خیانەت کردن لە گەل و وڵات کارەساتبارە!

خیانەت کردن لە گەل و وڵات کارەساتبارە!

ھەندێ حزبی سیاسی چەندین ساڵە دۆخێکی وەھایان خوڵقاندووە لە ھەرێمی کوردستان کە بوونەتە ھۆی ڕێگری کردن لە جێبەجێ کردنی ھەر نەخشە و پلانێک لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا، ئەم لایەنە سیاسییانە بە ناوی دیموکراسی و ریفۆرم و بە بیانوی ئەوەی کە لە بەرەی خەڵکن و پشتیوانی مافەکانیان دەکەن، بەڵام دروشمبازی شتێکە و ڕاستیش شتێکی تر..

کاتێک کە حکومەتی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەی چاکسازی ڕاگەیاند، ئیتر ئەمانە دەمیان داخرا، چونکە لە بنەرەتدا ئەمانە دژی ریفۆرمن و ھەڵگری چەشنە ئەقڵیەتێکی سیاسین بێجگە لە بەرژەوەندی تەسکی خۆیان و حزبەکانیان ھیچی تر نابینن.


ھەر حزبێکی سیاسی کە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا بە دەنگی گەل سەرکەوتن بە دەست دەھێنێت، ئەرکی پیرۆزی نیشتمانی دەکەوێتە سەر شانی و دەبێ ھەمیشە لە بەرەی گەل دا بێت وبەرگری لە گەل و وڵاتەکەی بکات نەک بەرەی دژی گەل و وڵات ھەڵبژێرێت؛ و ئامانجی ڕوخاندن دەسەڵاتی سیاسی و حزبی دەسەڵاتدار بێت و ھەموو ڕێگایەکی چەوتیش بگرێتە بەر بۆ زیانگەیاندن بە حکومەت و خەڵکی کوردستان وەک دوژمنێکی سەرسەختی دەرەکی ھەڵسوکەوت بکات.

لە زۆرێک لە وتارەکانمدا باسی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیم کردووە، بەڵێ باسکردن لە بابەتێکی وەھا گرنگی خۆی ھەیە لە بەر ئەوەی ھەموو کات ئاسایشی نیشتمانیمان لە ژێر ھەڕەشە و گوڕەشەدا بووە تاکو ئەمڕۆ، سەرەڕای بوونی ھەڕەشە دەرەکییەکان ھەڕەشەی ناوخۆیی زۆر مەترسیدارترە، ڕێگا خوشکەرە بۆ داگیرکارانی کوردستان تاوەکو مەرامی گڵاوی سیاسی خۆیان بە ئاسانی جێبەجێ بکەن.

خۆفرۆشی و خاکفرۆشی و خو بە کوێلە زانین لە لایەک و، لە لایەکی تریش ھاوبەشی لە پڕۆسەی سیاسی وڵاتەکەماندا بوویتە مودێلی ئەم چەند حزبە سیاسییەی کوردستان، کە لە ھەردوو لاوە ھەوڵ دەدەن ئەزموونی فیدراڵی ھەرێم بڕوخێنن، لە قۆناغە ھەرە ھەستیارەکانیشدا لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ مەینەتی و ئازارەکانی گەلەکەیاندا بن زامەکانی ئەم گەلەیان بە ئەنجامدانی خیانەتی نیشتمانی یەک لە دوای یەک قوڵتر کردۆتەوە تاکو ھەرێمی کوردستانیان بەم دۆخە قەیراناویەی ئێستا گەیاند.

ئەو ئەنجامەی کە لەم وتارەدا دێتە دەستمان ئەوەیە کە تاکو خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی، بوشایی سیاسی، بێ متمانەیی سیاسی لە ئارادا بێت دۆخی سیاسی و قەیراناوی ھەرێمیش پێم وانییە لەمەی کە ھەیە باشتر بێت.
Top