سۆشیال میدیا لەنێوان جنێو و ڕەحمەت دا دکتۆر فەرسەت سۆفی بەنموونە
December 27, 2020
وتار و بیروڕا
سۆشیال میدیا، جیھانێکی ئاڵۆز و فراوانە جیھانێکە تێیدا ئاستی کەس و لایەنەکان دیاریدەکات ئاستی میللەت و گەلان دیاریدەکات. تەنانەت ئاستی ڕۆشبیری و فکری کەسەکان ھەندێ جار لە سۆشیال میدیا سەیر دەکرێ زۆر گرنگە بەو پەڕی وردی و وریایەوە سۆشیال میدیا بەکاربھێنرێ و کاری پێبکرێ. ھاتنی لەناکاو و خێرای تەکنەلۆژیا، بەبێ ڕوخسەت و بێ ھیچ ئامادەکاریەک وەکو بومەلەرزەیەکی لەناکاو وابوو. بەرەوپێشڤەچوونی جیھانی جیھانگیری و لەنێویشیاندا تەکنەلۆژیا وای کرد ھەموو شتێک بە ڕەش و ڕەش بە سپی ببینین بەھۆی ئەو گۆڕانکارییە لەناکاو خێراییانەی لە بواری تەکنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیادا روودەدەن. ئەمەش لەڕووی پەیوەندیکردن (کۆمەینیکەیشن) جێی بایەخە چونکە لەگەڵ گەشەکردنی ھەر رەوت و بوارێک بەھۆی پێویستی و پێشکەوتنی زیاتری تاک بەتایبەتی و کۆمەڵگە بە گشتیی، زیاتر پەرەیان سەندووە و تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو زیاتر پەڕوباڵیان بۆ شوێنەکانی تر ھاویشت تا بەھێزتر لە پێوەندیکردن دەرکەوتن، بەھۆی ئەو جوڵە خێراییەی ڕوویدا لە پەیوەندی کردن دا. ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی سۆشیال میدیا ببێتە جێگرەوەی ھەمووان و بێ گوێدانە ئینتیمای نیشتیمانی و ئاینی و رەگەزی تاکەکانی سەرجەم دنیای پێک بەستووەتەوە. ئەفلاتوون ئاخافتنێکی زۆر جوانی ھەیە دەڵێت (کەسی نەزان دەست بۆ ھەرشتێک ببات خراپی ئەکات) ئەمە بۆ ھەر تاکێک یان ھەر ھێز و لایەنێکی سیاسی دروست و راستە کاتێک بەھۆی نەزانینیان بە پێی یاساو رێساکانی بەکارھێنانی ئەو ئامێرە یان ھەر بەکارھێنراوێک ھێندەی مەبەستیانە خراپ بەدەست بھێنن، ھێندە مەبەستیان نییە سودی لێ وەبگرن، ھەرکەس بیەوێ دەتوانێ ئەکاونتێکی فەیک دابنێت بەبێ سانسۆر دەتوانێ کاری دوور لە ھەموو ئەخلاقیاتێک پێبکات و خەڵکانێک بەمەبەستێک و مەرامێکی تایبەت بەدناو بکات. ئەگەرچی لەئێستادا ڤایرۆسی کۆرۆنای نەگریس یەخەی ئێمەی گرتووە و ڕۆژانە وەکو گەڵای پایز کەسانی ئازیزیمان لێ دەبات نەخاسمە بڵێم ئەوەی دەبینین و دەبیستین ڕۆژانە، بۆ نموونە مردنی سەرکردەکان لەماوەی ڕابردوو مردنی دوکتۆر نەجمەددین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک کەچەندین جنێوی نەشیاومان بینی بەو مردوو درا، چەندان تۆمەت و قسەی ناڕەوا کرا تەنانەت خەڵکانێک خۆشی خۆیان دەردەبڕیی، مردنی دوکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر بەھەمان شێوە چەندین جنێو و قسەیان بۆ ھەڵبەست، تەنانەت دەیاننووسی (کۆرۆنا خۆی شیرین کردووە سپاس کۆرۆنا بەردەوم بە) سەیرکە چەندە دڵخۆشن بە مردنی کەسەکان. لەھەمبەریشدا خەڵکانێکیش ھەبوون ھاوخەمی خۆیان دەردەبڕی و ڕەحمەتیان لەبۆ دەناردن ئینجا لەئێستادا سۆشیال میدیا بۆتە دووبەرە بەرەی ڕەحمەت و بەرەی جنێو کە ھەردوو لا تێک ئاڵۆزبوون و لێک جوودابوونیان ئەستەمە.
ئێمە لەھەرێمی کوردستان پێویستمان بەیاسایە بۆ بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ھەموو ئەو یاسانەی کەھەن پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، ئەگەر ھاتوو نەتوانین نەوەکانی ئێستا کۆنتڕۆڵ بکەین لەداھاتوو رەنگە کارەسات رووبدات و پەروەردەیەکی نا تەندروست بەرھەم بێت.
دەبیستین و دەبینین رۆژانە چەندین کاری ناشیاو و مەترسی روودەدەن، ئەمەش بەھۆی نەبوونی فلتەری بابەتەکان و ھەم شەیەرکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان بە راستەوخۆ و زۆرخێرا کە توانای کۆنترۆڵکردنیان ئاسان نییە. بەھۆی خراپ بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیاو فاکتەرە سلبیەکانی ساڵانە چەندین کەس کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەھێنن و دەبنە قوربانی دەستی ئەم تۆڕە، ئەمەش پەیوەستە بەئاستی ڕۆشنبیری پەروەردەکردنی تاک و ئاستی وشیاری کۆمەڵگە، وە
لە کۆمەلگەی کوردەواریدا خراپ بەکارھێنان و ئالوودە بوون بە سۆشیاڵ میدیا بە تایبەتی فەیس بووک، بووە بە دیاردە نەک تەنھا بۆ سوود وەرگرتن و بڵاوکردنەوە و وەرگرتنی زانیاری بە سوود بەڵکو وەکو چەکێک بۆ لێدان و شکاندن و سووکایەتی کردن و کات بەسەربردن بەکاردەھێنرێت.