نەخۆشی کۆرۆنا

نەخۆشی کۆرۆنا

لە ئێستادا کوردستان لە قۆناغی چارەمی شەپۆلی یەکەمی تووشبوون بە کۆرۆنایە!!! نزیکترین پەتا و دەرد لە مێژووی نزیکدا بریتییە لە پەتای ئینفلەوەنزای ئیسپانی، کە ئەو کات لە سەر شێوەی چار شەپۆل ھات و لە ساڵی (١٩١٩ز - ١٩٢٢ز) درێژەی کێشا... ئەو کات یەک لە سێی دانیشتووانی سەر زەوی تووشی ھاتن، وە (٢⁄٣)ی خەڵک بە ھۆی پیادە کردنی ڕێکارە خۆپارێزییەکان تووشی نەھاتن!؟! ئەو کات نەتوانرا؛ ھیچ ڤاکسینێک بدۆزرێتەوە بەڵکو گۆڕانکاری لە بۆھێلی بۆماوەیی ڤایرۆسەکە ڕوویدا و بەرە بەرە ڤایرۆسەکە گۆڕانکاری بە سەردا ھات و لە ڤایرۆسێکی تووش و تووند گۆڕا لۆ ڤایرۆسیکی سادە و کەمتر ئەگەری مردن دروست بکات.
لە ھەنووکەدا؛ ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەخۆشییەکەی (کۆڤید ١٩) تەنگی بە جیھان ھەڵبەستووە چونکە ئەم ڤایرۆسە توانای تەنینەوە و تێزانەوەی یەکجار زۆرە؛ ھەتا ئەمڕۆی دەگەل دابێت نەخۆشی ئەم ڤایرۆسە (کۆڤید ١٩) چارەسەری نییە و خڕ ئەو چارەسەرییانەی دەدرێن وەک ھیوا و خۆزگە بووە لۆ ئەوەی پێشگیری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگیرێت و نەھێڵێت نەخۆشی (کۆڤید ١٩) تیرتر بێت و سیرایەت بکێشێت. لە عێراقی فیدڕاڵدا ئەگەر و ڕێژەی مردن بەگوێرەی ئامارەکان (٣.٦٪) بوو، وە لە کوردستان (٣.٢٪) بوو. ھەر لەبەر ئەوە دەبێت ھاووڵاتییان زێدەتر مقەیەتی خۆیان بن، دەنا لە پەتای ئینفلەوەنزای ئاسایی ڕێژەی مردن (١٪) بووە یان بڕێک کەمتر.

* شەپۆڵەکانی کۆرۆنا: ئەگەر ڤاکسین دەوری نەبێت یان تەواو نە دۆزرێتەوە؛ ئەوا: مەزەندە دەکرێت ھەتا ساڵی (٢٠٢٢ز) بەردەوام بێت... ئێستا ڤاکسینی کۆرۆنا لە گۆڕێیە؛ وە مەرج نییە ئەوە (١٠٠٪) ئەگەری تووشبوون کەم بکاتەوە چونکە ڤاکسینی پەتای ئاسایی (٦٠ - ٩٠٪) پارێزەرە و ئەگەری تووشبوون کەم دەکاتەوە. ئەوە مانای ئەوە دەدات، کە: دەگەل ئەوەی ڤاکسین ھاتۆتە گۆڕێ بەس دەبێت ھێشتا خەڵک ڕێکارەکانی خۆپارێزی پیادە بکەن و ھەوڵ بدەن لە تووشبوون بە کۆرۆنا یان (کۆڤید ١٩) بەدوور بن. لە ئێستادا ئێمە لە قۆناغی چارەمی شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنا داین، وە ئەگەر ڤاکسین نەیەت، ئەوا لۆی ھەیە لە مانگی (شوبات یان ئادار) شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا بێت.
کۆرۆنا ئەگەر وەک مەزەندەکان بێت، ئەوا: لۆی ھەیە بە چار شەپۆل لە کۆرمان بێتەوە، وە ھەر شەپۆلێک بە چار قۆناغدا دەڕوات؛ بەمشێوەیە:

١ . قۆناغی یەکەم:

ا. ڕێژەی بڵاو بوونەوە = خەڵکێکی زۆر تووشی دێت، وە لە ناو کۆمەڵگا بڵاوەی لێدەکات. لێرەدا کەسی یەکەم، کە: تووشی نەخۆشییەکە ھاتووە (سەرچاوەکە) و بووەتە ھۆی تەنینەوەی ڤایرۆسەکە دیارە.

ب. ڕێژەی چاکبوونەوە: ھێشتا کەمە.

ج. ڕێژەی مردن: کەمە.

٢. قۆناغی دووەم:

ا. ڕێژەی بڵاو بوونەوە = لێرەشدا بڵاو بوونەوە ھەر زۆرە و دیسان خەلکێکی زۆر تووشی دێت.

ب. ڕێژەی چاکبوونەوە: لێرەدا دەست بە زیاد بوون دەکات؛ وە ھەروەھا خەڵکێکی زۆر دەبینرێت دوای شیفا و چاکبوونەوە تووشی ماک و ئاڵۆزی نەخۆشییەکەیان لە سەر وەدیار دەکەوێت.

ج. ڕێژەی مردن: دەست پێدەکات ژمارەیان زۆر بێت.

٣. قۆناغی سێیەم:

ا. ڕێژەی بڵاو بوونەوە: ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات.

ب. ڕێژەی چاکبوونەوە: ژمارەیان زیاد دەکات و زۆر دەبێت.

ج. ڕێژەی مردن: زیاد دەکات.

٤. قۆناغی چارەم:

ا. ڕێژەی تووشبوون و بڵاو بوونەوە: زۆر کەم دەبێت.

ب. ڕێژەی چاکبوونەوە: لێرەشدا ژمارەیان کەم دەبێتەوە چونکە تووشبوون کەمبۆتەوە و نەخۆش ڕوو لە کەمی دەکات.

ج. ڕێژەی مردن: ئەم ڕێژەیەش کەم دەبێت چونکە ژمارەی تووشبوون کەمبۆتەوە، لۆیە: ژمارەی مردووانیش کەم دەبێتەوە.
ئەگەر لە ھەنووکەدا سەیری ئامارە فەرمییەکان بکەین، ئەوا: دەبینین کە ئێمە لە قۆناغی چارەم شەپۆلی یەکەم داین.... ئەدی ئەگەر سەیری ووڵاتێکی ئەوروپی، وەکو: ووڵاتی فەڕەنسا بکەین؛ دەبینین، کە: ھەر بە زوویی دوای شەپۆلی یەکەم کەوتنە ناو شەپۆڵی دووەم و ھەنووکە لە کۆتایی قۆناغی یەکەمی شەپۆلی دووەمن و ئەوەش وایکرد ھەر پێش دوو حەفتە بەرپرسانی ئەم ووڵاتە دووبارە قورمتێنە و خانەگیر بوون ڕابگەیەنن. ئەوجا ئەمە نابێت ووڵاتێکی وەکو فەڕەنسا بکەین بە نموونە لۆ خۆمان بەڵکو دەبێت ھەنگاوەکانی تاک و کۆمەڵگا و دەسەڵات وەکو ووڵاتی ئوستڕالیا لێ بکەین، ئەوە لۆ پێنج مانگ دەچێت کە ژمارەی تووشبووان زۆر کەمە یان ھەر نەبووە و تەنانەت بەرپرسانی ئەم ووڵاتە لە دام و دەزگاکان مزگێنی ئەوەیاندا؛ کە: ھیچ حالەتێکی نوێ تۆمار نەکراوە. لۆیە؛ شەپۆلی دووەم درەنگتر دێت، ئەوجا چەند دێر بکەوێت لۆی ھەیە ڤایرۆسەکە بازدانی بە سەر دابێت و کز ببێت و لاواز بێت و ئەو توانای تەنینەوەی نەمێنێت یان یەک لە ڤاکسینەکان سەرکەوتن بەدەست بێنێت و لەم نەخۆشییە چەپارەمان بدات.
Top