تەندروستی و لەشساغی

تەندروستی و لەشساغی

ئەگەر بە ڕێ و باریش لۆ جارێک سەرت لە شارێکی، وەکو: سانت پترسبۆرگ یان مۆسکۆ یان پاریس یان وارشۆ یان بەرلین ...ھتد دابێت! ئەوا؛ لۆت وەدیار دەکەوێت کە ژیانی گەلانی ئەوێ دەگەل کوردەواری خۆمان زۆر فەرق و جیاوازی ھەیە. وە نەبێت بەس لە سەر ئاستی تاکەکان و خودی تاکەکان بێت بەڵکو لە ھەموو ئاستەکان (تاک و کۆمەڵگا و فەرھەنگ و دەسەڵات) لە یەکدی جیاوازن و تەنانەت دووریشن.
وە نەبێت ئەو جیاوازییە بەس لە ئاستی تاک و فەرھەنگ و دەسەڵات بەڵکو شێوازی ژیانیشیان تەواو لە کوردەواری جووداترە. لەوێ، شێوازی ئەندازەیی شار و کوچە و کۆڵانەکانی شار و شەقامەکان وا بنیات کراوە؛ بە جۆرێک ھاووڵاتییان ناچار بکرێن زۆر بە پێ ڕێ بکەن و تەنانەت ھەندەک جار لە شارێکی جەنجاڵی وەک مۆسکۆ یان پاریس ڕۆیشتنت بە گورگەلۆقە بێت. دەگەل ئەوەی، کە: دەوڵەت گواستنەوەی گشتی لۆ خەڵکی فەراھەم کردووە بەڵام خەڵکەکە وایان لاباشترە، کە: ڕێگا بە پێ بڕن و وەرزش بکەن. ئەوەش بێگومان لۆ فەرھەنگ و چاولێکەری دەگەڕێتەوە! کەواتە ئەگەر ھاتوو کاری لە سەر بکرێت، ئەوا: دەتوانرێت خەڵک و عەوام بە خڕی ھان بدرێت کە وەرزشی ڕۆیشتن بکرێتە باو، وە پیادە بکرێت. لە قەدیمیانی ئەم شارەی خۆمان بپرسن ھەموو باس لەوە دەکەن، کە: لە ساڵانی زوو چوون لۆ بازاڕ و قەیسەری قەت بە تڕومبێل نەبووە، ھەتا لە گووندەکانیش کابرا دوو ھێستر و کەرێکی وەپێش خۆ داوە و ڕێگای گرتووە..
ئەوجا ئەوە لە جوولەی خەڵک بەو مانایەی خەڵکی ئەوێ بەگشتی لەمە زۆرتر دەجوولێنەوە و ڕێ دەکەن و وەرزش دەکەن. ئەدی بڕۆوە ئەو بەرلینەی و تەماشا بکە ھەر پاش نوێژی عیشایێ تەیرەوز لە دەرێ نابینی!!؟ ئەوی ڕوح لەبەر بی لە سەر ھێلانەی خۆی ھەڵنیشتییە و لە ماڵەوەش ئەوە نییە شەوبێری بکەن بەڵکو دایک و باوک منداڵەکانیان گەورە و گچکە وا ڕاھێناون؛ کە: لە وەختێکی دیاریکراو بچنە سەر جێگا لۆ خەوتن ھەتا ڕۆژی دوایی وێ ڕابگەن. لەوێ بووم؛ زۆر جار دەگەل دۆست و برادەران دەمگۆت؛ ئێرە کت و مت قەدیمی لای خۆمانە و ھەموو پاش نوێژی عیشایێ نووستوون.
جیاوازییەکی زەقتر لە (ناندین) دەبینرێت!؟! کە ھەموو ئەوە دەزانین؛ کە: ھەر لە دوای ھەشتایەکانی سەدەی ڕابردوو بە ھۆی کۆچی بە لێشاوی خەڵک ئەوجا چ بەزۆرە ملێ بێت یان لەخۆوەی خەڵک بێت لۆ شارەکان! ناندینی کوردەواری و خۆراکمان گۆڕانی بەسەردا ھات. خەڵکی ڕەوەند ھەموو جار ئەو دەستەواژەیە دووبارە دەکەنەوە؛ دەڵێن: (ھەولێر کوێستانی ژنانە؛ ھەر ئاوێ سارد بەسەر دادەکەن)!؟!؟ بێگومان ئێستا شارەکانی ئێمە بووەتە کوێستانی ژن و زەلامان و بە ھۆی ئەوەی کە زۆر خۆری و زۆر بەکارھێنانی خۆراکی نادروست بووەتە باو ھەمووی ھەر ئاوێ سارد بەسەردا دەکەن. دەبینین، کە: لە شارێکی وەکو وارشۆ ھاوسەنگی لە پێکھاتەکانی خواردن دەبینرێت و زیاتر بەرھەمی ناوخۆی خۆیان بەکار دێت ھەرچەندە ئەم ووڵاتە بە بەراورد بە ووڵاتانیتری ئەوروپا ھەژار و کەم دەرامەتە!؟! لای خۆمان خۆراک نە کوالێتی و نە جۆرێتی و نە کوانتێتی و نەسەلامەتی ھەر پەیڕەو ناکرێت و لە سەر ڕێبازی (جۆت ھەبێ؛ دە تەشتێ دا بخۆ) پەیڕەو دەکرێت.
ھەر لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێت گۆڕانکاری لە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا و کۆمەڵگا و دەسەڵات بکەین؛ ئەوا: دەبێت وێدا چوونەوە بە ئەندازەی خانوو و ماڵ و کۆڵان و شارەکان بکرێت؛ وە لەمەودوا شارەوانی چیدیتر بەبێ ڕەچاو کردنی ڕێکارەکانی تەندروستی ڕێگا پێدان بە دروست کردنی خانوو و کۆڵان و گەڕەکەکان نەدرێت. ھەروەھا دەبێت وەزارەتی ڕۆشنبیری ھەماھەنگی وەزارەتی تەندروستی بکات لەوەی؛ کە: زۆر دید و بۆچوون و تێڕوانین و بیرکردنەوە بگۆڕێت!!؟! ھەتا بگات بە ڕادەی ئەوەی؛ کە: چیدیتر قەڵەوی بە جوان سەیر نەکرێت! چیدیتر خەڵک ھەندەی بە دوای ڕووکەشەوەن ھەندە زیاتر بە دوای تەندروستییەوە بن. ھەرچی دەسەڵاتە، ئەوانیش ئەرکی قورستریان دەکەوێتە سەر ھەر لە گۆڕینی بیر و ئایدیا و تێڕوانین و فەرھەنگی میللەت بەجۆرێک بێت؛ کە: کار و پیشە و جوولانەوە و خۆراک و ڕۆیشتن لۆ باشتر بوونی تەندروستیمان بێت.
Top