كتێبی دیدی ئیسلام ستراتیژ و پڕۆژەیەكی گرنگ بۆ هۆشیاریی كۆمەڵگە و هەرێمی كوردستان
December 5, 2020
وتار و بیروڕا
كتێبی (دیدی ئیسلام. پرسی هزری توندڕەویی- سەربەخۆیی و بەیەكەوە ژیان) یەكێكە لەو بەرهەمە نایابانەی گۆڤاری گوڵان كە بە هاوكاریی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە چاپی گەیاندووە، ئەم بەرهەمە زادەی تێڕوانین و خامەی رەنگینی زانایانی كوردە، كە راشكاوانە هەڵوێستی خۆیان لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دروستی ئایینی لەمەڕ پرسە هەستیارەكانی وەك (توندڕەوی و تیرۆر، مافی سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون، ئاشتی و پێكەوەژیان، هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی، ریفۆڕمی ئیداری و كۆمەڵایەتی، یەكڕیزی و وەلانانی ململانێ....هتد) خستۆتەڕوو.
چونكە لە دە ساڵی رابردوودا وێڕای بارودۆخە سیاسی و ئابووری و ناوخۆییەكان، كورد بە دوو قۆناغی هەستیاردا گوزەری كرد، قۆناغێكی نەگریس و ئەوەی دیكەشیان مێژوویی، یەكەمیان سەردەمی شەڕی داسەپێندراوی داعش و مەترسیی ئەو گرووپە توندئاژۆیە، كە هەڕەشەیەكی نەویستراو بوو بۆ سەر ئەزموونی حوكمڕانی لە كوردستان و زیانی گەورەی گیانی و مادی بە كورد گەیاند، سوپاس بۆ خودا و هیمەتی پۆڵایینی پێشمەرگە، كە توانییان بە نوێنەرایەتیی هەموو جیهان رووبەڕووی ئەو گرووپە بێتەوەو پارێزگاری لە خاك و خەڵكی كوردستان بكات.
دووەمیان قۆناغی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوو، كە گەلی كورد ئارەزوومەندانەو بەشێوەكی دیموكراسی و ئاشتییانە رێگەی گەیشتن بە مافی چارەنووسی هەڵبژاردو زەمینەی ئەو هەنگاوە مێژووییەی رەخساند، وەك باشترین بژاردەی گۆڕەپانی سیاسی و لێكەوتە ناویستەكانی سیاسەتی عێراق بەرامبەر كوردو پێشێلكردنی دەستوور و وەلانانی شەراكەتی دروست و لاسەنگكردنی تەوافوق و تەوازونی پێكهاتەیی لە عەقڵیەتی كاربەدەستانی عێراق، لە دوای قۆناغی رزگاركردن.
لەنێوان ئەو دوو رووداوە دیارەدا، پرسی توندڕەویی ئایینی و تائیفی و دەمارگیریی نەتەوەیی و تیرۆرو كوشت و بڕو كردارە نەگریسەكانی داعش و، فیداكاریی پێشمەرگە لەپێناو كەرامەت و پاراستنی كوردستان لەلایەك و، پرسی مافی دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی و گشتپرسی و پێكەوەژیان و یەكهەڵوێستیی لایەنەكان و نەهێشتنی ئاسەواری هزری توندئاژۆیی و، لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە روانگەی ئیسلام و تێگەیشتی دروست بۆ چەمكەكان و خاڵیكردنەوەی كۆمەڵگە لە فكری توندڕەوی و پاشماوەی داعش لەلایەكی دیكە، بابەتی گەرمی گۆڕەپانەكە بوون.
هاوشان لەگەڵ ئاراستەی هەستی كوردپەروەرانەو بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەڵوێستی زانایانی ئایینی لە بەرەنگاربوونەوەی كۆی ئەو مەترسییانەی سەر كوردستان لەلایەك و تەواوی هەنگاوەكان بۆ گەیشتن بە ماف و خواستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پێشكەوتنی كوردستان لە لایەكی دیكە، حوزووری مەعنەوی و مەیدانییان هەبوو، وەك توێژێكی كاراو دیار رۆڵیان گێڕا.
پێویستیی دیدو هەڵوێستی زانایانی ئایینی بۆ رای گشتی و جیهانی ئیسلامی و گرووپە توندئاژۆكان لە پێناو راستكردنەوەی تێگەیشتی هەڵەو دەرخستنی روانگەی ئیسلام لەمەڕ مافە نەتەوەییەكان و پووچەڵكردنەوەی كردە تیرۆریستییەكانی داعش و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتی و، بەتایبەت گەنجان لەوەی داعش نوێنەرایەتیی ئیسلام ناكاو بگرە زیان بە سومعەی ئایین دەگەیەنێ، لەو دۆخ و قۆناغەی ئەوسا یەكجار گرنگ بوو، بە درێژایی مێژوو كورد تاكە نەتەوە بووە كە ئارەزوومەندانە ئیسلامی پەیڕەو كردووەو قەت ئایینی بۆ ئامانجی ناڕەواو لێدانی كەس بەكار نەهێناوە.
كتێبی (دیدی ئیسلام..) شرۆڤەو گەنگەشەی ئەو باس و پرسە گرنگانەیە كە لە چوارچێوەی خوێندنەوەی خۆماڵییانە بۆ ئیسلام، هەوڵێكە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لەهەمبەر قووڵكردنەوەی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی، بە ئاراستەی گەیشتن بە ماف و ئازادییەكان و ئامادەیی بەرگری لە خاك و خەڵك و پاراستنی سەقامگیری و دەستكەوتەكان.
ئەم كتێبە كۆكراوەی دیدو خزمەت و تێڕوانین و هەست و هەڵوێستی زانایانی ئایینیە لە ماوەی قۆناغی شەڕی نەگریسی داعش و پارێزگاری لە كیان و قەوارەی كوردستان، واتە هەڵقوڵاوی هەناوی قۆناغێكی تایبەتە، كە تێیدا كوردستان لە پێناو سەقامگیری و پاراستنی كەرامەت و رەتكردنەوەی داگیركاری دەریایەك خوێنی بەخشیوە.
لەم كتێبەدا كۆمەڵێك بابەت و توێژینەوەو دیمانەو راپۆرتی مەیدانی و شرۆڤەو شیكاریی ئایینی و هزری و لۆژیك خراوەتە روو، كە بە هەنگاوێكی گرنگی مێژوویی و دیكۆمێنتاری خزمەتی زانایانی ئایینییە لە پێناو بەرەوپێشبردنی كیانی كوردی و پاراستنی كوردستان، لەهەمان كات سەرچاوەو خەرمانێكی بەپێزە بۆ توێژەرو خوێنەرو نووسەرو هزرڤانان.
گۆڤاری (گوڵان) لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا كە برا پێشمەرگەكانمان لە بەرەی بەرگریكردن بوون، لە شەڕی سەپێنراوەی تیرۆرستانی داعش، هەوڵی داوە تێڕوانینو هەڵوێستو شرۆڤەو دەنگی دلێری زانایانو كەسایەتیی ئایینی هەرێمی كوردستان، كە بە وردی و لە رووی هزری و بە بەڵگەی دیارو سەلمێنەرەوە، گفتوگۆی تێرو تەسەلیان لەسەر داعشو بیری داعش و پرسی توندڕەویی ئایینی و پێكەوەژیانی ئاینزاكان و روانگەی ئیسلام.
ئەم كە لە كۆتایی ساڵی 2019 بە تیراژی 2000 دانەو بە قەبارەی 424 لاپەڕە چاپ كرا، هەرچەندە وا بڕیار بوو لە هەنگاوێكی شایستەدا تایبەت بە ناساندن و بەرچاوخستن و شیاندنی ئەم كار و پڕۆژەیە لەسەر ئاستی كوردستان مەراسیمێكی پەیوەست بەرێوە بچێت، بەڵام بەداخەوە كۆرۆنا دەرفەتی سازكردنی نەهێشت.
(*)بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان