نەخۆشییەکانی کەسایەتی Personality Disorders

نەخۆشییەکانی کەسایەتی Personality Disorders

(بەشی یەکەم)
کەسایەتی مرۆڤەکان: مرۆڤ کە لە دایک دەبێت ھەموو یەک سروشتییان ھەیە! منداڵی کۆرپە، بەگوێرەی فەرھەنگ و پەروەردە و ئایین و باردۆخی خێزانی و زمان و میللەت وووڵاتان گۆڕانکارییان بە سەر دادێت، دواتر ھەر یەک جۆرە ڕەفتار و ھەڵسوکەوت و تایبەتمەندی خۆی دەبێت. ھەر وەک چۆن کە منداڵ دەچیتە قوتابخانە و دەکەوێتە بەر خوێندن بەڵام دەرئەنجام کە گەورە بوو، وە خوێندنی تەواو کرد، ئەوا: ھەر یەک لەم قوتابییانە دەبنە پسپۆڕیی و بوارێکی دیاری کراو و تایبەت بەخۆی دەبێت. قوتابی ھەیە، کە: دەبێتە پزیشک یان ئەندازیار یان مافپەروەر و یان مامۆستا یان مەلا یان کرێکار ..ھتد. بەمجۆرە لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ڕەفتار و ژیانیشی گۆڕانی بە سەر دادێت، وە ھەتا شێوازی ھەڵسوکەوتیشی گۆڕانکاری بە سەر دادێت. دواتر، لە گەورە بوون و ووردە ووردە ڕۆیشتنی تەمەن ھەر کەسەو جۆرە کەسایەتییەکی تایبەت بە خۆی دەبێت، وە بەوە دەناسرێتەوە. کەسایەتی زۆر پێناسە و لێکۆڵینەوە و پۆڵێن کردنی ھەیە، لەوانە لە ئینسکلۆپیدیای دەروونی ھاتووە، کە: کەسایەتی بریتییە لەو جیاوازییەی کە لە سیفاتەکانی مرۆڤ ڕوو دەدات و ھەیە لە ڕووی بیر کردنەوە و ھەست کردن و سۆزداری و ڕەفتار کردن، کە ئەو کەسە بەو ڕەفتار و ھەست و سۆز و بیرکردنەوەیە دەناسرێت و جیا دەکرێتەوە. ھەر بۆیە زانینی کەسایەتی مرۆڤەکان، بووە بە زانستێک و مەبەست لێی تێگەیشتن و خوێندنەوە و زانینی سیفاتی ھەر کەسایەتییەکی مرۆڤەکانە. ھەروەک، کە ئەو کەسە ھەتا چەند تێکەڵاوی ناو کۆمەڵگا و خەڵک دەبێت (sociability) یان چەند گرژ و تووڕە دەبێت و ھەڵدەچێت و لە شەڕ دەبێت .(irritability) ھەروەھا بە زانین و دیراسە کردنی کەسایەتی مرۆڤەکان، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە: ھەتا چەند ھەموو بەشەکانی لاشەی مرۆڤ بەیەکەوە ڕەفتار و ھەڵسوکەوتەکان دەکەن و مرۆڤەکە دەخەنە ڕوو، وە کەسەکە بە مرۆڤ نیشان دەدەن. بەمە کەسایەتی (personality) مرۆڤەکان جیاوازی نێوان مرۆڤەکان دەردەخات لە ژیری (cognition) و ڕەفتار (behaviour pattern) و سۆزداری (emotion). ئەو جیاوازییەیە کە مرۆڤەکانی لای یەکتر جوان کردووە، وە کۆمەڵگاکان بە ھۆی ئەو جیاوازییە لە کەسایەتی مرۆڤەکان جوانتر و ھەمە ڕەنگتر دەبن. بۆ ئەوەی ئەوەش دیاری بکرێت، کە: کامە کەسایەتی و چۆنیەتی دروست بوونی زۆر بیردۆز ھەن، کە: ھەر یەکە و بەگوێرەی بیردۆزی تایبەت بە خۆی کەسایەتی مرۆڤەکان پۆڵێن دەکەن. زۆر ھۆکار ھەن، کە: لە کاتی بوونییان دەبنە ھۆی ئەوەی کە کەسەکان کەسایەتییان بە نەخۆش دابنرێت، وە ھەندەک جار ئەو نەخۆشییانەی کەسایەتی گرفت بۆ جەماوەر و کۆمەڵگا دروست دەکات. لەو ھۆکارانەی کە دەبنە ھۆی گۆڕانکاری و خراپ دروست بوونی کەسایەتی، وەکو: ھۆکاری بۆماوەیی، تووند و تیژی (abuse)، وە ھەندەک فاکتەر و ھۆکاری دیکە و کەسەکان کەسایەتییان نەخۆش دەبێت و بە نائاسایی دادەنرێت.

نەخۆشییەکانی کەسایەتی (Personality Disorders):

ئەو کەسانەی کە ھەندێک بیر کردنەوە و ڕەفتار و ھەڵسوکەوتی نەشیاو و ناڕێک بەکار دەبەن بۆ خۆگوونجاندن بۆ پشێوییەکانی ژیانی ڕۆژانە، ئەوا: ئەو جۆرە کەسانە بەوە دادەنرێن کە نەخۆشی کەسایەتییان ھەبێت. ھەرچەند، ئەو جۆرە بیر کردنەوە و ڕەفتارانە لەوانەیە لە ھەموو کەس جار جار ببینرێت بەڵام لەوانەی کە نەخۆشییەکانی کەسایەتییان ھەیە، ئەو جۆرە ڕەفتار و ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوانە دەبنە سیفەتێکی بەردوام و ھەمیشە دەبینرێن. ئەو بیرکردنەوە و ڕەفتار و ھەڵسوکەوتانە ھەندە بە تووندی دەبێت ھەبێت، کە: کەسەکە توانانی ھەڵسوڕاندنی کاروباری ڕۆژانەی نەبێت! ھەرچەند ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکانی کەسایەتییان ھەیە ھیچ درک بەوە ناکەن و نایسەلمێنن کە نەخۆشن!؟ ھەموو دەم دەڵێن ھیچمان نییە، وە ساغ و سەلامەتین. نەخۆشییەکە ھیچ ناخۆشی و دڵەڕاوکێ و بێزاری بۆ کەسەکە دروست ناکات بەڵکو کاردانەوەی لە سەر ئەو کەسانە دەبێت کە لەگەل کەسەکە دەژین یان کاری لەگەل دەکەن کە نەخۆشییەکانی کەسایەتی ھەیە، وە بەھۆیەوە ئەندامانی ماڵەوە و خێزانەکەی بێزار دەبن بەڵام خۆی ھیچ گرفتێکی نابێت. وە ھەروەھا، ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکانی کەسایەتییان ھەیە، ئەوا: ئەوانە زۆرتر لە کەسانیدی ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییە دەروونییەکان دەبێت، وە زیاتر و زووتر تووشی دێن. ھەنووکەش، ھیچ ھاوڕایی لە نێوان کۆمەڵی (تەندروستی ژیری) و (کۆمەڵەی کۆمەڵگا) نییە، دەربارەی ئەوەی کە نەخۆشییەکانی کەسایەتی (نەخۆشیین = (Illnesses یان تەنیا ڕێگایەکی خۆگونجاندنن لەگەل پشێوی و گرفتەکانی ژیان (coping styles). ھەتا بە گوێرەی فەرھەنگ و کلتوور و مێژوو و ڕەفتاری میللەتان جیاوازی لەوە ھەیە، کە: کامە ڕەفتار و ھەڵسوکەوت بە نەخۆشییەکانی کەسایەتی دابنرێت، ھەر بۆیە: نەخۆشییەکانی کەسایەتی (Personality Disorder)، بە کورتی ھەر ڕەفتارێک کە نەگوونجاو بێت بەگوێرەی ئاستی فەرھەنگی ئەو میللەتە بە نەخۆشی کەسایەتی دادەنرێت.
Top