بەهێز کردنی ژێر خانی ئابوری و ئاسایشی خۆراک بەشێکی گرنگی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە
November 3, 2020
وتار و بیروڕا
لە سەرەتای دامەزراندن و دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی رێزدار کاک مەسرور بارزانی، جگە لەوەی کە لە لایەن سەرۆکی حکومەت ئەو کابینەیە بە کابینەی خزمەت کردن ناونرا، هەروەها بەشێکی گرنگی کارنامەی حکومەت کە راگەیندرا، بەهێز کردنی ژێر خانی ئابوری و ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستانی لە خۆ گرتبو.
ئەگەر تەماشای ماوەی رابردوو بکەین لە دەست لەکاربونی کابینەی نوێ و تا ئێستا، لە رووی کارو خزمەتەکانی حکومەت، ئەوەمان بۆ روون و ئاشکرا دەبیت کە بە کار و کردار بەڵێنەکان جێ بە جێ کراون و حکومەت بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەستاوە، ئەوەش سەلمێندراوە کە کابینەی خزمەتکرنە، سەرەرای ئەو هەموو کۆسب و تەگەرەکانی بەردەم حکومەت بە تایبەن لە رووی داهات.
لە تەواوی سیکتەرەکان و بە پێی پلان و بەرنامە کارێکی دارێژراو خزمەت کراوە و دەکرێت، بگرە لە کەرتی رێگا ووبان و تەندروستی و پەروەردە و پیشەسازی و وزە و کشتوکال.
بە پێی ئەو زنجیرە مەودایەی کە پرۆژەکان دەکەونە بواری جێ بە جێ کردنەوە، ئەوەمان بۆ دیار دەبیت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی پلانێکی ستراتیجی ئابوری کار دەکات، هەر پرۆژەیەک تەواوکەری بەشێکی ئەو پلانەیە و رێخۆشکەرە بۆ پرۆژەی دواتر.
هەروەها حکومەتی هەرێم چاوی لەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە مەودایەکی دیاری کراو دا بتوانیت بگاتە ئاستی خۆ تێر کردن « الاکتفاء الذاتي» .
ئەگەر ئەوە بزانین کە خاکی کوردستان خاکێکی بە پیت و خێرو بەرەکەتە، بە کەش و هەوا گونجاوەکەی توانای بەرهەم هێنانی تەواوی بەرهەمە کشتوکالیەکان هەیە، وە بەو ئاستەی کە پێشبینی دەکرێت لە بەرهەم هێنانی کشتوکالی ناوخۆیی، ئەوە دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان نەک بەس دەتوانیت بەرهەمی کشتوکالییەکانی بو تێرکردنی ناوخۆیی دابین بکات، یان هەناردەی ناوچەکانی تری عیراق بکات، بەڵکو لە توانادا دەبیت هەرێمی کوردستان ببیتە سەبەتەیەکی خۆراک بۆ ناوچەکە بە گشتی.
لە هەمان کات دا ئەم بەرهەمانە جارێکی تر دەبنە سەرچاوە بۆ کەرتی پیشەسازی وەکو کارگەکانی قوتوبەندی و دانەوێڵە، جگە لەوەی هەڵی کاربۆ هەزاران کەس دابین دەکات.
بەدەست هێنانی ئەم ئامانجە نەک تەنها ئابوری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت، بەلکو هێزێکی ئابوری فەراهەم دەکرێت،کە دەبیتە بەشێک لە بناغەی ئابوری گشتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی خۆراک، کە یەکێکە لە بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی.
ئەمەش جارێکی تر پێکەی جیوسیاسی و ئابوری هەرێم لە ناوچەکە بەهێز دەکات، کە دەبێتە هۆی پێکەی هەرێمی کوردستان لە رووی هاوپەیمانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان فراوانتر و بەهێز تر بن.
تەنها بۆ بیر ئینانەوە، پێش چەند مانگێک پێشنیارێک مان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو، لە بارەی گرنگی دان بە کەرتی کشتوکال و پیشەسازی، کە هەمان ئامانجەکانی سەرەوەمان تێدا دیار کردبوو.