بۆ چی ریفراندۆم سەربەخۆیی، بۆ چی جیابوونەوە لە عێراق ؟
November 12, 2020
وتار و بیروڕا
دوای سەد ساڵ ستەمكاری حكومەتە یەك لە دوای یەكان هەر سیستەمی پاشایەتی بگرە تا بەعسی و ئینجا تایفی و مەزهەبی و هەوڵە تاوانكاریی و بە زۆر قڕكردن و سڕینەوەی شوناس و مێژوویی گەلێكی ڕەسەنی بە زۆر لكێنراو و دوور لە ویستی خۆی و تاقیكردنەوەی گشت رێگەكان لە رێگەی گفتگۆ و دانووستانەكان و دەستپێشخەری گەلی كورد و سەركردایەتییەكەی سەرەرایی هەموو ئەو پێشێڵكارییانەی بەرامبەر ئەنجامدرا ،، لە پێناو پاراستن شكۆ و ئیرادەی گەلێك كە زەریاییەك خوێن وقوربانیی بۆ سەربەست ژین بەخشیووە و تا ئێستاش لە بەرامبەر گوشارەكانی دەسەڵاتدارانی بەغدا خۆراگرە ، دەنگ و مافی سەربەخۆیخوازی بە رابەرایەتی سەرۆك مسعود بارزانی لە رۆژی 25/9/2017 بەرزكردەوە و بە هەموو ئازادیخوازان و سەربەخۆیخوازان و دیموكراسیخوازانی ناوچەكە و دونیایی گووت كە گەلی كورد زەلیلی و پاشكۆیی قبوڵ ناكات .
گەلی كورد بەدرێژایی مێژوو لەچوارچێوەی عێراق ئەگەر لە رۆژانێك خێرو خۆشی دیبێ، دەیان ساڵیش خەم و تاڵیی چەشتووە، بەپێی ئەزموونی رابردووش دەركەوتووە لەدوای رووخانی رژێم تا ئێستاش عێراق لە بەڵێن و شەراكەتی حوكمڕانی لەگەڵ كورد راست دەرنەچووەو، بگرە دوو رووییی و خۆ ویستی سیاسی و ئەقڵییەتی پاشاگەردانی بەكارهێناوەو لەو پێناوەش مافی كوردی پێشێل كردووەو، پابەندی دەستوورو یاساو بنەماكانی تەوافوقی نیشتمانیش نەبووە.نموونەی زۆر هەن، كە عێراق چەندە كەمتەرخەم، یاخود بێ باك و ستەمكار بووە بەرامبەر بە شەراكەت و تەوافوقی سیاسی و مافە دەستووریەكانی گەلی كوردەوە، ئەوە حكومەتی ناوەندە بێ گوێدانە هیچ بنەمایەكی شەراكەت قوتی كوردستان دەبڕێ و هەزاران پێشمەرگە و هێزی ئەمنی برسی و نان بڕاو كرد.
ئەرگە لە رابردوو كورد بەدەست رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق نەهامەتیی زۆری بینیوە، كەچی لە دوای راپەڕینە شكۆمەندەكەی بەهاری 1991 وەڵامی گەلی كورد و سەركردایەتیی سیاسی كوردستان و بەتایبەت سەرۆك بازرنای روون وئاشكرابوو بۆ هەموو ئەو تاوان و ستەم و نەهامەتییانە، لێبووردەیی و پاراستنی سەروەریی عێراق بوو! لەگەڵ هاتنی داعش و كەوتنی موسڵ لە ساڵی 2014 و شڵەژانی نێوخۆیی عێراق بەدەست كارە تیرۆرییەكانەوە، هەرێمی كوردستان بەدەستێك رووبەڕووی تیرۆریستان بوویەوەو بەدەستەكەی تریش لەپێشوازی ئاوارە عەرەبەكان بوو، كەچی هیچ هاووڵاتییەكی كورد نەیدەوێرا بچیتە بەغداو بگرە زۆریش دەركران ، دواتریش بە بینرا كە چۆن بە گەلەكۆمەكەی وئاگر وئاسن وەڵامی گەلی كورد درایەوە ..
گەلی كورد ئامادە نییە، سازش بۆ عێراقێكی دەستكرد بكات كە بناغەكەی لە سەر جەنگ و ناكۆكیی و دوژمنایەتیی تایفی و مەزهەبی دروستكرا بێ و ناكرێت چیتر گاڵتە بە هەست و سۆزی میللەتێك بكرێت و هەر رۆژێك و بە پاساوێك بمانچەوسێنەوە و هەوڵی داگیركاری و چەوساونەوە و سرینەوەمان بدرێت . ناكرێت خاك و خەبات و قوربانیدانمان لە پرسی مووچە و مووچە بچووك بكرێتەوە و ناكرێت بە زۆرداری ژێردەست و پاشكۆمان بكەن . ناكرێت هەر ساڵ، مانگ و هەفتەیەك یاری بە هەست وسۆزی گەلێك بكەن ، دەسەڵاتێك كە لە سەرەتاوە تا بە ئێستا هیچ دەستكەوتێكی بۆ گەلی كورد نەبووە جگە لە وێرانكاری و ئەنفال و كیمیاباران و گەمارۆدان و هتد..
هیچكات نییەتی عێراق بەرامبەر گەلی كورد هەرگیز باش نییە و باشیش نەبووە. حكومەتی عێراقی میراتگەری هەمان بونیادی موخابەراتی عێراقی كۆنە سەبارەت بە كورد ئەو هێزانەی كە یارمەتی دەدران هەمان هێزن و هەر ئەوانیش ئێستا لە جیاتی حكومەتی عێراقی بۆ دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان ودەستكەوتەكانی دەكەن. حكومەتی عێراقی بە هەموو شێوازێك كاری كردووە لەسەر تێكدانی رەوشی ئابووریی كوردستان و هەرگیز رێگانادات رەوشی ئابووریی كوردستان باش ببێتەوە، بەڵكو لەداهاتوودا كاردەكات بۆ ئەوەی كورد نەتوانێت خاوەن پێگەیەكی ئابووری بێت، تاوەكو ویستی سەربەخۆییان زیاد نەكات. كێ دەتوانێت گرەنتی رەفتاری باشی حكومەتی عێراقی بەرامبەر بە كورد بكات؟ دوای ئەزموونێك لە یەك سەدە چەندین حكومەت و چەندەها بیروباوەڕی جیاجیا فەرمانڕەوایی عێراقیان كرد، كامیان باش بوون بۆ كورد؟ عێراق دوای سەدەیەك نەك هێشتا كورد وەك هاووڵاتییەك هەژمار ناكات، بەڵكو هەمیشە كوردی وەك رەگەزێكی بێگانە هەژمار كردووە.
عێراق پڕە لە گرفت و ئاریشەی زۆر. گەلی كورد لە هیچیان بەرژەوەندی نییە، ئەوانیش سوورن كورد ببێتە بەشێك لەو ململانێیانە. عێراق هیچ كاتێك یارمەتی كوردیان نەداوە، بەڵكو هەمیشە كاریان كردووە بۆ لەیەكترازانی ماڵی كورد و راگواستن و بەعەرەبكردنی كە تا ئێستاش لە كەركووك و ناوچەكە كوردستانییەكان بەردەوامە . بۆیە نەك ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25/9/2017 باشترین چارەسەر بوو بۆ گەیاندنی دەنگی گەلێكی ستەملێكراو مافخوراو بەڵكو لە ئێستاشدا تەنها چارەسەرە بۆ دووركەوتنەوە لە گرفتە بێ كۆتاییەكانی عێراق..