رێکەوتنی ئیبراهیم دەستپێکی قۆناغێکی نوێ

رێکەوتنی ئیبراهیم دەستپێکی قۆناغێکی نوێ

رێکەوتن یان گرێبەستی ئیبراهیم بو ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، هەنگاوێکی ترە لە نەخشە گەورەکەی رۆژهەلاتی نوێ و، بەشێکە لە بەرەی هاوپەیمانەتی رۆژئاوا لە دژی بەرەی ئەشرار و کار کردن بۆ نەهێشتنی.

بێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ قۆناغەکانی مێژوو، یان ئەو فاکتەرانەی لە کاتی خۆی بونەتە هۆکاری دروست بوونی بەرەیەکی هزری و ئایدیای رادیکالی کە بۆ قۆناغێک و هەندێک مەرام دروست کرا، دواتریش بە بەرەی ئەشرار ناونراوە.

هەوڵ دەدەین لەگەڵ روودەوەکان بین و تیشک بخەینە سەر ئەو هۆکارانەی کە وا دەخوازێت ئەمڕۆ ئەم بەرەیە نەمینێت.

بە کورتی بەرەی ئەشرار وەکو پێناسەیەک بەکارهێندرا بۆ ناساندنی ئەو گروپە رادیکالیە ئاینیانەی کە لە دژی بەرژەوەندییەکان ئەمریکا و رۆژئاوا بوون و، ئێران تومەتباری سەرەکی یە بە سەرپەرشتی کردن و پالپشتی کردنی ئەو گروپانە.

دواتریش تورکیا کەوتە ناو هەمان بازنەوە، لە روانگەی پشتیوانی کردنی بەرەیەکی تری ئەو گروپانە و بەکارهێنانیان بە هەمان ئاراستە.

ئەم بەرەیەش ئەگەر بە هزر و ئایدیا بۆ هەمان مەبەست بن، بەڵام بە دوو ئاراستەی جیاوازن لە رووی مێژوویی و مەزهەبی یەوە و بەردەوام لە رکابەری دا بوونە، وەکو بەگرەوەندی مێژوویی دەولەتی سەفەوی و عوسمانی، واتا شیعە و سوننە کە مێژوویەکی دورو درێژی خوێناوی لە نێوانیاندا هەیە.

ئەوەش ناشارینەوە، کە لەم دواییەدا چەند گروپێکی کوردی کەوتنە ژێر هەمان بار و بوونە بەشێک لەم گروپانە.

ماوەیەکە پلانەکان کەوتونەتە بواری جێ بە جێ کردنەوە بۆ سەر لەنوێ دارشتنەوەی نەخشەی رۆژهەلاتی ناوەراست، رێکەوتنی ئیبراهیمیش قۆناغێکی تری ئەم پلانەیە.

یەکێک لەو خاڵانەی کە زۆر گرنگن بو فەراهەم کردنی ئاشتی لە رۆژهەلاتی ناوەراست، ئاشتەوایی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلە، کە رێکەوتنی ئیبراهیم ئەم ئاشتەوایەی هێنایە ئاراوە.

لە هەمان کاتدا ئەم رێکەوتنە بەشێکە لە پلانی بەرەنگاربونەوەی بەرەی ئەشرار، نەک تەنها لە ناوچەکە، بەڵکو لە تەواوی جیهان.

رووداوەکانی ئەم دواییەی چەند ناوچەیەک و چەند وڵاتێکی ئەوروپی، لە کردەوەی توند و تیژی و تیرۆریستی، زیاتر ئەو راستیەی سەلماند کە دەبێ بە هێزێکی پوڵایین و هەرچی زوترە لە دژی ئەم گروپانە راوەستن و کۆتاییان پێ بهێنن.

لە وڵاتی نەمسا هێزە ئەمنیەکان دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە لە دژی ئیخوان.

لە ئەلمانیا کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کروپی گورگە بۆرەکان دەکرێت.

سعودیە بە فەرمی کۆمەڵەی ئیخوانی خستە خانەی تیرۆرەوە.

ئیسرائیل بە لای خۆیەوە هۆشداری توندی دایە حەماس و حزب اللە.

ئەمانە و چەند هەلوێستی تری جیاجیا لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی، هەمووی لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانە لە دژی ئەو کروپە رادیکالیە توند رەوانەیە، لە پێناو نەهێشتن و پاکتاوکردنی ناوچەکە و جیهان بە گشتی لەم گروپانە، کە ئێستا بونەتە زبل و ئایدیای نامۆ.

سەردەمی ئێستا و بە پێی نەخشەی رۆژهەڵاتی نوێ و ئاراستە نوێیەکان بۆ دووبارە دارشتنەوە و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان، چیتر دەرفەت نادات بەو جۆرە گروپانە و هەروەها پلانی شەری بە وەکالەت سفر دەکات و شەرەکە دەباتە ناو خودی ماڵی سەرپەرشتیارانی ئەم گروپانە و ئەم بەرەیە.

گومان لەوەدا نیە کە هەلبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاریگەری خۆی دەکاتە سەر ئەو پلانە، بەڵام ئامانجەکە هەر بە هەمان ئاراستە دەبیت.

لەوانەیە دۆخەکە بەرەو خرابتر بروات و دژوارتر بیت و ماوەیەکی تر بخایەنیت، بەڵام لە کۆتایی دا دەبیت پلانەکە وەکو خۆی جێ بە جێ بکرێت، ئەویش نەهێشتنی ئەو زبل و ئایدیایەیە کە جیهانی نوێ چیتر پێویستی پێ نی.
Top