خوێندنی ئەلیکترۆنی... تاکە ڤاکسینی پەروەردەیی لەدژی کۆرۆنا

خوێندنی ئەلیکترۆنی... تاکە ڤاکسینی پەروەردەیی لەدژی کۆرۆنا

(جی کەی شیسترتۆن) کە نووسەرێکی بەریتانییە لەمیانی وتەیەکیدا بایەخی فێرکردن دەخاتەڕوو کە بریتییە لە ڕوحی کۆمەڵگا کە لە نەوەیەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەویەکی دیکە، بۆیە لەھەموو کۆمەڵگایەکدا ئەرکی تێکڕای پەروەردەکاران و بڕیار دەرانە وابکەن ئەو ڕوحە بەپاکی و بێخەوشی بۆ نەوەکانی دواتر دەستاو دەست بکاو ھزر و بیرو مێشکیان پڕ لە زانست و زانیاری بکرێت و وانەکانی ھەموو بابەتەکان بە تەواوی لێی فێرببن و وەریبگرن.
فێرکردنی لەدوورەوە لە ئێستادا بووەتە پێویستییەکی ھەنووکەیی و بە تایبەتی لە کاتی بوونی نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس بەو پێیەی لەیەک دوورکەوتنەوەی تاکەکان ھۆکارێکە بۆ بڵاونەبوونەوە و تەشەنە نەکردنی، بەمھۆیەشەوە ئەو رێگایەی فێرکردن لە سەردەمێکی زووەوە داھێنراوە و پەیڕوکراوە.
ھەرچەندە بە ڕای شارەزایان, خوێندنی ئەلیکترۆنی لە دوورەوە جێگرەوەیەکی باش نەبوو, بۆ خوێندنی ناو پۆل، بەڵام ئەم ڕێگاچارەیە دۆزرایەوە بۆ دوورنەکەوتنەوەی قوتابی بە شێوەیەکی یەکجاری لە خوێندن دانەبڕێ و ساڵێکی خوێندنی لە کێس نەچێت لە دواڕۆژی خۆی بێئومێد و راڕا نەبێت. بۆ بەدەست ھێنانی ئەو ئامانجەی خوێندنی ئەلیکترۆنی ھاندانی قوتابیان دایبابان بۆ مندالەکانیان زۆر پێویستە و پێویستە لەسەر مامۆستایان و دایکان و باوکان قوتابیان زیاتر ھان بدەن بۆ زیاتر بەشداریکردنیان لە وەرگرتنی وانەی بابەتەکانیان لە رێگای (ڤایبەر, واتسئاپ, پلاتفۆرم و تەلەڤزیۆنی پەروەردەیی وەزارەتی پەروەردە) و مامۆستایان لە ڕێگەی گروپ بەردەوام بەدواداچوون بکەن.
لەجیھاندا بەر لە ساڵانی زووەوە بۆ دەستبەرکردنی خوێندن بۆ کەسانی بەتەمەن و رەخساندنی فێربوون بۆ ئەوانەی کە کاتیان نەبووە لە ھۆڵەکانی خوێندن ئامادە بن پەنا بۆ خوێندنی لەدوورەوە بردراوە.
لە ساڵی ١٨٩٢ لە زانکۆی شیکاگۆ یەکەم کارگێڕی سەربەخۆی فێرکردن لە رێگەی نامەگۆڕینەوە، بەوە بووە یەکەمین زانکۆ لەسەر ئاستی جیھان کە پشت بە خوێندنی لەدوورەوە ببەستێت. ئەوسا دەرفەتی درێژەدان بە خوێندنی بۆ قوتابیانی بە تەمەن رەخساند و ھەستی بەرپرسیارەتی لەبەرامبەر فێربوونی لەلایاندا دروستکرد... دەگوترێ کە لەو سەردەمەدا قوتابیان ئەرک و وانەکانیان بە پۆستە بۆ مامۆستاکانیان دەنارد و نووسینەکانیان راست دەکرایەوە و نمرەی لەسەر دادەنرا و بۆ قوتابییەکان دەنێردرایەوە. لە ساڵی ١٩٧٠ لە زانکۆی کراوەدا تەکنیکی وەکو تەلەڤزیۆن و رادیۆ و کاسێتی ڤیدیۆ لە فێرکردندا بەکارھات، لەچوار دەیەی کۆتایییشدا چوار زانکۆ لە ئەوروپا دامەزران و زیاتر لە بیست زانکۆش لەسەرانسەری جیھان کاریان بە شێوازی خوێندنی لەدوورەوە کرد و زانکۆی (NYSE) وەکو یەکەمین زانکۆی کراوە لە ئەمریکادا ھەژمار دەکرێ کە لەسەر خواستی قوتابیان کار بۆ فەراھەمکردنی خوێندنی باڵای بە شێوازە لەدوورەوە بکات. لە ساڵی ١٩٩٩ پەروەردەی تەلەڤزیۆنی خولەکانی خۆی لە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە بەڕێوە دەبرد کە(tele courses) کە سەرکەوتووترین شێواز بوو زانکۆ کراوەکانی بەریتانیا بەکاریان ھێنابێت، بە تایبەت ئەوەی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەناوی (The United States Open University) دامەزرا.
پێشتر لە ساڵی ١٩٥٦ لە شیکاگۆ کۆلیژەکانی جڤاک بە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ چەند کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی و فێرکاری، خزمەتگوزاری فێرکردنیان تاقیکردەوە. لە کۆتایی ساڵانی ١٩٨٠ش خوێندنی لەدوورەوە پێشکەوتنێکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی ئەویش بە بەکارھێنانی فیلمی ڤیدیۆی فێرکاری و بەوەش تەکنۆلۆژیای نوێ توانی رێگای فێربوون لەنێوان قوتابی و مامۆستایاندا کورت بکاتەوە و ھەردوولا گوێبیستی یەکتری بن، ئەمەو دواتریش لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکاندا، خوێندنی لەدوورەوە بۆ خوێندن لە ڕێگەی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت گۆڕدرا کە لە شێوەی شۆڕش لەبواری تەکنۆلۆژیای زانیاریدا بەرجەستە بوو.
پاش ئەوەی کۆرۆنا جیھانی داگرت و ھێزی ئەوەی گرتە دەست تاکو لەسەر ھەموو ئاست و کایەکاندا وڵاتان ناچار بە گۆڕانکاری ریشەیی بکا و بواری پەروەردە و فێرکردنیش یەک لەو بوارانە بوو کە کەوتە ژێر ئەو کاریگەرییەدا, لەمیانی ئەو گۆڕانکارییانەی پەروەردە بەخۆیەوەی سەرھەڵدانی شێوازی نوێی بەدەستھێنانی زانیاری بوو... بەوەش فێربوونی ئەلیکترۆنی بووە دیاردەیەکی ئەکادیمی کە لەدەرەنجامی ئەو پەتایەی کۆڤید نۆزدەدا گەشەی کرد.
لەگەڵ ئەوەی کە قوتابخانە وەکو شوێنگە و لایەنی مەعنەوی بوارێکی پەروەردەیی فراوان لەژیانی نەوەکاندا پێکدەھێنێت، قوتابخانە بەو شوێنە ناوزەد دەکرێ کە قوتابی لەگەڵ ھاوڕێ و ھاوتەمەنەکانی رەفتار و ھەڵسوکەوت دەکات کە لەڕووی رۆشنبیری و بایەخدانەکانیان ھاوشێوەن، ئەوە ھۆکارێکە بۆ دروستبوونی کەسایەتی قوتابی و سەرەڕای ھەڵسوکەوتی لەگەڵ مامۆستا وەکو سەرچاوەی زانیاری یان رێگای بەدەست ھێنانی زانیاری کە ئەوەش ئاسەوار و کاریگەری بەسەر کەسایەتی منداڵدا جێدەھێڵێت.
سەبارەت بە گرینگی و ئامادەیی قوتابی لە قوتابخانەدا, زانایانی وەکو (ئانا فروید) و (دەروونناسی بەریتانی (جۆن بۆلبی) باسیان لەو بابەتە کردووە، و ھەروەھا زانای ئەنسروپۆلۆژیا لە زانکۆی کالیفۆرنیا (سارە بلافەر ھێردی) سەبارەت بە خوێندنی لەدوورەوە وەکو جێگرەوەیەک بۆ خوێندنی نێو ھۆبە دەڵێت: (نازانین کەرەنتینەکردنی منداڵ لەنێو ماڵدا چجۆرە کاریگەرەیەک بەسەر منداڵدا دەکات، ئەو جۆرە تاقیکردنەوە سەختە ھێشتا کاری لەسەر دەکرێ و دەرەنجامەکانی روون نەبووەتەوە). ئەو درێژە بە قسەکانی دەدا و دەڵێت:(منداڵ لەکاتی کەرەنتینەکردن و بەبێ بوونی ھاوڕێ و یاریکردن لەوانەیە چەندین ئاسەواری ھەبێت، بەڵام بۆ زانینی ئەوە بەشێوەیەکی زانستی زۆرکەم توێژینەوە کراون)... بێگومان منداڵەکان دەکەونە ژێر کاریگەری ئەو دۆخە, چونکە باوانیان و تێکڕای کۆمەڵگاش گیرۆدەی دۆخی کۆرۆنان.
سەبارەت بەھەمان بابەت، (جێمس کوان) مامۆستای بواری دەروونناسی لە زانکۆی فیرجینیا بۆچوونی خۆی وەھا دەخاتەڕوو کە ھەڵسوکەوتی نێو قوتابخانە و یاریکردنی منداڵ کاریگەرییەکی زۆری ھەیە و کاردانەوەی بەسەر ئاستی فێربوونیان ھەیە)، بۆیە لە بارودۆخی تەشەنەکردن و زۆربوونی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان و بەدەر لە زیانەکان باس لە سوودەکانی بەکارھێنانی موبایل و تابلێتیش دەکرێ کە دەبێتە ھۆکارێک بۆ بوونی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان قوتابی و مامۆستا ھەروەھا زانیارییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام نۆژەن ئاپدەیت دەبنەوە. ئەوە بێجگە لە بەھەدەرچوونی پارەیەکی زۆری دەوڵەت لە خەرجکردنی بۆ چاپکردنی پەرتووک و میتۆدەکانی خوێندن و لێنووس و پەڕاو و پێنووس و کەڵوپەڵ و پێداویستیەکانی نێو پۆل ...ھتد
(جۆن دێوی) پەروەردەکار و فەیلەسوفی ئەمریکی کە جێپەنجەی بە سیستەمی فێرکردنی نەتەوە یەگرتووەکانی ئەمریکا وە دیارە و ڕۆلی ھەبوو لە دانانی فەلسەفەی پەروەردەی لەو ولاتەدا گوتوویەتی :- (فێرکردن پەیڕەوێکی کۆمەلایەتییە, فێرکردن گەشەسەندنە, فێرکردن ئامادەکاری نیە بۆ ژیان... فێرکردن خودی ژیانە)، لێرەدا ئەگەر دەستەواژەی (فێرکردن پە یڕەوێکی کۆمەڵایەتییە) و مەبەست لێی ئاویتەیی و تێکەڵبوون ھۆکارە, بۆ دروست بوونی پەیوەندی لە نێوان قوتابی و قوتابخانە وەک خێزانێک بێت, ئەوە لێرەدا لە میانەی گۆڕانکاری و ئەپدەیتی نەخوازراوی سەردەمی کۆڕۆنا بە شێوەیەکی چڕتر لەوەی پێشوو پەنا بۆ خوێندنی لە دورەوە براوە, بۆ ئەوەی ئەو بژاردەیە ھەڵگری خەسڵەتەکانی نیمچە واقعی بێت ناوی (فێرکردنی ئەلیکترۆنی کۆمەلایەتی) لێنراوە ھاوشێوەی سۆشیال میدیا و ماڵپەرە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو (فەیسبووک، ئانستاگرام، تویتەر...ھتد) بەڵام ئەوەی پەروەردەیی ھۆکاری فێرکردنە, تەنیا بۆ فێربوونە, کە تەنیا قوتابیان و مامۆستایان لە خۆوە دەگرێت, و شارەزایانی بواری ئەلیکترۆنی داڕێژەرانی سیستەمی فێرکردنی ئەلیکترۆنی پێیانوایە کە بوونی ئەو ماڵپەر و ئاپلیکەیشنە پەروەردەییانە, فەزایەکی گونجاو بۆ قوتابی دەڕەخسێنێت, و زیاتر ھانی دەدات تاوەکو لەگەڵ ھاوڕێ و مامۆستاکانی لە ڕێگەی ئەو ھۆیە کۆمەڵایەتییانە گفتۆگۆ بکات و زیاتر ئاشنای وانە و بابەتەکان بێت.


*بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات
Top