ئاورێک لە نۆڤەمبەر؟

ئاورێک لە نۆڤەمبەر؟

توندوتیژی رەگەزی دژ بە ئافرەتان مێژوویەکی دێرین و سەدان ھەزار ساڵەی لەگەل کۆمەلگەی ئادەمیزاد ھەیە، دەگمەنە ناوچەیەکی جیھان بدۆزرێتەوە کەتوندوتیژی دژ بەئافرەتان بەجۆرێک لەجۆرەکان بەکارنەھاتبێت، چونکە زۆربەی توێژەرانی ئەم بوارە پێیانوایە کەتوندوتیژی دژ بەئافرەتان بەرھەمی کۆمەلگەی پیاو سالارییە کەلەدوای نەمانی سیستەمی ئافرەت سالارییەوە لەپیش زاین سەری ھەلداوە.
نۆڤەمبەر و ھەنگاوەکانی
کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بە بڕیاری ژمارە (١٣٤/٥٤) لە١٧ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٩ رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ـی وەک رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەستنیشانکردووە ، لەو کاتەوە ڕۆژی ٢٥ نۆڤەمبەر بەرۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە دژ بە ئافرەتان دیاریکراوە، ماوەی پانزە ڕۆژ چالاکی بەرفراوان لەسەرجەم دام و دەزگاکانی ولات بەرێوە دەچێت، ھەرچەندە چالاکیەکان جیاوازن بەلام لەسەرتاسەری جیھاندا ھەموو ساڵیک بەگویرەی نەخشەسازی ولاتان رێورەسمی جیاواز ئەنجام دەدرێت، بەگویرەی بەگشتی لەسەرجەم ولاتانی جیھاندا ئەم رۆژە بۆتە ھێمای خەباتی ئافرەتان و سەرجەم مرۆڤە ئازادیخوازەکان تواناکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دەخەنەگەڕ.
لەڕوانگەی مێژووییەوە دەستنیشانکردنی رۆژی ٢٥ نۆڤەمبەر بە رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بۆ یادی تیرۆرکردنی (خوشکانی میرابال) دەگەڕیتەوە، خوشکانی میرابال پێکھاتبوون لە سێ خوشک بەناوەکانی(پاتریا، مینروا، ماریا ترێزا) کە بە خوشکانی میرابال ناویان دەرکردووە، لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٦٠ لە وڵاتی دۆمێنیکان لەلایەن دەست و پێوەندەکانی «رافائێل تروخیۆ» دیکتاتۆری دۆمێنیکەن، تیرۆرکران، ئەم سێ ئافرەتە نموونەی بەرزی خەبات و خۆڕاگری بە دژی حکوومەتی ملھوڕانەی ئەو دیکتاتۆرە بوون، ئەوان خەباتکەر و تێکۆشەربوون چەندین جار کەوتبوونە بەندیخانە. لە ژانیوەری ١٩٦٠ پاتریا، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی گرتەدەست کە دواتر بوو بە ھەوێنی بزووتنەوەی نھێنیی ١٤ی جونی ١٩٦٠. دوو خوشکەکەی دیکەشی بوون بە ئەندامی ئەو بزووتنەوەیە. تێکۆشەرانی ئەم بزووتنەوە نھێنییە لە سەرانسەری وڵاتدا کەوتنە بەر راوەدوونان، لە ٢٥ ی نۆڤەمبەری ١٩٦٠دا خوشکانی میراباڵ، لە کاتێکدا بۆ دیتنی مێردە بەندکراوەکانیان دەیان بردن، بەدەست بەکرێگیراوانی «رافائێل تروخیۆ» و بە فەرمانی راستەوخۆی ناوبراو بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە کوژران.
ھێمایەک بۆ خەباتی فیمێنیستی
خوشکانی میرابال بوون بەسیمبولی خۆڕاگری و خەبات بەدژی ستەم دەرحەق بەئافرەتان، دواتر رۆژی٢٥ی نۆڤەمبەر وەک بۆنەیەک لەلایەن خەباتگیرانەوە باسدەکرا و گرنگی پیدەدرا، لەزۆر ولاتانی جیھان چالاکی رێکدەخرا بەلام بەشێوەیەکی فەرمی و نێودەوڵەتی نەبوو، تەنیا وەک ھیمایەک بۆ شۆرشگیری باسدەکرا ،بەلام بۆیەکەمجار لەساڵی ١٩٨١ لەلایەن فیمێنیستەکانی ئەمریکا رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر وەکو رۆژی خەبات دژی توندوتیژی، یان نەھیشتنی توندوتیژی دەستنیشان کرا، کەئەمەش ھەنگاوێکی زۆر گرنگبوو چونکە خۆی لەخۆیدا گرنگیدانی بەخەباتی ئافرەتان و قوربانیەکی بزوتنەوەی فیمێنیستی پێوە دیاربوو، ئیتر ووردە ووردە لەزۆر ولاتانی تری جیھان چالاکی رێکدەخرا و بەگرنگیەوە باسی دیاریکردنی رۆژە کانی بۆ خەباتی فیمێنیستی دەکرد، زۆربەیان پێیانوابوو کە رۆژی ٢٥ نۆڤەمبەر زۆر گونجاوە، پاشان لە ١٧ ی دیسەمبەر ساڵی ١٩٩١ لە لایان رێکخراوی نەتەوە یەکگرتەوەکانەوە وەکو رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی راگەیاندرا.
ھەرێمی کوردستان
ئەوەی جێگەی سەرنجە ھەرێمی کوردستانیش وەک زۆربەی ولاتانی جیھان گرنگی بەم بوارە داوە، بەتایبەتی سالانە لەم ھەڵمەتەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندتیژیدا چەندین چالاکی لەسەر ئاستە جیاوازەکان ئەنجام دەدرێت،تەرخانکردنی ئەو ماوەیە رێکارێکی کاریگەرە و رۆڵی ئەرێنی ھەیە، کاریگەریەکی دروستی لەسەر ئایندەی کۆمەڵگە دەبێت، بەلام نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت بەماوەیەکی زەمەنی دیایکراو ناکرێ توندوتیژی بنبڕ بکرێت ، چونکە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پێویستی بە ھۆشیاریی گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی تاکەکان ھەیە و پێویستی روحی لێبوردەیی لەنێو تاکی کوردستانیدا پرەو پێبدرێت ، چونکە نەھێشتنی توندوتیژی بەوە دەبێ چۆن پەرە بە گیانی لێبووردەیی و پێکەوە ھەڵکردن و یەکتر قەبووڵکردن بدەین.
یاساکان لەھەرێم
ئەگەر ھەلسەنگاندێک بۆ رەوشی ھەرێمی کوردستان بکەین یان ھەرێمی کوردستان بەعێراق بەراورد بکەین، ئەوا راستەوخۆ دەبیننین کە یاساکان بەشێوەیەکی زۆر نموونەیی و باش لەھەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوون، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کۆمەڵە یاسایەی کە ھەمانە وەکو خۆی کە ھەیە پەیڕەو بکرێن و کاریان پێ بکرێت، توندوتیژی بنبڕ دەبێت ، چونکە خۆی لەخۆیدا گۆڕانکاریی زۆر گرنگ لە یاساکانی ھەرێمی کوردستاندا کراوە، جگە لەوەی کۆمەڵێک یاسای باشمان ھەیە، ئەگەر ئەو یاسایانە بە باشی جێبەجێ بکرێ گۆرانکاری گەورە دەبینین .
لە نۆڤەمبەردا چی بکەین؟
سەرەتا چەند ھەنگاوێکی زۆر گرنگ ھەیە پێویستە بنرێت لەوانە رۆڵ و گرنگی زیاتر بەرێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی بەتایبەتی رێکخراوەکانی ئافرەتان بدرێت، چونکە لەسالانی رابردوودا رێکخراوەکانی ئافرەتان ھەنگاوی باشیان ناوە، جێی دەستیان لەزۆر بواری گرنگی خزمەتکردن بەئافرەتاندا دیاربووە، لەلایەکی ترەوە پێویستە لێژنەیەکی بالا بۆ سەرجەم رێکخراوەکانی تایبەت بەئافرەتان دروست بکرێت، سەرجەم رێکخراوە ناحکومیەکان بگرێتەوە، سەرلەنوێ بەرنامەی کارەکانیان رێکبخرێتەوە.
خالێکی تر کەزۆر گرنگە جێبەجی بکرێت گرنگی دانە بەراگەیاندنێکی تایبەتمەند بەئافرەتان بەداخەوە ئێستا میدیای تایبەت بەئافرەتان زۆر فەرامۆشکراوە، لەکاتیکدا زۆر پێویستە بۆ پێشکەوتن و گرنگی پیدان بە پرسەکانی ئافرەتان.
Top