باخەمی ھەموومان خەمی نیشتمان بێت، نەک پێچەوانەکەی

باخەمی ھەموومان خەمی نیشتمان بێت، نەک پێچەوانەکەی

ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی خۆمان خواستی قۆناغەکەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ھەر پێشھاتێکی نەخوازراو و دوورخستنەوەی ھەڕەشە و مەترسی نەیاران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

دوژمنانی کوردستان ھەڵگری یەک ئامانجی سەرەکین ئەویش ئەوەیە کە چۆن و کەی و لە کوێ ھەڕەشە لە دۆزی کورد بکەن، تەنھا بۆ ئەوەی نەھێڵن کورد ھەنگاو بەرەو ئاسۆیەکی گەش ھەڵێنێت و، ئەگەر بۆیان بکرێت درێغی ناکەن لە لێدانی ئەم قەوارە فیدڕالیەی ھەرێمی کوردستان و لەناوی دەبەن و شتێک بەو ناوە ناھێڵن؛


بۆیە لێرەوەیە کە قۆناغی ئەمڕۆ زیاتر لە ھەر کاتێک پێویستی بە ڕێکحستنەوەی نێو ماڵی کوردی ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، و یەک دەنگی و یەک ھەڵوێستی گشت لایەنە سیاسییەکان دەبێتە زەرورەتێکی حەتمی.


شەڕی دوژمنان و ناحەزانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان شەڕێک نییە دژی لایەنێکی سیاسی دیاریکراو بێت، بەڵکو شەڕی ئەوان دژی ئەزموونی فیدڕالی ھەرێمی کوردستانە و ئەزموونی ھەرێمی کوردستانیش تەنھا موڵکی لایەنێک یان دوو لایەنی سیاسی نییە، بەڵکو موڵکی ھەر کوردو کوردستانیەکی دڵسوزو نیشتیتیمان پەروەرە.

ھەر بۆیەش یەکڕیزی و تەبایی لە ھەرێمی کوردستان و بوونی گوتارێکی سیاسی یەکگرتوو تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەییمان.
کاتێک قەیرانێک جا چ سیاسی، تەندروستی، ئابووری و دارایی، ھتد.. بێت،
ھەڕەشە لە تاک بە تاکی ھاونیشتیمانیان دەکات بێ جیاوزای و ناپرسێت ئەوە کێیە، ئەمەش بەرپرسیاریەتی نیتشتیمانیمان لێ دەخوازێت و ئەم ئەرکەش دەکەوێتە سەر شانی ھەموومان بێ جیاوازی،
چونکە ئەوەی کە بە ئامانج دەگیرێت کوردو کوردستانیانن بە گشتی نەک تەنھا حزبێک یان پێکھاتەیەکی نەتەوەیی، ئایینی دیاریکراو! بوونی کوردستانێکی بەھێزیش پێش ھەموو شتێک پەیوەستە بە ھەستکردن بە بەرپرسیاری ھەموو لایەک بەرامبەر بە نیشتمان وەک دەروازیەک بۆ دەربازبوونمان لە ھەڕەشە و قەیرانەکان.
گوتارێکی سیاسی ھاوبەش، دەتوانێت وڵاتەکەمان بەرەو بە سیستماتیک بوون ببات لە ڕووی سەربازی، ئەمنی، ئابووری و دارایی و تاد...
بۆیەش ھەموو ھەوڵێک دەبێ بۆ ئەوە بێت ڕێگەی بونیاتنانی کوردستانێکی بەھێز بگرینە بەر و دوور بکەوینەوە لە یەکترازانی سیاسی،
باخەمی ھەمومان، خەمی نیشتمان بێت نەک بەرژەوەندی تەسکی حزبی و تاکەکەسی.
Top