانگەی هاوبەشی و سازانەوە بەڵكو دەبێ لەڕوانگەی ھێزو پێگەی سیاسی و قورسایی ئاسایی خۆیەوە بێت ئەمەش تەنها بەیەكهەڵوێستی هێزولایەنە كوردستانییە نیشتیمانپەوەر و كوردپەوەرەكان دێتەدی .