چەكی كوردایەتی بەهێزترینە ..
January 7, 2021
وتار و بیروڕا
گەلی كورد دەیان ساڵە ، خەبات و ماندووبوون و خوێنێكی زۆری رشت تا گەیشتە ئەو رۆژەی كە ئێستا ئەزموونەكەی بۆتە نموونەیەكی زیندووی چەسپاندنی دیموكراسییەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دۆست و دوژمنیش دان بەوەدادەنێن كە كوردستان بۆ ئاوەدانی و گەشەسەندن و بووژانەوە هەنگاوی گەورەی ناوە و رۆژبەڕۆژ دەبێتە مایەی سەرنجڕاكێشانی زیاتر، ئەمیش لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە راستەقینەی كە سەرۆك بارزانی پیادەی كردووە و بەلای هەمووان سیاسەتێكی نەتەوایەتی و نیشتیمانیی گەورەیە و بۆتە مایەی قبووڵكردنی ئەو سیاسەتە كە حیكمەتی سیاسەتی كوردیی بەرجەستە كردووە.
عێراقی بە زۆر دروستكراوی تەقلیدی بە درێژایی مێژووی كۆن و نۆی گیرۆدەی دوو قەیران و لێكترازانی گەورە بووە، ئەوانیش قەیران و لێكترازانی نەژادی و نەتەوەیی و قەیران و لێكترازانی مەزهەبی. قەیران و لێكترازانی یەكەم لە نێوان عەرەبی عێراقی و كوردەكان، لێكترازانی دووەمیش لە نێوان شیعە و سوننەكانە، ئەم لێكترازان و قەیرانانە بە جۆرێكە كە چارەسەركردنیان زۆر دژوار و سەختە.
نەبوونی پێشینەیەكی مێژوویی هاوبەش لە نێوان ئەم سێ لایەنەدا گەیشتن بە پرۆسەی هاوبەش و تێكەڵبوون و بەشداربوونی راستەقینە لە سەرجەم كایەكانی ژیانی سیاسی عێراقدا دژوار كردووە، ئەم جیاوازییانەش ئەوە نیشان دەدات كە عێراق لە بنەڕەتدا لە سەر بنەمای هاوبەش و بەشداریكردنی راستەقینە بونیاد نەنراوە. واتە پێكهاتەكانی عێراق مێژوویەكی هاوبەشی گونجاویان نییە بۆ پێكەوەژیان .دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق لە رابردوودا هەتاكو ئەمڕۆكەش نەیانتوانیوە زەمینەیەكی هاوبەش و هەمەلایەنی پێویست دابین بكەن بۆ كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی نێو عێراق.
ئەركی هەموومانە وەك هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەست بەو ئەزموونەوە بگرین، كە ئەنجامی خەباتی چەندین ساڵەیە، بە تایبەتی لەو قۆناغەدا كە كورد شەڕی راستەقینە دەكات بۆ بەدیهێنانی خەونە گەورەكان و جێبەجێكردنی مادەی 140 و كێشەی كەركوك و مافە نەتەوایەتییەكان كە هەموو لایەك دەزانن سەرۆك بارزانی سەرقاڵی ئەوەیە كە بتوانێت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان كاری تەواو بكات بەو ئاراستەی كە گرفتی ناوچە دابڕاوەكا.
پێوستە هەموومان لە ژێر یەك رەشماڵی نیشتیمانیی كۆبینەوە و بابەتی هەڕە سەرەكیمان خەمی نیشتمان و مەسەلە رەواكەی كورد بێت، نەك هەوڵی لێكترازان و ناكۆكی و ئاژاوە، كە بە خەسارەتی كوردو دۆزە رەواكەی تەواو دەبێت و پێویستە لەو روانگەوە هەست بە بەرپرسیارییەتی مێژوویی خۆمان بكەین و چونكە دوژمنانی كورد چاویان بە ئەزموونە پیرۆزەكەی كوردستان هەڵنایەت.
ئەوەی بەكردەوە و لەماوەی 17 ساڵی رابردوو بینرا، نەك هەر بنەماكانی هاوبەشی و سازان جێبەجێ نەكران ، بەڵكو ، دیموكراسیش لە عێراقدا نەك تەنها نەتوانرا بە دامەزراوەیی بكرێت و بنەما سەرەكییەكانی بچەسپێت، بەڵكو دەرئەنجام بە هاتنە سەر دەسەڵاتی حكومەتگەلێكی زۆرینەی شیعە، میرات و پرۆسەكانی دەسەڵاتی قۆناغی عەرەبی سوننە دووبارە كرانەوە، لە هەمانكاتیشدا كاتێك دێتە سەر دژایەتیكردن گەلی كورد و رێگریكردن لە پێدانی مافەرەواكانی ئەوا هەر دوو پێكهاتەی شیعی و سوننە ئەوا بە هەموو توانایەكەوە و بە عەقڵیییەتێكی شۆڤێنی و تاكڕەوانە هەوڵی شكاندن ولاوازكردنی گەلی كورد دەدرێت .