تەنها كوردایەتی ..

تەنها كوردایەتی ..

مێژووی خەباتی و بەرخۆدانی رابردوو ، دوێنی و ئەمڕۆیی گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی خاوەن خاك و شوناسی ڕەسەن دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە دوژمنان وداگیركەران هەر كاتێك دەرفەتیان هەببووبێت ، ئەوا هەوڵی خامۆشكردنی شۆڕش و ڕاپەڕینەكان و لەوەش نامرۆڤانەتر و مەترسیدار تر ئەوا لەناوبردن و سڕینەوەیان داوە ، وەك چۆن هەموو جۆرە چەك و پیلانگێرییان ئەنجامداوە تا بە ئێستا ..
لەلایەكی تریشەوە، بەردەوام هەوڵی دروستكردنی ناكۆكیی ولێكترازانی ریزەكانی كورد وكوردستانی یان داوە ، جگە لەوەی ژمارەیەك كەس ولایەنیان بە ڕووكەشی كوردی لە دژی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و ئەو كاروانە پر شانازییە تا بە ئەمرٍۆ بەكارهێنانەوە و زۆرجاران لە كاتی گەیشتن و بەدەسهێنانی دەستكەوت و سەركەوتنی گەورە ئەوا خیانەت و كۆسپی گەورەیان دروستكردووە .
پارتی دیموكراتی كوردستان ، ئەو قوتابخانە وهێزە كاریگەرە نەتەوەییە كە زۆرترین جار كەوتۆتە ژێر هێرش و پیلانگێری هۆكارەكەشی ئەوا بووە بە بروایەكی پتەویی كوردایەیی دوور لە بەرژوەندی حیزبی و جوگرافیا و تایبەتی تێكۆشانی كردووە لە پێناو یەكبوونی ویەكریزی كورد وكوردستان .
پارتی بەرابەرایەتی بارزانی ، ئەو قوتابخانەیە بووە، كە زۆرترین باج و قوربانیی لە پێناو تەبایی و رێكخستنی نێوماڵی كوردستانی بەخشییووە و دەبەخشێ تا بە خوێندنەوەی بۆ ئایندە و قۆناغەكان رووبەرووی پێشهاتە نەخوازراوەكان لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە ، كار بۆ پاراستنی دەستكەوت و شوناس و مێژووی گەل و نیشتیمانەكەی بكات .
بۆ دوێنی خەباتی چەكداری و شۆڕشگێری هەموو كوردانی لە ژێررٍشەماڵ بۆ كوردایەتیی كۆكردبۆوە ، تا شۆرٍشی و رٍاپەرینی باشووری كوردستان وەك هەوێنێك بێت بۆ خەباتی و تێكۆشان بۆ رزگاری و ئازادی هەموو كوردستان و مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلول كە گشت كوردستانیانی بە بێ جیاوازی لە نێو خۆیدا كۆكردبۆوە ، ئاماژەیەكی گرنگی ئەو ڕاستییە مێژووییەن.
هەروەها لە قۆناغی ئێستای خەباتی شارستانی وحكومرانی هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە، باشووری كوردستان كە خاوەن قەوارەیەكی سیاسی و دەستووری و متمانەپێكراوە و لەلایەن گەلی كوردەوە باوەری پێبەخشراوە و وڵاتانی ناوچەكە و دونیا گەواهیدەری حكومرانییەكی دیموكراسی و سەركەوتوون ، بۆتە ، شوێنی حەوانەوەی هەموو كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان . بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستەكردنە ئەوەیە، كە دوژمنان و بەكرێگیراوان بەردەوام كار لە سەر دروستكردنی ناكۆكیی و درز دەكەن لە پێناو لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان و خراپ پیشاندانی بە دونیای دەرەوە .
بۆیە، نەیارانی گەلەكەمان یەك مەڕامی ڕاستەقینەیان هەیە ، ئەوەیش لە رێگەی دروستكردنی ناتەبایی و چەواشەكاری رێگری لەكاروانی پێشكەوتن و سەركەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بگرن و ئەگەر پێیان بكرێت ئەوا هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی بدەن .قۆناغی ئێستامان دەخوازێت گەلی كورد و لایەنە سیاسییە كوردپەوەر و نیشتیمانپەوەرەكان زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بكەن و ئەو یەكدەنگی و یەكریزییە بپارێزن چونكە كلیلی سەركەوتنی كورد و شكستی ناحەزانە .
ئەوەی نەیاران و ناحەزانمان گرٍێویان لەسەركردووە، ڕاستە دژایەتی پارتی و بارزانییە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا، شەرٍی هەموو كورد وكوردستان، شەڕی قەوارەی دەستووری ، سیاسی هەرێمی كوردستان ، كە هەموو گەلی كورد لە پێناویدا خوێن و ماندووبوونیان بۆ بەخشییووە و كیمیاباران ، ئەنفاڵكراین و ئەمڕۆ تانكی ئابرامز ، گەمارۆیی ئابووری دراین و كەلەكۆمەكیی لە دژمان ئەنجامدرا. بۆیە، ئەم دەستكەوتانە هەمووان دەخاتە ژێر ئەرك و بەرپرسیاریەتییەوە .
قۆناغی ئەمڕۆمان دەخوازێت ، كە هەموو لایەك ، دڵسۆزانە و یەكریزیانە و بەرپرسیارانە ، هەوڵبدەین و تێبكۆشین لە پێناو پاراستنی گشت دەستكەوتە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان كە هەموو كورێك چاویی لە سەركەوتن و دەستكەوتنی زیاترە لە هەرێمی كوردستان. چونكە كاتێك دوژمنان و نەیارانی گەل و هەرێمی كوردستان پیلانێك دادەرێژن ، ئەوا كاریگەری لە سەر هەموو كوردستانییەك دەبێ نەك تەنها حیزب و لایەنێك .
ئەوەی ئەمڕۆ لە ستراتیژی كوردستانی بەهێزتر و حكومەتی كوردستان و هەنگاوەكانی دەبینرێت ، سەڕەرایی هەموو كۆسپ و تەگەرەكان بەرەو گەشەسەندن و پێشكەوتنی زیاترە و رێگەنەدەین هیچ دوژمن و نەیارێك رێگری لە ئامانجەكانمان بگرێت ..
Top