خەونی دەستکاریی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتی نوێ..

خەونی دەستکاریی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتی نوێ..

لەم دەیەی دوایدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگۆڕان و هەڵچوون و گێژاوێکی گەورە دایە. بیرۆکەی ئاشتی و بەیەکەوەژیان و سیستەمی ئێستای دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵات و ئەو سەرکوت و جیاوازییە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و مرۆییەی لەئارادایە، پەیوەستە بەکیان و دەوڵەت و شێوازی حکومڕانی (ناوەندی و دیکتاتۆری و مەزهەبی و فاشیانە).وە
پێش هەر شتێک دەگەڕێمەوە سەر ئەو بیرۆکە و بۆچوونەی (ڕالف پیتەرز)ی ژەنەرالی خانەنشینی ئەمەریکی لەساڵی ٢٠٠٦ لە گۆڤاری هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا Armed Forces Journal بڵاویکردۆتەوە، ئەو بیرۆکەی ئاشتییەکی هەمیشەیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگۆڕانکاری سنوورەکانی ئێستا دەبەستێتەوە. ئەم پێشەکییە دەبەستمەوە بەبۆچوونەکان شڕۆڤەکاری سیاسی (ئەلکسندەر نازارۆڤ)، کە ئاماژە بەوە دەکات دۆخەکە لەئەنجامی کارەساتی ئابووری و توانەوەی حکوومەتە ناوەندییەکان، لەهەمان دۆخی ساڵی ١٩١٧ی ئیمراتۆریەتی ڕووسیا، یان لەچۆنیەتی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لەساڵی ١٩٩١ دەچێت. ئەمە وایکرد گروپە نەژادییەکان و پێکهاتەکان جۆرێک لەکیانی ئیداری و ئابووری تایبەت بەخۆیان دروست بکەن، ئەمەش وادەکات پێبەپێ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دروست بکەن. لەهەمان کاتدا لەلایەن دراوسێیە بەهێزەکانیان دانیان پێدا دەنرێت.
دەگەڕێینەوە سەر بیرۆکەکەی (پیتەرز)، کە نیگەرانی و پێ ناخۆشبوونی خۆی لەهەمبەر سیاسەتی ئەمەریکا دەربڕیوە، کە نەیتوانیوە وەکو پێویست هاوکاری کوردەکان بکات، لەو زولمەی لێیان دەکرێت دەرباز بن و دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیان لەکاتی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە دابمەزرێن، بەپێی بۆچوونەکانی (پیتەرز) و ئاماژەکانی ( نازارۆڤ) لەکاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کورد پێویست دەبوو کوردی سوریا و ئێران یەکسەر پەیوەندی بەم دەوڵەتە سەربەخۆیەی کورد بکەن. بەپێی بۆ چوونەکانی (پیتەرز) شتێکی لەبار دەبێت سونەی عەرەب لە سوریا عێراق یەکبگرن و شیعەی عێراقیش لەگەڵ ئێران یەکبگرن، سعودیەش ببێتە چەند ویڵایەتێک و بەشێک لەخاکەکەشی بدرێتە ئوردن و یەمەن.
ئەمەریکا دەمێکە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نوێی ڕاگەیاندووە، ئەمە لەسەردەمی باراک ئۆباما بەڕاشکاوی ئاماژەی پێکراوە و لەسەردەمی ترەمپدا بەجۆرێکی جیاواز لەنێوان هەڵچوون و داچووندا بەڕێوەچووە. ڕێککەوتنی ئاشتەوایی لەنێوان ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبی بەبناغەیەکی گرنگی ئەم سیاسەتە دادەنرێت. من پێم وایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەهەموو کاتێک پتر بەرەو گۆڕانکاری دەچێت. ڕاستە گێژاوی توندوتیژی، فکری شۆڤینیزمی و مەزهەبی بەتوندی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، لەهەمان کاتدا وڵاتە زلهێزەکان، هێزە ئابوورییە جیهانییەکان بەڕاشکاوی لەناوچەکەدا کار دەکەن، لەهەندێک خاڵدا هاوبەش و هەماهەنگن، لەهەندێک دۆخیشدا ناکۆک و دژبەیەکن.
مەترسی ئێران لەناوچەکەدا باڵی بەسەر تەواوی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتدا گرتووە، تورکیا دەستی بەفراوانخوازی و نیمچە داگیرکردنێکی ناڕاستەوخۆی خاک و سەروەتی هاوبەشی ژێر ئاو و دەستوەردان لەکاروباری دەرەکی کردووە، پێ دەچێت لەلایەک پەیام بۆ ئێران بنێرێت و لەلایەکی دیکەش سود لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت. وڵاتە عەرەبییەکان بیر لەهێزی هاوبەشی (سەربازی و ئاسایشی هاوبەش و نەهێشتنی ناکۆکی عەرەبی لەکەندوای عەرەبی) دەکەن. دوور نییە هەنگاوی ئاشتی لەنێوان عەرەب و ئیسرائیل ببێتە هۆکار بۆ سنووردارکردن و پاشەکشەپێکردنی ئێران بەپلەی یەکەم و تورکیا بەپلەی دووەم. لەهەمان کاتدا سعودییە دەبێت بیر لەنەخشەیەکی نوێی سنوور و داڕشتنەوەی دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە. یەمەن و لیبیا و سوریا و عێراق لەبەردەم گۆڕانکارین. ئەم چوار وڵاتە وەکو دەوڵەتی داگیرکراو لەلایەن ئێران و تورکیا و روسیا و ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
زۆر لەناوەندە ستراتیژییەکانی لێکۆڵینەوەی دیبلۆماسی و پەیوەندی نێودەوڵەتی ئێستا ئاشکرا و ڕوونتر لەنیو سەدەی ڕابردوو باس لەگۆڕانکاری و دەستکاری سنووری دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، هیچ ئاماژەیەکیش بێ ناوهێنانی کورد وەکو کارەکتەر و ماف تێ ناپەڕێت. تەنیا خودی هەندێک لەوڵاتە عەرەبییەکان و پسپۆرانی عەرەبی بەڕاشکاوی ئاماژە بەو نەخشە گۆڕانکارییە بنەڕەتییە لەپێکهاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، ئەوانیش لەڕوانگەی ئەرێنی و نەرێنی سەیری پێگەو خواستی کورد دەکەن. دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردیی یەکێکە لەچارەسەرە بنەڕەتییەکانی ئاشتەوایی لەناوچەکەدا، وەکو چۆن هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی ناوەندیی و دابەشکردنی دەسەڵات و ئیدارە و ئابووری بەچارەسەرێکی دیکە دادەنرێت.
بەهاری عەرەبی بەهەنگاوی یەکەمی چوونە نێو ئەو گۆڕانکارییە دادەنرێت، دەرکەوتنی داعش و پاشماوەکانی داعش هۆکارێکی دیکە. خۆسەپێنی وڵاتە زلهێزەکان لەئەنجامی بەکارهێنانی هێزی سەربازی و دەستێوەردانی دەرەکی لەناوچەکەدا هۆکارێکی دیکە. داتەپینی ئابووری جیهانی دوای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داتەپێن و داڕزانی ئابووری بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و تەرخانکردنی ڕێژەیەکی ئێجگار گەورەی داهاتەکانیان بۆ بواری سەربازی و ئەمنی و فرەبوونی ڕێژەی گەندەڵی و بەکارهێنانی ناڕەوا و نایاسایی داهاتی گشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکارێکی دیکە، بۆ ئەوەی ئاشتی ناوچەکە بە دەستکاری سنوورەکان ببەستنەوە.
لەبیری نەکەین بەهۆی سیاسەتی ترەمپ سەرکردایەتی جیهانی لەقەیرانێکی قووڵ و پڕ لەپرسیارە. ئێمە دەزانین سەرکردایەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر بەدەگمەن ڕەسەن و نیشتیمانین. دابەشبوون و فراوانبوونی جوگرافیای شیعە و خۆسەپاندنیان بەسەر ژمارەیەک وڵات لەڕۆهەڵاتدا، وایکردووە سونە خۆیان بەئابلوقەدراو و هەرەشەلێکراوێکی جدی بزانن، ئەمەش وایکردووە ئێران ببێتە سەرچاوەی هەڕەشەی هەقیقی لەناوچەکەدا.
عێراق و لیبیا و یەمەن و سوریا بەشێوەیەکی گشتی لەژێر دەسەڵات و فەرمانی میلیشیا چەکدارە مەزهەبییە توندڕەوەکانی سەر بەئێرانن، ئێران بەڕاستەوخۆیی هەژموونی بەسەر بڕیاری ئەم وڵاتانەوە هەیە. تورکیاش کێشەیەکی دیکەی ناوچەکەیە.
هەموو گۆڕانکارییە بنەڕەتییە گەورەکانی جیهان، دەرنجامی قەیرانی ئابووری جیهانین، ڕەنگە قڕکردن و جینۆساید نەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی گروپە نەژادی و نەتەوەیی و ئاینییەکان و پێکهاتەکان لەڕووی مرۆییەوە ببنە خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆیان، بەڵام قەیرانە ئابووریەکان و دابەشکردنەوەی بەرژەوەندییەکان و گەڕان بەدوای سەرچاوەی نوێی وزە و ئابووری و ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ببێتە هۆکار بۆ دابەشکردنەوە و دەستکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کورد لە عێراق و سوریا دەتوانن ببنە کیانێکی کۆنفدرالی یەکگرتوو، سونەی عەرەب لە عێراق و سوریا بەهاوکاری ئوردن و سعودییە دەتوانن کیانێکی سەربەخۆ دروست بکەن و شیعەش دەتوانێت وەکو بەشێک لەکیانێکی مەزهەبی سەر بەئێران بژین. ڕاستە هەندێک باسی ئەوە دەکەن ئێران دەیەوێت بەپێی ڕێککەوتنە سنوورییە کۆنەکان (پارێزگای سلێمانی) بباتەوە سەر ئێران و لەبەرانبەریشدا هەولێر و دهۆک لەگەڵ تورکیا دەبن. ئەگەر ئێران بیەوێت لەڕێگەی هێزەکانی سلێمانییەوە دەست بەسەر کەرکووک دابگرێت و گۆڕینی دیموگرافی مەزهەبی لەشارەکە ئەنجام بدات، ئەو کاتە ناوچەکە دەبێتە گۆرەپانی ململانێ و دوور نییە شەڕیش لەنێوان ئیمراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی بقەومێت.
کورد لەنێوان رووسیا و ئەمەریکا، کە ئێستا وەکو دوو میحوەری ناکۆک لەناوچەکدا کاردەکەن، یەکەم جارە لەمێژوودا بەفەرمی و ڕاستەوخۆ وەکو کیانێکی سیاسی و یاسایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وەکو هێزی کوردی لەهەندێک ناوچەی دیکە لە کوردستانی سووریا مامەڵە لەگەڵ کورد و هاووڵاتیانی کوردستان دەکەن. ئایا بۆ هێزە کوردییەکان ڕەوایە لەم سەردەمەدا وەکو بەشێک لەبەرژەوەندیی و سیاسەتی وڵاتە داگیرکەرەکان هەڵسوکەوت بکەن، یان کورد پێگەیەکی یاسایی و دەستووری لەهەرێمی کوردستان هەیە، دەبێت وەکو هێزێکی بێلایەن و هاوسەنگ هەنگاو بنێت؟ پەکەکە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەدوای بەدیلێکی دیکەدا دەگەڕێن، هەردووکیان بەئاشکرا بەشێک لەبڕیارەکانیان لەئێرانەوە دادەڕێژرێت. پارتی دیموکراتی کوردستان بەوە تاوانبار دەکەن، کە لەدروستکردنی ئابووری سەربەخۆ فەشەلی هێنا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا قووڵ و پتەوە.
ڕەنگە ئەفال و کیمیاباران و جینۆساید هاندەرێکی گرنگی کورد بێت، بۆ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە دەرفەتی پێکەوەژیان لەنێو دەوڵەتێکی مەزهەبی و شۆڤینی بەسەرچووبێت، بەڵام کێشە سیاسییەکانی کەسایەتی و بیرکردنەوەی هێزە کوردییەکانی دابەشی سەر چەند ڕەوتێکی ناکۆک و ترسناک کردووە، بەجۆرێک کێشەکان قووڵ بوونەتەوە، گروپێک بەفەرەمی داوای خۆڕادەستکردنەوە بە بەغدایەکی وێران و بێ ئیرادە و بێ دەوڵەتداری بکەن. ئاساییە لەنێو ئەم گێژاوە گەورەیەی هەیە، هەروەها قەیرانی ئابووری جیهانی و چۆنیەتی گەیشتنە ئاشتیەکی هەمیشەیی بیرۆکەی دەستکاری سنوورەکان و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتە ناوەندییەکان ببێتە واقیع. بەمەش کوردستان لەبەردەم ئەگەر و پێشهاتی چاوەڕوانەکراو دەبێت.
هەندێک ڕاگەیاندنی ئەمەریکی دەڵێن ئێران ناهێلێت بەغدا و حزبە شیعییە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بۆ چارەسەری دارایی لەگەڵ هەولێر بکەونە ڕێککەوتن، چونکە بەکردەوە ئێران توانیویەتی دەسەڵاتی هەرێم بەهۆی قەیرانە دارایی و ئابوورییەکان بهەژێنێت، بیر لەوە دەکاتەوە دوو ئیدارەیی بگێڕێتەوە هەرێم. لەکردەوەشدا هەندێک لایەن و گروپ لەپارێزگای سلێمانی ئەمە بەبیرۆکەیەکی گونجاو بۆ دەربازبوونی لە هەژموونی پارتی و پێکهێنانی دەسەڵاتێکی ناوچەیی نزیک لە شیعە و ئێران دەزانن. پەکەکەش بەهەموو هێزییەوە فشاری دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردووە. ئەمانە وا دەکەن، کورد لەجیاتی بیرکردنەوە لەپەرەپێدانی توانا ئیداریی و دارایی و مرۆییەکانی لەحوکمڕانی، بیر لە گەڕان بەدوای مووچە بکەنەوە.
کورد نابێت لەنیو ئەم گێژاوە مێژوویانەدا خواست و دۆزە بنەڕەتیی و سەرەکییەکانی خۆی لەبیر بچێتەوە. بۆ کورد ئەمەریکا بەو هۆیەی دژی دوژمنەکانی کوردستانە، دەتوانێت باشتر هاوکاری کوردستان بکات و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پتەوتر بکرێت. ڕووسیا دژی هەرێمی کوردستان نییە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لەهەردوو میحوەردا کورد توانا سیاسی و دیبپلۆماسی و ئیداریی و ئابوورییەکانی پەرە پێبدات.
Top