پارێزگاری لە كیانی كوردستان ،پاراستنی شكۆی نەتەوەیەك ..

پارێزگاری لە كیانی كوردستان  ،پاراستنی شكۆی نەتەوەیەك ..

هەڵكەوتەی خاك و نیشتیمانی كوردان كەوتۆتە نێوان چەند وڵاتێكی داگیركەر ، ستەمكار و چەوسێنەر، كە دەیان ساڵە ، بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە و خیانەتكارانە هەوڵی سڕینەوەی مۆڕكی كوردانەمان دەدرێت ، بە بێ‌ گەڕانەوە بۆ بوون و شوناس و مێژوویی ڕەسەنایەتیمان ، ئەو چەك و ئامرازانەی كە بۆ قڕكردن و بزركردنی شوناسی خاك ونیشتیمانمان بەكارهێنراون لە مێژوودا ، وێنەیەی نەبووە .
دوای سەدەیەكە خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان بۆ پاراستنی شوناس و مێژوو و بەدەسهێنانەوەی ماف و خاكی زەوتكراوی ، تا بە ئەمڕۆ بە بچووكترین گۆرٍانكاری بە مێشكی بچووكیاندا نەهاتووە ، بەردەوامن لە هەوڵی پاشكۆكردن و شكاندنی شكۆی تاكی كوردستانی بە پاڵپشتی كەسانێك بە زمان و رٍەگەز كوردی بەڵام لە بنەڕەتدا بەكرێگیراو و خەنجەر بەدەستی دوژمنان و داگیركەران .
لەم عێراقە نوێیەدا كە ماوەی 17 ساڵ بە سەر رووخانی دیكتاتۆرییەت دا گوزەر دەكات كە تەنها گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان دەڵێت "عێراقی فیدڕال" نە سیاسییەكان، نە گەل و پێكهاتەكانی تری نێو عێراق باسی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ ناكەن كە لە دەستووری ئەم وڵاتە لە 2005دا هاتووە.هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەموو ئەو حكومەتانەی دوای 2003 لە عێراق دروستبوونە، كاردەكات بۆ دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز لە بەغدا و بەغداش بەتایبەت لە دوای 2014 هەموو هێزی خۆی بەكار دەهێنێت بۆ لاوازكردنی حكومەتەكانی هەرێمی كوردستان و شەڕەی دەروونی وگەمارۆدان و برسیكردنی خەڵكەكەی.
ئەوەی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكات، روون و ئاشكرا وەك یەكێك لە دووژمنەكانی كوردستان لە ناوچەكە دەریدەخات، دەرێژەپێدەری زێهنییەتی رژێمەكانی پێشووتری عێراقە، دەبێ‌ گشت هێزولایەنە سیاسیەكان ئەو راستییە بزانن كە هەموو ئەو دەستكەوتانە بەرهەمی خوێن و ماندووبوونی دەیان ساڵەیە ، هەمووان لە ژێر ئەرك و بەرپرسیاریەتیدان و هەمووان لە نێو كەشتییەدان بەناوی كوردستان ، دوژمنان و ناحەزان كورد وكوردستانیان كردۆتە ئامانج بۆیە، هەر جۆرە زیانبەركەوتن بەرهەمووان دەكەوێت و سەركەوتن و سەربڵندی و ئازادژین بۆ هەمووانە .
ئەوەی ئەمڕۆ لە قۆناغی ئێستای خەبات بۆ بەدەسهێنانی مافەرەواكانمان دەبینرێت ، بەكارهێنانی ژمارەیەك بەكرێگیراو و خۆفرۆشە وەك چەكێك لەلایەن دوژمنان و نەیارانی گەلەكەمان ، بۆیە، پێوستە ، گشت هێزولایەنە نیشتیمانپەوەری و دڵسۆزان لە پێناو خۆشەویستی و بۆ گەل و نیشتیمان دژی هەموو ئەو هەوڵە نەزۆكانە بوەستینەوە ، پێوستە، رێگری لە سیخور وئەو جاشانە بگیرێت كە مەرٍامیان رێگە خۆشكردنە بۆ داگیركردنی خاك و گەلەمان و ژێر پێخستنی شكۆ وئیرادەمان .
بۆیە، هەموو ئەو رووداو و پێشهات و پیلانگێرییانەی كە لەماوەی رابردوو، و هەنگاو بە هەنگاو لە لایەن نەیارانی گەلەمانەوە ئەنجام دەدرێن ،بەرنامەیەكی پێشتر دارێژراوە كە دوژمنانی كورد و كوردستانە كاری لەسەردەكەن بۆ نەھێشتنی خۆشەویستی و باوەر بە نەتەوە و نیشتیمان بەلای تاكی كوردیەوە، سیاسەتێكی تێكدەرانە و تیرۆری فیكری بۆ سڕینەوەی هەستی كوردپەوەری و خۆشەویستی كوردستان.
لێرەدا، گرنگە ، حكومەتی كوردستان و هەموو ئەو هەنگاوانەی كە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازی وپاكسازین لە گشت بوارەكاندا ، بەتایبەت گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی و ئابووری و خۆراك بە هەموو توانایەكەوە پشتیوانی بكەین و هەمووان بەرپرسیاریەتی مێژووییان بەرانبەر بە گەل و نیشتیمان دەكەوێتە ئەستۆ لە هەمان كاتیشدا ، ڕێگەی دەرباز بوون لە كێشەی دارایی و ئابووری بەخێرایی چارەسەر دەكات و هەموو ئەو نەخشە شوومانەی كە نەیارانمان لە بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان كێشاویانە پووچەڵ دەكاتەوە بەرەو ئایندەیەكی گەش و پر هیوا .
Top