دە ساڵ بانگەشەی هەڵبژاردن
December 12, 2020
وتار و بیروڕا
لەگەڵ دروستبوونی گۆڕان بەشێكی زۆری جەماوەر و كادیری یەكێتی بەدوای بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا كەوتن. ئەو كات پارتی یارمەتیی یەكێتیی دا كە نەكەوێت و دەستی گرت. پاش ماوەیەك یەكێتی كە هاوپەیمان و شەریكی پارتی بوو لە پارتی هەڵگەڕایەوە و ڕاگەیاندنەكانی بە دژایەتیكردنی پارتی ئاراستە كرد هەتا ئەمڕۆ. ئامانجی سەرەكیی یەكێتی ئەوە بوو كە بە دژایەتیكردنی پارتی، جەماوەری خۆی لە گۆڕان وەرگرێتەوە. ئەم تاكتیكە تا ڕادەیەك كاریگەر بوو، چونكە لە ئەساسدا جەماوەر و كەوادیری یەكێتی لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی پارتی تەربیەت كرابوون. هۆكاری سەرەكیی جیابوونەوەی گۆڕانیش هەر ئەو تەربیەتە سیاسییە بوو و گۆڕانخوازەكان پێیانوابوو كە یەكێتی كەوتووەتە دوای پارتییەوە.
(تا)ـی دژایەتیكردنی پارتی لەپێناو كۆكردنەوەی دەنگ ئیسلامییەكانیشی گرتەوە. بۆیەشە كەوتنە كێبڕكێی شەڕی ئیعلامی لەگەڵ پارتی هەتا ئەمڕۆ. هاوكات لە دۆخی پێكهێنانی حكوومەت و تەقسیمی غەناییم و كۆبوونەوەكانیان شەریكی پارتی بوون. هەر لەبەر ئەوەش بوو نەریتی ناسرووشتیی پێیەك لە حكوومەت و پێیەك لە دەستەڵات بووە بابەتێكی باو. زۆرجار دەدیترا كە فراكسیۆنەكانیان لە هەرێم كێشەیان لەگەڵ پارتی نییە بەڵام لە بەغدا هەڵوێستی دژی هەرێمی كوردستانیان هەیە. ئەمە هەر هەمووی بۆ ئەوە بوو بە خەڵكی خۆیان بڵێن ئێمە پاشكۆی پارتی نین..
دەرئەنجامی ئەو شەڕە ئیعلامی و دووڕووییە تەنیا یەك بابەتی جەوهەری بوو.. كێشەكانی خەڵك هەر وەك خۆی دەمانەوە و ناڕەزایەتییەكان نەدەگەییشتنە هیچ ئەنجامێك. چونكە وزەی لایەنەكان تەنیا لە سواربوونی شەپۆڵەكان و كۆكردنەوەی دەنگ و دژایەتیكردنی پارتی و پێگەی هەرێم سەرف دەكرا و بە لای چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك و نەهێشتنی بێسەروبەری و مەحروومییەتی خەڵكی ئەم دەڤەرەش نەدەڕۆییشتن. لە لایەكی تریشەوە ڕای گشتیی دەڤەری سلێمانی بەهۆی ڕاگەیاندنی ئەحزاب و موزایەداتەوە ئاراستە دەكرا. وای لێهات ئەوەی زۆرترین قسە بە پارتی بڵێت ئەوە فریشتە و ڕزگاركەرە.
لەبەر موزایەدات و لە ترسی ئەو كەشە سایكۆلۆژییەی خودی حزبەكان دروستیان كردبوو هیچ سیاسییەكی دەڤەری سلێمانی جورئەتی ئەوەی نەبوو بە دڵێكی پاك و نیەتێكی نیشتیمانی و لەپێناو چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵك هاوكاری پارتی بێت و بەردەوام كێشە و گرفتیان بۆ حكوومەت و پڕۆسەی سیاسی دەنایەوە. كار گەییشتە ئەوەی لە بەغدا سەنگەریان لە حكوومەتی هەرێم گرت تەنیا بۆ ئەوەی بە جەماوەری خۆیان بڵێن ئەها بزانن ئێمە هەر ئانتی پارتین و بە قسەی خۆیان هەر لە بەرەی گەلین!. هەر ئەم سیاسەتە نادروست و دووڕوییەشە وای كردووە كە خزمەتگوزاری و گوزەرانی خەڵك لەوێ خەرابتر ببێ و هەر كەسیش دەنگ بكات و ناڕازی بێت خێرا دەڵێن خەتای پارتییە. ئەم (تا)ـیە بێمانایە وای كردووە ماوەی دە ساڵە هەرێمی كوردستان هەر لە دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن و شەڕی ئیعلامی و جنێو بژیێت و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت.
بەڵام ئەمە هەتا كەی بۆیان بڕ دەكات؟ ڕەنگە لەو قەیرانەی ئێستایشدا حزبەكانی ئەوێ بۆ هێوركردنەوەی جەماوەر و ئینقازی خۆیان دووبارە پەنا بۆ ئەم نەریتە ببەنەوە و بەشێكی زۆریشیان هەر بەردەوامن لە موزایەدات و دژایەتیكردنی پارتی ئەویش لە هیچ و خۆڕایی. چونكە پارتی لە ڕاستیدا لە ناوچەكەی ئەوان هیچ دەستەڵاتێكیشی نییە. بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە بەردەوامبوون لەسەر ئەوە دەردی خەڵك دەرمان ناكات.
عیلاجی واقیعی ئەوەیە حزبەكان لەبری موزایەدە و شەڕی ئیعلامی و توڕەكردنی خەڵك و خەراب تێگەیاندنی جەماوەر با بێن نیشتیمانیانە چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵك بكەنە ئەولەوییەتی خۆیان و یارمەتیی حكوومەت و پارتی بدەن. ئەگەر یارمەتیش نادەن لانیكەم كۆسپ و تەگەرە دروست نەكەن. ئەگەر ئەمە نەكەن هەر سواری شەپۆڵەكان بن ڕۆژێك دێت خۆشیان دەكەونە ژێر شەپۆڵەكان و نقوم دەبن. خەڵكی نەیاری كوردستانیش وەك گورگی ددانتیژ لەو كەلێنە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی و جەماوەری و سیاسییە دێنە ژوور كە حزبەكان لە دەڤەری سلێمانی دروستیان كردووە و دواجار نە خەڵك دەگاتە داوكاریی خۆیان و نە حزبەكانیش هیچیان بۆ دەمێنێتەوە... هەموو شتێك لە مانا دەكەوێت.
ماوەتەوە بڵێین وڵاتێک دە ساڵ لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و شەڕی ئیعلامیدا بژیێت هەر وای بەسەر دێت کە هەرێم ئێستا تێیدا دەژیێت.