ئاووڕێک لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

ئاووڕێک لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

لە ۳ ێی مانگ ئەمریکیەکان ڕوویان لە سندوقی دەنگدانەکان کردو سەرۆکێکی نوێیان هەڵبژارد. لەم هەڵبژاردنەدا بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدن لەپێش دوناڵد تڕەمپە کاندیدی کۆمارییەکان. هەر چەندە پێش هەڵبژاردنەکانیش زۆرینەی پێشبینیەکان وا دەچوون کە کاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدن سەردەکەوێت.
هۆکارەکانی سەرکەوتنی کاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدن بریتین لە ؛
یەکەم : کاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدن ماوەی ٤۷ ساڵە لەناو سیاسەت کار دەکات و سیاسەتمەدارێکی زۆر شارەزاییەو بڕیارەکانی بەڕاوێژوو هێمن دەدات.
دووەم : لەسەردەمی ئیدارەی دوناڵد تڕەمپدا ، ئەمریکا تووشی چەندین کێشەی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بوو کەبریتین لە ؛
- کێشەی ڕەگەزپەرستی لەسەردەمی ئیدارەی دوناڵد تڕەمپدا سەری هەڵداو تڕەمپ نەیتوانی ڕێگری لەپەیدابوونی ڕەگەزپەرستی بکات و کۆژراوو برینداری لێکەوتەوە.
- کێشەی تەندرۆستی
دوای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆڤید - ۱۹ ( کوڕۆنا ) ئیدارەی دوناڵد تڕەمپ نەیتوانی ڕێگری لەتەشەنەکردنی ئەم ڤایرۆسە بکات و بەم هۆیەشەوە سەدان هەزار کەس بەم ڤایرۆسە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گیانیان لەدەستدا.
- کێشەی ئیداری
ئیدارەی کوشکی سپی لەسەردەمی دوناڵد تڕەمپدا ئیدارەیەکی بنەماڵەیی بوو ، بەوەی کە زۆرێک لەکاربەدەستانی کوشکی سپی خزم و کەسانی نزیکی ئەو بوون و بەمەش ئیدارەکەی تەباو یەکهەڵوێست نەبوو زوو زوو کاربەدەستانی ئیدارەکەی دەگۆڕین.
سێیەم : کێشە نێودەوڵەتیەکان ؛
ئیدارەی دوناڵد تڕەمپ لەدوای دەست بەکاربوونی ئەمریکای تووشی چەندین کێشەی نێودەوڵەتی کرد وەک کشانەوەی لە ڕێکەوتنی پاریسی کەش و هەواو کشانەوەی لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و .....
ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەرووی ئیدارەی جۆ بایدن دەبنەوە بریتین لە :
بەپێی دەستوری ئەمریکا کاندیدی سەرکەوتوو لە ۲۰ ی مانگی کانوونی دووەم سوێندی یاسایی دەخوات و بەمەش کاندیدی سەرکەوتوو دەبێتە سەرۆکی ٤٦ ەمینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئیدارەکەی تووشی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە کەئەمانەن :
یەکەم : ئاستەنگە نێوخۆییەکان
٭ لەسەردەمی ئیدارەی دوناڵد تڕەمپدا لێکترازان و ڕەگەزپەرستی سەری هەڵداو بەمەش ناکۆکیی کەوتە ناو ئەمریکیەکان و کۆژراوو برینداری لێکەوتەوەو لەسەر جۆ بایدن پێویست ئەم لێکترازانە لەناو ببات. ٭ لە هەڵمەتی بانگەشەی هەردوو کاندیدا ناکۆکیی کەوتە ناو لایەنگرانیان و تا ئێستاش دوناڵد تڕەمپ ئامادە نیە دان بەشکستەکەیدا بنێت و سات بەسات تۆڕەیی لایەنگرانیان زیاتر دەبێت و لەسەر جۆ بایدن پێویستە ئەم گرژییانە نەهێڵێت و ئەمریکیەکان یەکبخات .
دووەم : ئاستەنگە نێودەوڵەتیەکان : دوای دەست بەکاربوونی ئیدارەی دوناڵد تڕەمپ ، تڕەمپ هەر زوو چەندین بڕیاریداو لەچەندین ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی کشایەوەو بەمەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەیان بە دوناڵد تڕەمپ نەماو لێی دوورکەوتنەوە.
چۆن سەرکردایەتی کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئیدارە نوێیەکەی ئەمریکادا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن بکات ؟
سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەکەی دوناڵد تڕەمپ گۆرانکاری زۆری بەخۆیەوە بینی و کوردستانیش لەو گۆرانکاریانە بێبەش نەبوو، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە نێوان کاندیدی کومارییەکان دوناڵد تڕەمپ و کاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدن ، هەر لەسەرەتاوە زۆربەی ئاماژەکان بەوە دەچوون کەکاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدن سەردەکەوێت و لەدیدی ئێمەی گەلی کوردستان جۆ بایدن بۆ ئێمە باشتر دەبێت بەڵام پێویستە ئەوە بزانین کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا سیاسەتێکێ نەگۆڕەو لەسەر سەرکردایەتی کوردستان پێویستە تەباو یەکهەڵوێست و یەکگرتوو بن و کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەربکەن و بەبەرنامەیەکی یەکگرتوو سەرەدەریی لەگەڵ ئیدارە نوێیەکەی ئەمریکادا بکەن و بەمەش دەتوانن دەستکەوتی زۆر گەورەتر بۆ گەلی کوردستان دەستەبەربکەن.
Top