مێژوو سەڵماندی گەلی كورد خۆراگرە و پاشكۆیی رٍەتكردۆتەوە
December 12, 2020
وتار و بیروڕا
سەركردایەتیی سیاسی گەلی كورد، بناغەدانەری بوو بۆ عێراقی نوێی دیموكراسی و دەستووری و فیدراڵ و قوربانی زۆربەخشی و جگە لەوەی كە رۆڵی گرنگی لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی لە ساڵی 2005 بینی ، بەو هیوایەی كە چیتر وەك رژێمەكانی پێشووتر بە هۆی داخوازی رەوایی مافەكانی كیمیاباران، ئەنفال و تیرۆر و هەوڵی سڕینەوەی نەدرێت هیواكانی لە سەر عێراقی فیدراڵی ، دیموكرات و بە نییەتی هاوبەشی ،یەكسانی و سازان .بەڵام بینیمان زۆری نەخایاند ، دژایەتیكردن ، پەراوێز خستن ، گەمارۆدان و ئینجا بەهێرش و پیلانگێری بۆ سەر هەرێمی كوردستان ، دەسەڵاتدارانی بەغدا تا ئێستا وەڵامی مافەرەواكانی گەلی كوردیان لە هەرێمی كوردستان دایەوە
. لە ناخی دڵی هەموو كوردێكی دڵسۆز و كوردپەوەرو و نیشتیمانپەوەرەوە ئەو ویستەدێتە دەرەوە كە ، رووڕەشی و نەفرەت لە ئەو مێژووەی كە كوردستانی پارچە پارچە كرد و ئێستا بەداخەوە تاكی كورد لەبەر ئەو مێژووە تاڵە هەڵگری رەگەزنامەی شەرمەزارییە لە سەر ئاستی جیهان، ئەویش رەگەزنامەی عێراقییە كە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بە گومانەوە تەماشای دەكەن. دەبێ تاوانی گەلی كورد چی بێت و تاكەی باجی ئەم هەڵە مێژووییە بداتەوە؟ ئێستا بەغدا گەمەیەكی سیاسیی ترسناك دەكات لە دژی كوردستان، بەڵام دواجار شكستی خۆی بەدەستی خۆی رادەگەیەنێت، لەبەر ئەوەی گەلی كورد هەمیشە وەك لوتكەی شاخەكانی ورەبەرزە و وەك بەرد رەقە لەسووربوونی و داكۆكی لە مافە رەواكانی خۆی. ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستوور و یاساییی جێگایەك نییە جیهانی ئازادیخواز لێی بێدەنگ بێت و پێویستی پێی نەبێت، ژیری رابەرایەتی بارزانی و سەركردایەتی سیاسیی هەرێمی كوردستان توانی بۆ جیهان بیسەلمێنێت كە عێراق پایەندی جێبەجێكردنی دەستوور نییە و بەردەوامە لەسەر ئەو عەقڵییەتەی كوردی لێ بێزار بووە، بۆیە داوای سەربەخۆیی دەكات. ئەوەتا پارتە شیعەكان و هەندێك لە پارتە سوننەكانیش دژایەتیكردنی كوردستانیان كردۆتە نەریت و خوویەكی ناشیرین بۆ پڕوپاگەندەكانی هەڵبژاردنەكان، چونكە لەچەند ساڵی رابردوودا توانیویانە كۆمەڵگەكانیان فریو بدەن و ئەو رۆشنبیرییەیان تێدا نەهێڵن كە لەدنیای پێشكەوتوودا بۆ پێكەوەژیان و لێبوردەیی پێویستە.
هەربۆیە لایەنە شۆڤێنی و سیاسییەكانی عێراق لە دژایەتیكردنی گەلی كورد بەردەوام دەبن تا هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە كارهێنانی كارتی فشاری زیاتر بۆ دژایەتیكردنی كوردستان، بەڵام لە ئەنجامدا لە هەموویدا شكست دەهێنن، چونكە دژایەتییەكانیان بێ بنەمان و خۆدەرخستنی بەردەم میدیاكانە. هەرێمی كوردستان ، هەردەم ئامادەی چارەسەری بووە لە رێگەی گفتگۆ و یاسایی دادەورێكی باشە ، تا گەلی كورد بتوانێت مافەرەواكانی كە چەندین ساڵە جێبەجێ ناكرێت و ساڵ بە ساڵ زیاتر پاشگوێ و پەراوێز دەخرێت بەدەست بێنێت و هەردەم نییەتی باشی هەبووە ، دیارترینیش سەرٍەرایی ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 عێراق بەوپەری دڕندایەتیی پەڵاماری هەرێمی كوردستانی دا و مەڕامەكەشی روون و ئاشكرا بوو ، بەڵام جارێكی تر بەو ئاواتەی كە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە خۆیاندا بچنەوە و مافەكانی كە خۆی لە چارەسەری ناوچە كوردستانییەكان و مافی بودجە و مووچە بەدەست بێنێتەوە ، گەڕایەوە نێو پرۆسەی سیاسی عێراق.
بۆیە، سەركردایەتیی سیاسی كوردستان تا دوایین ساتەكان بە گفتگۆی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا دەروات ، بەدڵنییایەوە كە نەگەیشتینە ئەنجام، سەربەخۆیی رێگای رووناكی و بژاردەی سەركەوتنمان دەبێت، بۆ ئەوەی ببینە دوو دراوسێ و چیتر بژاردەی دیكە نابێ بۆ بەغدا و هیچ بیانوویەكی نابێ بۆ مانەوەی كوردستان لەگەڵ بەغدایەكی نا دیموكراس ، نا هاوبەش ، نا یەكسان و فرەكوێخادا. ئەوەی ئێستا دەیكات لە دوای بیانوو دۆزینەوەی رۆژانەیە دژی كوردستان، هەر رۆژەو بیانوویەكیان هەیە و ئەوەش تەنیا بۆ كات كوشتنیانە و تا هەر كاتێك بەهێزبوونەوە هێرش و پەڵاماری سەر گەلی كورد و دەستكەوتەكانی بدەن .