ئێران لە سێرەی ئەمریکا دا

ئێران لە سێرەی ئەمریکا دا


پێش چەند رۆژیک رۆژنامەی "نیویورک تایمز" ی ئەمریکی، لەسەر زاری بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا بڵاویکردەوە، کە کەسی دووەمی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە بە ناوی "عبدالله احمد عبدالله" کە سەرپەرشتیاری سەرەکی بووە لە هێرشەکانی قاعیدە بۆ سەر بالوێزخانەکانی ئەمریکا لە ئەفریقیا، لە تارانی پایتەختی ئێران تیرۆر کرا.

هەروەها رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر دەستی تیمێکی ئیسرائیلی و بە فەرمانی ئەمریکا ئەنجامدرا.

لە درێژەی هەواڵەکە دا، ئەوەش دیار کرا کە ئۆپەراسیۆنەکە لە ٢٠٢٠/٨/٧ ئەنجامدراوە، واتا پێش زیاتر لە ٣ مانگ بووە.

لەسەرتا دەبێ چەند پرسیارێک بخەینە روو، تا بتوانین بە تەواوی له ڕەهەندەکانی بابەتەکە شی بکەینەوە ..

* لەبەر چ هۆیەک لەم ساتەدا باس لەو بابەتە کرا؟.

ترامب لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتی دا، بە جدی کاری لەسەر کەیسی ئێران کرد، فشارێکی زۆری خستە سەر ئێران، لە بەرنامەی ئەتۆمی و سزادانی بەرپرسانی ئێرانی و تا دەگاتە لێدانی میلیشیاکانی ئێران و ئابلوقەی ئابوری و یاسای قەیسەر، کە مەبەست پێی لاواز کردنی ئێران و بڕینی دەستی بوو.

ترامب لە هەلبژادنەکانی سەرۆکایەتی سەرنەکەوت و ئێستا تەنها دوو مانگی ماوە وەکو سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام دەتوانێت بریار بدات.
پێم وایە لە بەرنامەی ترامب دا هەبووە لە ماوەی دووەمی سەرۆکایەتی دا هەڵوێستی توند تر مەرامبەر ئێران وەربگریت، بەڵام کە لە هەلبژاردنەکان سەرنەکەوت، دەیەوێ لە ماوەی ئەم دوو مانگە دا بەرنامەی خۆی جێ بە جێ بکات.

* بە بەستنەوەی ئێران بە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە، ئەمریکا چ مەرامێکی پێ هەیە؟.

وەکو باسمان کرد، یاسای دژە تیرۆری ئەمریکا جگە لە رێکخراوی قاعیدە، ئەو لا یەنانەش دەکرێتەوە کە بسەلمێندرێت پشتیوانی قاعیدە یان کردووە یان داڵدەی کەسانی سەر بە قاعیدە یان داوە.

راگەیاندی تیرۆر کردنی کەسی دووەمی قاعیدە لە تارانی پایتەختی ئێران، راستەوخۆ ئێران دەخاتە خانەی تیرۆرەوە و دەکەوێتە بەر سێرەی ئەمریکا، و بەو پێیە ئەمریکا مافی بەکار هێنانی هێزی هەیە لە دژی ئێران.

هەر بۆیە هەر زوو دەستهەڵاتدارانی ئێران هاتنە سەر هێل و هەواڵی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز یان بە درۆ خستەوە و نکۆڵی یان لێ کرد، لەبەر ئەوەی دەزانن ئەمریکا مەرامی چیە و ئەنجامەکان چۆن دەبن.

* بە بەستنەوەی ئیسرائیل بەو بابەتەوە، ئەمریکا دەیەوێ چ پەیامێک بگەینیت؟.

ئیسرائیل هاوپەیمانێکی هەمیشەیی ئەمریکا یە و هەماهەنگێکی توند و قۆڵ لە نێوانیاندا هەیە بە تایبەت لە بواری لەشکری و هەواڵگری، وەکو پێگەیەکی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بە تایبەت لە چالاکیەکانی دژی تیرۆر و ئێران.
ئاماژە دان کە ئۆپەراسیۆنەکە لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە و ئاستی هەماهەنگی نێوانیان دەخاتە روو.

لە لایەکی ترەوو، ئەمریکا دەیەوێ ئەوە بە ئێران رابگەینیت کە ئیسرائیل لە رووی هەواڵگریەوە لە توانای دا هەیە کە لە ناو خودی پەیتەختی ئێوەدا چالاکی ئەنجامدات، کە ئەمەش هەرەشەیەکی راستەوخۆ یە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و دەزگای هەواڵگری ئێرانیش دەخاتە گومانەوە کە لە ئاستی پێویست دا نیە و ناتوانیت پارێزگاری لە ئێران بکات.

* یاسای بەرەنگابونەوەی تیرۆر و سولماندنی تێوەگڵانی ئێران لە کەیسی رێکخراوی تیرۆریستی قاعدە لەم ساتە وەختەدا، چ کاریگەری درێژ خایەن دەکاتە سەر ئێران؟.

بابەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، بنەمای نەگۆڕن لە سیاسیەتی ئەمریکا دا، بەو واتایەی بە هاتنی هەر سەرۆکێک چ کۆماری یان دیموکرتی، هیچ لەو بابەتە ناگۆریت.

ترامپ لەو دوو مانگەی لەبەر دەستی ماوە، دەتوانی لە بارەی ئێرانەوە بریار بدات، بە پێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، دەتوانی بریاری بەکارهێنانی هێزیش بدات، کە هۆکاری زۆریش هەیە گورزێکی توند لە ئێران بوەشێندرێت.

ئەگەر ئیدارەی ترامپ ئەو دەرفەتەی لەبەر دەم نەما ئامانجی خۆی بپێکیت، ئەوە دەکرێ ئیدارەی بایدن تەواوکەری ئەو پلانە بن.

کە واتا بە هاتنی ئیدارەی بایدن، ئێران رزگاری نابیت لە سزادان، ئیدارەی بایدنیش لە رووی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بە پێی هەمان یاسا کار دەکات و رێکاری پێویست لە دژی ئێران دەگرنە بەر و تەواکەری پلانەکە دەبن.

ئیدارەی ترامپ لە دوا ماوەی دا دەیانەوێ شتێکی وا بکەن هێزی ئەمریکا و سەرکەوتنی خۆیان بسەلمێنن.

هەروەها بە هاتنی ئیدارەی بایدن، ئەوانیش هەوڵ دەدەن هەر لە سەرەتاوە شتێکی وا بکەن کە رژدی خۆیان و هێزی ئەمریکا پیشان بدەن و پەیامێک ئاراستەی جیهان بکەن.

هۆکاری ئەوەش زۆرە کە خاڵی هاوپەشی هەردوو ئیدارە ئێران بیت، پلانێکی بنەرەتی بیت لە دژی ئێران، کە ئێران بەرەو چارەنوسێکی تر ببەن.
Top