٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان

٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان

توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ھەموو قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا ھەتاکو ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، ڕەگەزی مێینە ھەمیشە وەکو ئامرازێک یانیش باشتر بڵێم کاڵایەک سەیر کراوە و لە لایەن ڕەگەزی بەرامبەرەکەی چەوسێرداوەتەوە، و ستەمی دەرحەق کراوە.


ئافرەت واتە نیوەی کۆمەڵگا، چۆن دەکرێت سەیری نیوەی کۆمەڵگا بکرێت وەکو کوێلە یان کاڵا!، ھەتا وەکو نیوەی کۆمەڵگا تەواوکەری نیوەکەی تر نەبێت بەشداری سیاسی، ئابووری، فەرھەنگی، کارگێڕی ھتد... نەکات لە کۆمەڵگەدا، چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگەیەک بە کۆمەڵگەیەکی کامل و گەشەسەندو ناو ببەین!؟


٢٥ی نۆڤەمبەر وەک ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ڕوژێکە تەعبیر لە ستەمکاری و زوڵمێکی بێ وێنە دەکات لە سەر ئاستی جیھاندا بە شێوەیەکی گشتی، ھەر بۆیەش ئەم ڕۆژە کراوەتە ڕۆژی ڕزگارکردنی ڕەگەزی مێینە لەو ھەموو زوڵمەی کە لێیکراوە و دەکرێت لە لایەن پیاوانەوە؛


شایانی باسە لە نێو کۆمەڵگە سوننەتی و دواکەوتووەکاندا ئافرەت زیاتر چەوسێدراوەتەوە، و دەچەوسێندرێتەوە، ئەویش بەھۆی ئایین، عەشیرەت، دابو نەریتی کلاسیکی و ھتد، گشتیان ڕێگرن لە بەردەم ئازادی ئافرەتدا،
ئازادییەک لە چوارچێوەی یاسا و دەستوری وڵاتدا نەک ئازادییەکی ڕەھا، لەبەر ئەوەی ئازادی ڕەھا لە ھیچ شوێنێکی ئەم جیھانەدا بوونی نییە.


ھەر کۆمەڵگەیەک لە ڕووی کلتوریەوە پێشکەوەتوو بێت بێگومان ڕێژەی توندوتیژی دژی ئافرەتان زۆر کەمترە و ئازادی ئافرەت زیاترە. بنەما یاساییەکان دژی ھەرچەشنە توندوتیژیەکن دژ بە ئافرەتان و جێبەجێ دەکرێن لە ئەرزی واقیعدا، چونکە یاسایە کە دەتوانێت یەکسانی نێوان دوو ڕەگەزی جیاواز پارێزگاری لێ بکات؛

بە پێچەوانەشەوە لە کۆمەڵگەی سوننەتی دا پیاو سالاری ڕوڵ دەبینێت و دابونەریت و ئایین و عەشیرەت و ھتد... بە ھێزترن لە یاسا، ھەر بۆیەشە دەبینین و دەبیستین ماوە بۆ ماوە پیاوان ئەو مافە بەخۆیان دەدەن تا ئاستی کوشتن و لەناو بردنی مێینە ڕەفتار بکەن لە دەرەوەی یاسا دا و نموونەش گەلێ زۆرن.


سەبارەت بە ئافرەتی کورد، زەرورە ھەڵوەستەیەک بکەین نابێ ڕۆڵی بەھێزی ئافرەتی کورد لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە ھەند وەرنەگرین، ئافرەتی کورد لە ھەر دوو قۆناغی خەباتدا واتە چەکداری و شارستانیدا ڕۆلێکی مەزنی بینیوە، لە شاخ ھاوشانی برا پێشمەرگەکانی خەبات و تێکوشانی کردووە وەکو پێشمەرگەیەک، لە ھەمان کاتیشدا ئەرکی قوڕسی ماڵ و منداڵیشی لەسەر شان بووە، ھەم لەگەڵ ئازارو مەینەتیەکانی گەلەکەیدا بووە و ھەمیش خزمەتێکی بێ وچانی ماڵ و منداڵەکانی کردووە

لە قۆناغی شارستانیشدا ڕوڵی ئافرەت دیارو بەرچاوە، تا ڕادەیەکی باشیش لە ڕووی بەشداری سیاسی و کارگێڕی تاد... ئامادەیی ھەیە و خۆی سەلماندووە وەک ڕەگەزێکی بەھێز، بەڵام ھێشتا لە ئاستی پێویست دا نییە بە ھۆی ئەو بەربەستانەی کە لە بەردەم ڕوڵگێڕانی ئافڕەتاندا ھەیە و لە سەرەوەش دا ئاماژەمان بە چەند ڕێگریەک و بەربەستەک کردووە؛

لە کوتایی ئەم وتارەدا پێویستە بڵێین، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی مەعنەوییەوە و لە سەر ئاستی دەستەڵاتی سیاسی ھەموو ھەوڵێکی خۆیان بخەنە گەڕ لە پێناو نەھێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و تەنھا ڕوژی ٢٥ی نۆڤەمبەر نەکرێتە پێوەر، بەڵکو گشت ڕوژێک بکرێتە ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر، بە گوێرەی یاسای وڵاتەکەمان بەرگری لە مافی ئافرەت بکرێت.
Top