رابەرایەتی بارزانیی،وەك تیشكی خۆر وایە بۆ گەلی كورد..
November 11, 2020
وتار و بیروڕا
خۆراگرتن لە بەرامبەر پیلانگێریی ئیقلیمیەكان و شەرٍە سەپێنراوە و لوغمە چێندراوەكان ، شاڵاوە بەدناوەكەی ئەنفال و راگواستن و رووبە رووبوونەوەی چەكی كیمیاوی و پڕۆسەی تەفروتونا كردنی نەتەوەیی كورد. ئینجا بەرپاكردن و سەركردایەتی كردنی راپەڕین، دواتر، ئازاد كردنی كوردستان و رێكخستنی یەكەم هەڵبژاردنی دیموكراسی لە كوردستاندا. دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت. گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانیی كوردستان. ئاوەدانكردنەوەی كوردستانێكی خاپوور كە تازە لە ژێر سیاسەتە وێرانكارییەكەی رژێمی پێشووی عێراق دەرچوو بوو.
گەشەپێدانی مەودای دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی كورد گەڵاڵە پێكردنی تاقیكردنەوەی سیاسی كوردستان وەك حەقیقەتێكی حاشا هەڵنەگر لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا. دامەزراندن و گەشەپێدانی دۆستایەتی لە نێوان ئەمریكاو كوردستان، لە نێوان ئەوروپاو كوردستان. لە نێوان كوردستان و دەوڵەتانی ناوچەیی و عەرەبی و ئیسلامی. ئینجا پاراستنی كورد لەو هەموو ئاڵۆزی و دژواری و شەڕو ناكۆكییانەی لە دەوروبەری كوردستاندا هەیە.
قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی لە ناو ریزەكانی میللەت و ئینجا لە نێوان كوردو پێكهاتە مەزهەبی و ئیتنی و ئایینیەكانی كوردستان. بەرَێوەبردنی پەیوەندی و ناكۆكی و دانوستان لەگەڵ حكومەتی تازەی عێراق. بەشداری كردن لە دامەزراندنی عێراقێكی تازە. دابینكردنی دەستوور. فیدرالی. پاراستنی كورد لە گیانی تۆڵەو دەردی تیرۆرو دەماری رقابەرایەتی. بەرهەمهێنی نەوت و غاز و گواستنەوەی كوردستان بۆ ریزی نەتەوە بەرهەمهێنرەكانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا. یەكسانی و مافی ئافرەت و دابینكردنی ئازادی و فرەخوازی و لێبووردەیی.
راستە، ئەمانەو دەیان دەسكەوتی دیكە كە هەر یەكەیان بایەخێكی تایبەتیی خۆی هەیە، لە سووچێكەوە، زادەی خەباتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانن. زادەی ژیری و بەرنامەرێژیی پەرلەمان و حكومەتی كوردستانن. زادەی تێكۆشانی حزبە سیاسیەكانی كوردستانن. زادەی لە خۆبوردوویی پێشمەرگەی كوردستانن. بەڵام لە هەمان كاتدا، مەحاڵ بوو ئەم دەسكەوتانە بهاتنایەتە دی و جێگیر بوونایەو گەشەیان بكردایەو بە راستە رێگەی خۆیان بڕۆیشتنایە، لە پێناو قازانجی كوردو عێراقێكی مرۆڤایەتی، ئەگەر خواستێكی پۆڵایین و كەسایەتییەكی بەهێزو عەقڵێكی وردبینی وەك جەنابی سەرۆك بارزانی، بە بێ دەنگی، بە وردی، بە خەمخۆری، بە بەردەوامی لە پشتی نەبووایە.
یەك لە خەسڵەتە گەورەو بایەخدارەكانی سەرۆك بارزانی هەمیشە لەوەدایە كە ئەو پێوانەو رێبازە سیاسییەی پەیڕەوی دەكات، رێبازو كەلتوورێكی رەگوریشەدارو درێژخایەن و مێژوویەكی نەپساوەی خەباتە كە ئەویش رێبازو كەلتووری بارزانیی نەمرو بنەماڵەی شكۆداری بارزانیانە، بۆیە هەمیشە لە پانتایی سیاسەتی كوردیدا، دابو نەریتێكی وای داڕشتووە كە كەم لە میللەتانی ناوچەكە دابونەریتی دەوڵەمەندو ئەكتیڤی لەو جۆرەیان هەیە. بە بڕوایەكی زۆرو متمانەیەكی بەهێزی ئەوتۆوە جوڵاوەتەوەو جڵەوی كاروانی شكۆدارانەی میللەتی كوردی بەرێوە بردووە كە كەم لە تاقیكردنەوە سیاسییەكانی ناوچەكە بڕواو متمانەی لەو بابەتەیان بە سەرۆكەكانی خۆیان هەیە.
بە ئازایەتی و جورئەتێكی ئەدەبی گەورەوە بڕیاری داوە كە كەم جار لە ناوچەكەماندا سەرۆك هەیە بەو جورئەتەوە بڕیار لە سەر پرسە نیشتیمانیی و نەتەوەییەكان بدات و هەموو جۆرە سازشكردنێك و بەرژوەندی حزبی و شەخسی رٍەت بكاتەوە و تەنیا لە پێناو بەرژوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان تێبكۆشێ..