ئاسۆی چاکسازی لە پەروەردەوە ھەڵدێ

ئاسۆی چاکسازی لە پەروەردەوە ھەڵدێ

ھێنانەوەی ئەو نموونە و سەرگوزشتە پەروەردەییانە و ئەوانەی باسی دەکەین فلاشباکی چەند پرسێکی گرینگی کایەی پەرورەردەن لە نیشتمانەکەماندا.
بە گوتەی شارەزایەکی بواری پەروەردەیی بەناوی (د.تارق ئەلسوێدان) کە خەڵکی وڵاتی سعودیایە دەستپێدەکەین؛ دەڵێت: (سیستەمەکانی فێرکردن فێریان کردین کە داھێنان نەکەین)، لەلایەکی دیکەشەوە لێکۆلەرەوەیەکی دیکەی پەروەردەیی بەناوی (د.فێڵ) سەرکەوتنی منداڵان لە قوتابخانەدا بەوە پێناسە دەکات کە (بریتیە لە زانینی ئەو بوارانەی کە بەڕاستی تێیدا بەھرەدارن). راستە ھەر کەسێک لە شوێنێکی دنیا قسەیەکی کرد شیاو نیە ئێمە لەسەر خۆمانی پەیڕەو بکەین و بەخۆمانی تێبگەین، دەکرێ ژینگەی پەروەردەیی وجۆری پرس و گرفتەکان و لایەنی وێکچووی ئەو وڵاتانە لەگەڵ واقیعی خۆمان ھەڤبەر بکەین و دواتر ئەوەی لە قازانجی ئێمەیە کەڵکی لێوەرگرین.
راوێژکارێکی حکوومەتی بەریتانیا بەناوی (کین رۆبنسۆن) لە ساڵی ١٩٩٧ راسپێیردرا کە توێژینەوەیەک لەبارەی داھێنان و ئابووری و بواری فێرکردن لەو وڵاتەدا بکات، کە ئەویش بەشێک لە سەرنجەکانی خۆی لە کیتابێکدا بەناوی (پیشەسازی ئەقڵ) نووسیوەتەوە و لە پەرەگرافێکدا دەڵێت: (ھۆکاری سەرەکی بۆ لەدەستدانی وزە و بەھرەکان لەکاتی فێرکردندا خۆی لە ئاستی ئەقڵیەتی ئەکادیمیدا دەبینێتەوە، کە جەختکردنەوەیە لەسەر پێشخستنی تەنھا ئەو توانایەی کە پەیوەستە بە بوارێکی زانستی دیاریکراو و دۆزینەوەی ژیریی و کارامەییەکانی تایبەت بەو بوارەیە) رۆبنسۆن لەدرێژەی بیروباوەڕی خۆی لەبارەی پشتگوێخستنی بەھرە و حەزی قوتابیان ھەر لەسەرەتای قۆناغەکانی فێرکردن و بە درێژایی ساڵانی خوێندن دەخاتەڕوو و دەڵێت: (فەرامۆشکردنی ئەوە وایکرد بەھرە و وەزەیەکی بێشوماری مرۆڤی لەدەست بدەین و چیتر بەرگەی کەمبایەخ سەیرکردنی نەگرین). ئەو لێرەدا مەبەستی ئەوەبوو کە وڵاتێکی وەکو بەریتانیا بێ لەبەرچاوگرتنی خولیا و ئارەزووی قوتابیان و ھەروەھا بێ لەبەرچاوگرتنی پێویستی کایەکان؛ قوتابیان لە زانکۆ و لە پەیمانگاکاندا دەردەچوون، لەو نووسینەدا نموونەی دیکەی سرووشھێن ھەن تاکو ئێمەش وەکو ھەرێمی کوردستان، پێویستە چاوێک بە مێژووی ریفۆرمی پەروەردەیی وڵاتاندا بگێڕێن و دواجار بەخۆمان بڵێین ئاخۆ ئەوان بە ئەنجامدانی ئەو چاکسازییە پەروەردەییانە قازانجیان کرد یانیش زیان؟ ئاخۆ ئێمەش کێشە و پرسی ھاوشێوەی ئەوانمان نیە پاڵدەرمان بێت بۆ ھەڵھێنانی ھەنگاوی وەھا؟.
توێژینەوەکان سەڵماندوویانە کە ٨٠%ی دەرچووانی زانکۆ لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای نزیکەی دە ساڵ لەو بوارانەدا کار دەکەن کە ھیچ پەیوەندییەکی بە پسپۆرییەکانیانەوە نیە, لە پەرتووکی (گەورەپیاوانی بێ قوتابخانە)دا باس لەوە کراوە و دەرەنجامی ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو واتایانە لەخۆیەوە دەگرێت: ھەشتا لەسەدی تێچووی فێرکردنی باڵای وڵاتی ئەمریکا بێ سوود دەڕوا, ھەشتا لەسەدی گەنجانی ئەمریکا بەھرە خۆڕسکیەکانی خۆیان نازانن، دەرچووانی زانکۆکانی ئەمریکا دە ساڵی تەمەنیان بەفیڕۆ دەدەن بێ ئەوەی بەھرە و توانای داھێنانی خۆیان وەدەرخەن...
(ئەوە من نیم کە خەڵکی ھەرێمی کوردستانم وا دەڵێم, بەڵکو نووسەری ئەو کیتابەیە کە خەڵکی عەرەبستانی سعوودیە سەبارەت بەمە دەڵێت: ئەگەر ئەوە لە وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووی وەکو ئەمریکا روو بدات, ئاخۆ لە وڵاتانی زۆر دواکەوتووی وەکو وڵاتانی عەرەبی دەبێت چ بگوزەرێت؟).
بوونی ئەو کێشەیە وادەکا لەھەر بوارێکی ژیان و حوکمداریدا کادیری بەتوانا کەم بەدی بکرێن کە عاشق بە کار و پیشەی خۆیان بن, سەرەتای سەرھەڵدانی ئەو پرسە لە پەروەردە و لە قۆناغەکانی فێرکردنەوە دەستپێدەکا بۆیە بەخەمی خۆمانی دەزانین و بانگی چارەسەرکردنی دەکەین. وڵاتێکی وەکو بەریتانیا لە چارەیەکی کۆتایی چەرخی بیستەم دەرکی بەو راستییە کرد و بەریتانییەکان پەلەیان کرد لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، گەیشتنە ئەو راستییەی کە پێشخستنی بواری پەروەردە و فێرکردن تەنھا چارەسەری ئەفسووناوی و یەکلاکەرەوەیە, لێکۆلەوەر و توێژەوان و پەروەردەکاران ھەستان بە دانانی پرۆگرامی گەشەسەندووی خوێندن بۆ تێکڕای قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە, بنەماکانی ئەو پرۆگرامانەی خوێندن بەشێوەیەکی سەرەکی جەختیان لە فێرکردنی خوێندنەوە و نووسین دەکرد و لەبەرامبەریشدا ھەموو ئەو میتۆدانەی کە بەلایانەوە کەمبایەخ و بێسوودترن بوون؛ وەکو (ھونەر و زانستە مرۆییەکان و ...ھتد) لایانبرد و لە ناوەرۆکی پرۆگرامەکانیشدا جەختکرابۆوە سەر بابەتی زانستی و تەکنۆلۆژی ئەویش بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێویستی ئابووری و دروستبوونی زۆرترینی زانا و پسپۆران لەو بوارانەدا. بەڵام دەرەنجامەکان بەپێی پێشبینی و چاوەڕوانی ئەوان نەبوو, دوای دەیان ساڵ لە پەیڕەوکردنی ئەو پرۆگرامە ئاشکرابوو کە بەشێک لە پێگەیشتووان گرفتیان لە خوێندنەوە و نووسین و ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ژمارەکاندا ھەیە, بەشێک لەماوەی ئەو دە ساڵەدا ھیچ فێرنەکراون، بەشێکیان ئەوانەی لە تەمەنی کارکردنن ھیچ بڕوانامەیەکیان نیە.... ھێشتاش دامەزراوەکانی وەکو قوتابخانە و زانکۆکان پەیڕەوی سیستەمێک دەکەن کە مامۆستاکان ئەو توانایەیان نەبێت تاکو وا لەقوتابی بکەن ھێزی داھێنان و بەھرەو و وزەکانیان پەرە پێ بدەن.
بە کورتوکرمانجی... لە بەریتانیا ئەوەیان بۆ سەڵما کە چارەسەرکردن خۆی لە (پێشخستنی فێرکردن)دا نابینێتەوە, بەڵکو دەبێ بە تەواوی بگۆڕدرێ. لەبەر ئەوەی ئەو سیستەمە بۆ سەردەم و بارودۆخێک بە کەڵک دەھات, بۆ ئەو بارودۆخە نوێیە و ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی و مەعریفی دەبێت سیستەم و پەیڕەوێکی دیکە کاری پێ بکرێ. ھەر لەبەر ئەوە کۆمپانیا گەورەکان دەرکیان بەو راستییە کرد کە قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان ناتوانن بەپێی پێویستی ئەوان دەستی کار و ئەقڵی داھێنەریان بۆ دابین بکەن، بۆیە ئەوان خۆیان ھەستان بە دامەزراندن و دروستکردنی زانکۆ و پلەی زانستیان بە دەرچووان دەبەخشی و ئەوانە وەردەگیران کە بە کەڵکی ئیشی ئەوان دەھاتن و توانای کارکردن و شارەزاییان لەو بوارەدا وەچەنگ دەکەوت کە کۆمپانیاکە پێویستی پێی ھەبوو, ئەوەبوو کۆمپانیای (مۆترۆڵا)ی ئەمریکی دەستی بەو کارە کرد و پاشانیش لەسەرتاسەری جیھان سەدان کۆمپانیای دیکە ھەمان کاریان ئەنجامدا.
لێرەدا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەریکی جێبەجێ کردنی پلانی چاکسازیکردنە لە تێکڕای کایەکان و گیرۆدەی قەیرانی دارایی و ئابووری و زۆری ژمارەی مووچەخەرانە کە لە توانایدا نیە بەو داھاتەی لەبەردەستیدایە شایشتەکانیان بۆ فەراھەم بکات, لە ئێستادا ھاوشان لەگەڵ پەیڕەوکردنی چاکسازییەکان؛ ھەڵھێنانی ئەو ھەنگاوە زۆر پێویستە بیری لێ بکرێتەوە... لەمڕووەوە دەپرسین کە حکوومەت لە توانا و پلانیدا نیە چیتر دەرچووانی ھەندێک بەشی کۆلیژەکان دامەزرێنێت (بە تایبەتی لە زانکۆ حکوومییەکان) بۆچی ساڵانە ئەو ھەموو قوتابییە وەردەگرێت و ساڵ بۆ ساڵ دەرچووان کەلەکە ببن و لە چاوەڕوانی دامەزراندندا بمێنن؟ ئەوەی زۆر پێویستە بۆ پێکھێنانی دروستکردنی ئاسۆیەکی گەشی ئابووری بۆ ھەرێمی کوردستان (بەقسەی شارەزایان و سیاسەتوانانی ھەرێم) برەودانە بە کەرتی وەبەرھێنان و پیشەسازی و کشتۆکاڵ و بازرگانی و گەشتیاری و زۆرکردنی داھاتی ھەرێمە, لەگەڵ بوونی ئەو راستییەشدا ھیچ بایەخ و گرینگییەک بە خوێندنی ئەو بەشانە نابیندرێ یانیش ھەنگاوێکی وا پەیڕەو نەکراوە کە زانیارییە سەرەتاییەکانی ئەو بوارانە بخرێنە نێو پرۆگرامەکانی خوێندن و ھەر لە دەسپێکی خوێندنەوە قوتابی ئاشنای پیشەسازی ئەلیکترۆنی و تەکنۆلۆژی و گەشتیاری و کشتۆکاڵی ببێت و حەز و خولیای لەمڕووەوە بۆ دروست بکرێت... ساڵانە کەمترین ژمارەی قوتابیان روو لە خوێندن لەو بەشە پیشەییانە دەکەن و زۆرترینیان لەو کۆلیژانە وەردەگیرێن کە نەتوانن سوود لە تواناکانیان بەبێ دەمەزراندن وەرگرن.
لە بەریتانیادا بە پەیڕەوکردنی چاکسازیکردن لە پەروەردەدا تەنھا لە دە ساڵدا تواندرا ژمارەی دەستی کاری داھێنەر بە رێژەی ٣٤% بەرز ببێتەوە و لە ئەمریکاش کایەکان بە کەسانی داھێنەرو خاوەن بیرۆکەی نوێ پڕ کرانەوە. لە ھەرێمی کوردستانیش دەتواندرێ ئاوڕی جددیتر لەو کایانە بدرێتەوە کە رۆڵیان لە پتەوکردن و دروستکردنی پایەکانی ئابووری بەھێز دەبێت بۆ ئاییندە, بێگومان یەکەم ھەنگاو بۆ جێبەجێ کردنی پرۆگرامەکانی خوێندنی قوناغی سەرەتاییە تاکو زانکۆ, بە دروستکردن و گەشەدانی ئارەزووی قوتابیان تاکو لە پاشەڕۆژدا ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی ئابوورییەکەی بەھێز و فرە داھات.

*بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات
Top