ئابووری عێراق وەک ھەڕەشە لەسەر لەبارچوونی ڕێککەوتنی ئۆپێک و ئۆپێک پلاس (ئۆپێک +)

ئابووری عێراق وەک ھەڕەشە لەسەر لەبارچوونی ڕێککەوتنی ئۆپێک و ئۆپێک پلاس (ئۆپێک +)

چاوەڕوان کراوە کەوا ئابوورییە داتەپیوەکەی عێراق ببێتە ھەڕەشە بۆ سەر ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئۆپێک لە بازاڕەکانی جیھان کە دووچاری گرفتی نرخی نەوت بووە. چونکە ھەندێک لە بەرپرسانی عێراقی داوا لە حکومەت دەکەن کەوا نەوتی زیاتر بەرھەم بێنن بۆ ئەو کورتھێنانەی کەوا لە بودجەدا دروست بووە. ئەمەش ڕەنگە ببێتە ھۆی ھەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ئۆپێک پلاس. ھاوکات ڕاپۆرتێکی دەزگای بلومبێرگی ئەمریکی باس لەوە دەکات ئەگەر وڵاتێکی گرنگی بەرھەمھێنی نەوتی وەکو عێراق سەرپێچی بکات بە دڵنیاییەوە وڵاتانی تر کە کەمتر بەرھەمەم دێنن ئەوەندە گرنگی بەو ڕێککەوتنە نادەن و ئەوانیش ھەمان ڕەفتار دەکەن.
ھەمان ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکات کەوا عێراق کە سێیەم گەورە ھەناردەکەری نەوتە لە جیھان دووچاری داڕمانێکی گەورەی ئابووری بووە، ئەویش لەدوای ھاتنی پەتای کۆڕۆنا بەھۆی پاشەکشەی داواکاری جیھان لەسەر وزە بەگشتی و نەوت بەتایبەتی. کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا بووە بە ھۆکاری دابەزینی نرخی نەوت لە جیھان، ئەو دابەزینەش لە نرخ بووە بە ھۆکاری دروست بوونی قەیرانێکی گەوری دارایی لە عێراق بە شێوەیەک کە حکومەت تەنانەت لە ئێستادا ناتوانێ مووچەی مووچەخۆرانیشی دابین بکات. کە ئەمەش بووەتە ھۆی ناڕەزایی ھاوڵاتیان.
ھەروەھا ھەمان ڕاپۆرت باس لەوە دەکات کەوا وەزیری نەوتی عێراقی ئیحسان عەبدولجەبار دەستەوەستانە لەنێوان توڕەیی ھاوڵاتیان لەو بارودۆخە ئابوورییە خەراپە و لەنێوان پابەندبوونی عێراق بە ڕێکەوتتنی ئۆپێک. چونکە ئەگەر بەتەواوی پابەندببێت ئەوا داھاتی کەمتر دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی بەمەش کورتھێنانی زیاتر ڕوو دەدات لە بودجەی گشتی. کێشەکە لەوەیە ھەروەکو باسمان کرد ئەگەر عێراق ھەناردەی نەوتی کەم بکاتەوە دەبێتە بار گرانییەکی زۆری ئابووری و سیاسی لەسەر عێراق. لە ھەمان کاتیشدا ئەگەر پابەند نەبێت بە ڕێێکەوتنەکە ئەوا دەبێتە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت. لێرەدا ئەگەر عێراق ھەناردەکردنیشی زۆر بێت بەڵام بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت داھاتێکی کەمی دەست دەکەوێت.
بە پێی ئەوەی کەوا عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە ڕێکخراوی ئۆپێکیان دامەزراند لە ساڵی ١٩٦٠ کە بریتیبوون لە عێراق و سعودیە و ئێران و کوێت و ڤنزویلا، سەرپێچی کردن لە بڕیارەکانی کارێکی ئاسان نییە. ئەگەر ھاتوو سەرپێچی بکات ئەوا وڵاتانی تر کە بەرھەمھێنی گەورەن وەک سعودیە کە زۆر ھەوڵی دا تا ڕێککەوتنی کەم کردنەوەی بەرھەم ھێنان بە ئەنجام گەیشت بەڵێنی داوە کەوا بەرھەم ھێنان زیاد بکات و جارێکیتر نرخەکان داببەزن.
ئاشکرایە نرخی نەوت لەماوەی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی زۆری بە خۆیەوە دیت و جارێکیتر ڕووی لە دابەزین کرد. بەڵام بەراورد بە سەرەتای ھاتنی کۆڕۆنا لە ئیستادا نرخەکەی زۆر ھەڵکشاوە بەرەو باشی چووە. کە نرخەکەی لە نیوان ٣٨ بۆ ٤٢ دۆلاری ئەمریکییە ئەمەش دوو بەرامبەرە لەگەڵ مانگی نیسان کە نرخەکەی دابەزی بۆ کەمتر لە ٢٠ دۆلار.
دابەزینی نرخی نەوت سەبارەت بە عیراق بە کارەسات دادەنرێت لەبەر ئەوەی بودجەی گشتی عیراق ٩٠% زیاتر پشتی بە داھاتی نەوت بەستووە. عیراق مانگانە پێویستی زیاتر بە ٤.٥ ملیار دۆلارە تەنھا بۆ دانی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشین و خەرجییەکانی حکومەت جگە لە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان. ھەروەھا عێراق بارگرانییەکی تری لەسەر شانە ئەویش دابینکردنی ھەلی کارە، تەنانەت مانگانە مووچەی ٤ ملیون کەس دەدات، ئەمە جگە لە مووچەو یارمەتی بۆ زیاتر لەھەمان ژمارەی کە باسمان کرد.
شایەنی باسە وڵاتی بەرھەمھێنی نەوت لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ بڕیاری کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوتیاندا کەوا ڕۆژانە ٩.٧ ملیون بەرمیل نەوت کەم بکرێتەوە بۆ مانگەکانی ئایار حزیران پاشان سوککردنی ئەو کەمکردنەوەیە، ھەنگاو بە ھەنگاو بە شێوەیەک کەوا ئەندامانی ئۆپێک+ لەسەرەتای مانگی ئاب ژمارەکە ببێتە ٧.٧ ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بکرێت بە ٥.٨ ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە.
• شارەزا لە بواری دارایی و ژمێریاری


Top