یەکسانی جێندەر

یەکسانی جێندەر

یەکیک لە ھەڵە گەورەکانی ناو کۆمەڵگا پەروەردەی ھەڵەیە بۆ مندالان، من لە ھەموو بابەتەکانم ئاماژەم پێکردووە ئەگەر بمانەوێ بەرەو پێش بچین دەبێت لەپەروەردەی مندالانمان دەست پێبکەین. ئێمە چۆن بتوانین نەوەیەکی تەندروست پێک بێنین لە کاتێکدا خێزان لە بنەڕەتەوە لە پەروەردەکردنی نەوەکانمان ھەڵەی ھەیە. دەبینم لەناو خێزانەکان ئەگەر ھەڵە ھەبێ بۆ کوڕەکانیان بیانوو دەھێننەوە، کەچی ھەڵە ھەر ھەڵەیە چ کوڕ بیکات یان کچ تاوانی ھەردوو ڕەگەز وەک یەکە و سزادانی ھەردوو رەگەز وەک یەکە لەڕووی یاسا و ئاییین بەڵام بەداخەوە لە سزای کۆمەڵگا وەک یەک نیین.
منداڵی کچ ھەر کە لەدایک دەبێت بەداخەوە لە کۆمەڵگا ھەمیشە بە چاوی کەمتر تەماشا دەکریت..لە پزیشکی دادوەری کە کێشە دەبینم کچەکە ھەڕەشەی کوشتنی لەسەرە، کەچی ئەو کوڕەی ئەو ھەڵەی کردووە ئەو ھەڕەشەی لەسەر نییە و خزم و کەسی بەرگری لێدەکەن و کچەکەش خێزان خۆی لێ بێبەری دەکات، کەچی کور و کچەکە لەھەمان ھەڵە بەشدارن ئەوە دەبێتە لاوازی کەسایەتی و باوەڕ بەخۆ نەبوون لەلایەن کچانمان.
زۆربەی جار لە حالەتەکان دەپرسم ئەی کوڕەکە گیراوە؟
ئەوەی دەستم دەکەوێ لە وەڵامدا... نەخێر بەس ئینکاری دەکات. بیر دەکەمەوە بەوجۆرە ھانی کوڕەکە دەدەن کە ھەڵەکە لای ئەو ئاسایی بێت و لەوانەیە دووبارەشی بکاتەوە.
زۆر شت ھەیە دایک زۆر با ئاسایی فێری کوڕەکەی دەکات دەربارەی ژیان کە چۆن چاو کراوە بێت. کەچی بۆ کچەکەی دایک بێدەنگ دەبێت و دەڵێ عەیبە باسی ئەو بابەتانە بۆ کچەکەم بکەم. ئەی باشە کچەکەش نابێت چاو کراوە بێت و پارێزگاری لە خۆی بکات ؟ ئێمەی تاکەکانی کۆمەڵگا بیر ناکەینەوە لە ڕۆلی ئەم ئافرەتە بۆ کۆمەڵگا چەند گرنگە، کە شان بەشانی پیاوان کار دەکەن لەدەرەوە و لەماڵەوەش دەبنە دایک و ماڵ و خیزان بەڕێوە دەبەن، کەواتە بۆ کەساییەتیان لاواز بکرێت دەبێت کچیش وەک کوڕ فێر بکرێت و ژیان تێبگات بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری خۆی بکات و تووشی کێشە نەبێت..
یەکسانی جێندەر زۆر گرنگە ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت واتە ئافرەت و پیاو وەک یەکن لە ئەرک و ماف نەک لە جل و بەرگ و ڕەوشت، بەمانای ئەوەی لەشوێنی کارکردن فەرمانبەری پیاو وئافرەت وەک یەکن جیاوازیان نییە، یان لەماڵەوە کوڕو کچ وەک یەکن ھیچ جیاوازیان نییە، لە پەروەردەدا لەقوتابخانە بەھەمان شێوە قوتابی کوڕو کچ وەک یەکن ھیچ جیاوازیان نییە، واتا ئەگەر ھەڵەیان کرد کوڕ و کچ لە قوتابخانە دەبێ وەک یەک تەماشا بکرێن..(من زۆر باوەڕم بە یەکسانی جێندەر ھەیە، بەڵام من فێمێنیست نیم چونکە ئەو دوو وشە دوو شتی جیاوازن لەیەکتری ناتوانرێت ڕۆڵی ھیج یەک لە پیاو ئافرەت لە کۆمەڵگا کەم بکرێت، تەواوکەری یەکترن بەڵام ئێمە ئەگەر بمانەوێ لەڕووی کۆمەڵگاوە بەرەو پێش بچین دەبیت ئافرەت و پیاو لە ئەرک و ماف وەک یەک بن.
لەکۆمەڵگای ئێمە یەکسانی جێندەر بەھەڵە تێگەیشتوون وادەزانن واتە پیاوان چی دەکەن چۆن کات بەسەر دەبەن دەبێ ئافرەتیش وابیت یان پیاو چون جل لەبەر دەکات دەبی ئافرەتیش وابیت، کەچی نەخێر زۆر جیاوازە ئەم تێگەیشتنە ئافرەت بەئافرەت بوونی خۆی جوانە تەنھا لە ئەرک و مافی وەک پیاو بێت نەک لە جل و کات بەسەربردن و ھەڵسوکەوت کردن.
ئەگەر ھەوڵبدەین کەسایەتی کچەکانمان ڕابگرین و لەگەڵ کوڕەکانمان بەچاوی یەکسان تەماشایان بکەین، ئەوا ئەوانیش لە داھاتوودا دەبنە دایک و بەھەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن..کەواتە بە مامەڵەی جوان لەگەڵ ئافرەت نەوەیەکی تەندروست و ئاست بەرز پێک دێت، چونکە ئەو ئافرەتە چۆن مامەڵەی لەگەڵ کراوە ئەوا مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانی دەکات. ئەو جۆرە پەروەردانە کۆمەڵگا بەرەوپێش دەبات.
زۆر جار دەڵێین بۆچی پێش ناکەوین وەک وڵاتانی تر ھۆکاری زۆرە ئەمەش یەکێکە لەم ھۆکارانە...
• پسپۆڕی پزیشکی دادوەری و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی
Top