هەڵوێست لەشەڕو ململانێی نێوان براکاندا

هەڵوێست لەشەڕو ململانێی نێوان براکاندا

جیاوازی و شەڕو ململانێی نێوان براکانی کە لە یەک ڕەگەزو خوێنن، لەکۆنەوە هەبوەو کۆتاییشی پێنایەت. هەر لایەکی شەڕکەر خۆی بەخاوەن ماف وە مافخوراوو ستەملێکراو دەزانێت و هەر لایەی لە دیدی خۆیەوە زۆر بە سانایی وە بە ئاسایی دەزانێت هێرش بەرێت و بەرگریش بکات. خۆی لێببێتە فریشتەو وێنای شەیتانیش بۆ بەرامبەرەکەی بنەخشێنێت.

سروشتی شەڕو ململانێکان وایە شیرینیان تێدا نابەخشرێتەوەو زۆرترین زیان بەیەکتر دەگەیەنرێت و هەرچی ڕق و کینە هەیە بەسەر یەکدیدا دەڕژێنرێت، زۆرجاریش بەشێوەی زۆر ترسناک و دڕندانەو قێزەون و بێزراو بەڕێوە دەبرێن.

هەردو لایەنی بەرامبەر یەک وەستاو کە شەڕو ململانێ لە نێوانیاندا هەیە بمانەوێت و نەمانەوێت یەخەی یەکتر دەگرن و هەریەکەیان دەیەوێت پشتی ئەویتر بدا بە عەرزداو ملی بشکێنێ. لەو نێوەدا ئەوانەی کەخۆیان بەبرای هەردولا دەزانن بە بیانوی برایەتیان لەگەڵیانداو نزیکیان لێیانەوە تەنیا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینن و هەر ئاخ هەڵدەکێشن و نەفرەتکەرو سەرکۆنەکەرن، بێئەوەی هەڵوێستێکی کردەیی ئەرێنی بەرامبەر ئەو شەڕو ململانێیە بنوێنن. تاکە هەڵوێستێکی لاوازی کردەیی کە هەنگاوی بۆ بهاوێن زۆرجار تەنیا هەوڵی ئاشتەوایی نیوانیان بووە، بێ دیاری کردنی لایەنی دەستدرێژیکەرو دەستدرێژی بۆسەرکراو یان ستەم کارو ستەملێکراو، بۆیە زۆرجار ئەو ڕۆڵی ئاشتەواییە تەنیا وەک ئازارشکێنێکی کاتی کاری کردووەو نەبۆتە هۆی چارەسەرکردنی ڕیشەییانەو بنبڕکردنی یەکجارەکی کێشەوگرفتەکان. هەرچەندە ئەو هەوڵە ئاشتەواییەش لەجێگەی خۆیدا پیرۆزەو کەمتر جێگرەوەی هەیە.

لە پێناو ڕێگەگرتن لە دووبارە نەبوونەوەو دەستهەڵگرتنی لایەنەکان لە دژایەتی و شەڕی یەکتر پێویستە پەنجە بخرێتە سەر برینەکان و قوربانی و جەللاد تێکڵ نەکرێن و دەستدرێژیکەرو دەستدرێژی لەسەرکراو دیاری بکرێن و هەوڵی گەڕاندنەوەی ماف بۆ مافخوراو بدرێت و سەرکۆنەی ستەمکارو دەستپێشخەریش بکرێت بۆ دووبارە نەبوونەوە یاخود کەمکردنەوەی ئەو شەڕو ململانێیانە. خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا دەفەرموێت( وَإِن طَائِفَتَانِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ اقْتَتَلُوا فَأَصْلِحُوا بَيْنَهُمَا ۖ فَإِن بَغَتْ إِحْدَاهُمَا عَلَى الْأُخْرَىٰ فَقَاتِلُوا الَّتِي تَبْغِي حَتَّىٰ تَفِيءَ إِلَىٰ أَمْرِ اللَّهِ ۚ فَإِن فَاءَتْ فَأَصْلِحُوا بَيْنَهُمَا بِالْعَدْلِ وَأَقْسِطُوا ۖ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ)حجرات ئایەتی ۹ واتە( هەرگا لەناو باوەڕداران دوگرۆ دەگژیەک ڕاچون، ئێوە ئاشتیان بکەنەوە، ئەگەر یەکیان گەرەکی بو ناحەقی لەوی تر بکا، ئێوە دەگژ ئەوە ڕاچن کەهەر دەیەوێ شەڕ بکا، هەتا بۆ فەرمانی خودا مل کەچ دەکا ئەوسا بەبێ لایەنگیری پێکیان بێنن و بە یەکسانی بە کێشەکەیان ڕابگەن. لەو کەسانەی بە یەکسانی پێڕادەگەن خوا خۆشی دێ )
Top