بەسە ئیتر کوشتنی ئافرەت بوەستێنن

بەسە ئیتر کوشتنی ئافرەت بوەستێنن

ھەمان کارەسات لەناو کۆمەڵگا دووبارە دەبێتەوە و بەبیانووی ناشرین بۆ کوشتنی ئافرەت.. ئێمە لە پزیشکی دادوەری مانگانە چەندین کوشتنی بە ناحەقی ئافرەتان بە چاوی خۆمان دەبینین، کە لەسەر دەستی کەس و کاریان ڕوودەدات بەبێ ئەوەی کاردانەوەیەکی ئەوتۆ ھەبیت لەسەر کوشتنیان .
لە کاتی ئێشکگریم بوو شەو درەنگ ئافرەتێک لە ناوەڕاستی تەمەنیدا کە ھێنرایە پزیشکی دادوەری لەلایەن پۆلیس بە پێی وتەی شایەت حاڵەکان لە ماڵی خۆی لە حەمام مێردەکەی لەپیش چاوی مندالەکانی بە چەقۆ کوشتویەتی. کە بەراستی زۆر بە دڕندانە کوشتبووی و زۆر کاری تێمکرد و تەماشای ئافرەتەکەم دەکرد و لە دڵی خۆم دەمگووت (دەبێ رقی چ شتێک وا گەورە بێت، ئەو ئافرەتە وا بەشێوەیەکی دڕندانە بکوژێت).
ئەو ئافرەتە خاوەن منداڵە زۆر بێناز فڕێدرا پزیشکی دادوەری و کەسیش نەھاتە دوای . وەکو پزیشکی دادوەر ی پشکنینی خۆمانمان کرد و راپۆرتمان نووسی...
لێرەدا پرسیارەک دێتە ئارا! ئایا تاکەی کۆمەڵگا وا بمێنێ و تاکەی کوشتنی ئافرەت وائاسان بێت، ئەوە جگە لە کارەساتی کوشتنەکە دوای مردنیشی ئابڕووی دەبەن و باسی دەکەن ناھیلن روحی بحەسێتەوە.
ئەی ئەو کارەساتە جەرگ بڕە کە لەپێش چاوی منداڵەکان ڕوودەدات، دەبێت کاریگەری دەروونی ئەم مندالانە چۆن بێت و باری دەروونیان چی لێبێت...لە داھاتوو چییان لێدەرچێت..
باشە ھەر ھۆکارێک ھەبێت ھەر بیانویەکت ھەبێت فەرموو رێگای دادگا بگرە و بڕۆ لێی جیا ببەرەوە.. تۆ بۆت نەھاتووە کۆتایی بە ژیانی کەسێک بێنی و منداڵ تاھەتایە لە نازی دایکی بێبەش بکەی...
ئەی باشە کە کوشتت کێشەکەت چارەسەر کرد! بە دڵنییاییەوە نەخێر بەڵکو قولتَرت کرد، بەداخەوە بۆ کۆمەڵگایەک کە ئافرەتێک دەکوژێ زۆر بەئاسانی کەسی بکوژ دەڵێت لەسەر شەرەف کوشتم و بە ئازایەتیشی دەزانێت.... دوایی بیر ناکاتەوە ئەو منداڵە بەستەزمانانە لەم کۆمەڵگایە داھاتوویان دەفەوتی، ئەویش بەھۆی ئەو ئابڕوو بردنە ئەوە جگە لەوەی لە سۆزی دایکیان بێبەش دەبن لەناو کۆمەڵگاش بە زەحمەت جێگایان دەبتەوە...ئایا ئێمەی ئافرەت قەرداری ئافرەت بوونمانین؟؟
حەزدەکەم ھەمووان بزانن ئەوە کارێکی نامرۆڤانەیە و کوشتن یان توندوتیژی دژی ئافرەت ئازایەتی نییە، بەڵکو لوتکەی نامرۆڤایەتییە.
وەکو پزیشکیک زۆر کاری تێکردم ئەم بابەتە، من کە ئەو بابەتانە باس دەکەم بەڵکو بتوانین ھەندێک دیاردەی ناشیرینی ناو کۆمەڵگا بگۆڕین.
(ھەر حالەتێک کە باسی دەکەین بەو جۆرە دەستکاری دەکەم کە نەناسرێتەوە تەنھا بەرچاو ڕوونی بیت بۆ کۆمەڵگایەک کە خۆم لەناوی دەژیم و منداڵەکانمان لەناوی گەورە دەبن).

• پسپۆڕی پزیشکی دادوەری و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی
Top